ماوەیەكی كەم پێش رووخانی رژێمەكەی، سەرۆكی سودان عومەر بەشیر پەرەی بە پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی دا لەگەڵ توركیا. ئاستی پەیوەندییەكە گەیشتە ئەو رادەیەی كە سودان ئامادە بوو دورگەی سەواكن بە كرێ بدا بە توركیا، بۆ ئەوەی بنكەیەكی سەربازیی لێ دامەزرێنێ. ئەم رووداوە مایەی نیگەرانی چەندەها ئەكتەری ناوچەیی و نێودەوڵەتی بوو كە نەیاندەویست توركیا پەل بهاوێتە ئەفریقیا و جێ پێیەك بۆ خۆی لەسەر دەریای سوور پەیدا بكا. بەڵام رووخانی بەشیر پرۆژەكەی توركیای لەبار برد.
ئەوەی بۆ عومەر بەشیر نەچووە سەر، ئەستەمە بۆ فایز سەراجی سەرۆكی حكومەتی لیبیا بچێتە سەر و ئەستەمە ئەكتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان لێ بگەڕێن لیبیا ببێ بە بنكەیەكی پێشكەوتووی توركیا.
رێكەوتنی ئەم دواییەی توركیا – لیبیا بووە مایەی نیگەرانی زۆر لایەنی نێودەوڵەتی لەوانە ئیسرائیل، قوبرس، یۆنان، میسر، فەرەنسا، یەكێتیی ئەوروپا و ئەمریكا. مەسەلەكە مەسەلەی ئەوە نییە كە رێكەوتنەكە توركیای كردۆتە ئەكتەرێكی كارا لەسەر نەخشەی گازی سروشتی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، چونكە لە هەر دیاریكردنێكی سنووری دەریاییدا توركیا هەر ئەو پێگەیەی بەدەست دەهێنا، بەڵكو مەسەلەكە دوو دیوی هەیە كە بۆ نەیارانی توركیا مایەی نیگەرانین. یەكەم، رێكەوتنەكە بەوەی كە نزیكەی نیوەی ئاوی دەریای ناوەڕاستی بە توركیا داوە، دەرگای بە رووی هەر پرۆژەیەكی گواستنەوەی گازی لە ئیسرائیل و میسرەوە بۆ ئەوروپا، بەبێ رەزامەندیی توركیا، داخستووە.
دووەم، توركیا تاكلایەنە سنووری دەریایی خۆی لەگەڵ قوبرس و یۆنان دیاری كردووە، كە ئەمەش بۆتە مایەی نیگەرانیی یەكێتیی ئەوروپا.
لە سەرێكی ترەوە و دوور لە مەسەلەی دیاریكردنی سنووری دەریایی و ناوچەكانی وەبەرهێنانی گازی سروشتی، توركیا و لیبیا رێكەوتنێكی ئەمنییان لەگەڵ یەكتری واژۆ كردووە كە هەردوولای كردۆتە هاوپەیمانی یەكتری و دەرفەتی بە توركیا داوە، لە كاتی پێویستدا، تەنانەت بەبێ ئاگاداركردنەوەی حكومەتی سەراجیش، سوود لە كایەی ئاسمانی و سنووری دەریایی لیبیا وەرگرێ.
واژۆكردنی رێكەوتننامە لەگەڵ حكومەتی سەراج لەم هەلومەرجەی ئێستا، رەنگە گەورەترین هەڵەكانی توركیا بێ، پاش دەستێوەردانی سوپایی لە باكووری سوریا. لیبیا بە پێچەوانەی سوریاوە، هاوسنوور نییە لەگەڵ توركیا. بۆیە دەستێوەردانی توركیا لە لیبیا، زۆر گرانتر لەسەر توركیا دەكەوێ. ئەمە یەك. دوو، هەرچەند حكومەتی سەراج دەستی بەسەر تەرابلوسی پایتەختدا گرتووە، بەڵام زۆربەی ناوچەكانی تری لیبیا لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی سەراجدان. لێدوانی راشكاوانەی بەرپرسانی توركیا لەسەر بەرزترین ئاست سەبارەت بە ئامادەیی توركیا بۆ ناردنی هێز بۆ لیبیا، بە مانای درێژكردنەوەی دەسەڵاتی توركیا دێ بۆ ئەفریقیا. ئەمەش شتێكە مایەی قبوڵ كردن نییە، بە تایبەتی لە لایەن میسر و ئیسرائیلەوە.
لیبیا بۆ میسر قوڵایی ستراتیجییە. میسر ناتوانێ بە پەرەسەندنی دەسەڵاتی توركیا لە لیبیا رازی بێ. بۆ میسر، هیچ شتێك لەوە ئاسانتر نییە كە پشتگیریی هێزەكانی جەنرال حەفتەر بكات و حكومەتەكەی سەراج بخاتە تەنگانەوە. لە راستیشدا، ئەگەر توركیا پشتیوانی لە سەراج بكات، بە دڵنیاییەوە میسریش پشتیوانی لە حەفتەر دەكات. شەڕی ناڕاستەوخۆی نێوان میسر و توركیا لەسەر خاكی لیبیا دەستیپێكردووە. نۆ مانگە هێزەكانی حەفتەر سەركەوتنێكی گەورەیان لە دەوروبەری تەرابلوس بەدەست نەهێناوە. بەڵام پاش راگەیاندنی رێكەوتنی توركیا – لیبیا، هێزەكانی حەفتەر بە شێوەیەكی كتوپڕ سەركەوتنی زۆر گەورەیان بەدەست هێنا. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە میسر چەكی پێویستی بۆ هێزەكانی حەفتەر دابین كردووە و رەنگە پسپۆڕی سوپاییشی بۆ ناردبێ.
لە بەرامبەردا، هەواڵ هەیە كە توركیا چەكی بۆ تەرابلوس ناردووە. هەر لەم بارەیەوە هێزەكانی حەفتەر خستنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی توركیایان لە عێن زارە لە دەوروبەری تەرابلوس راگەیاند، كە دەستكردی كۆمپانیای سەلجووك بەیرەقدارە.
پشتیوانیی میسر بۆ هێزەكانی حەفتەر زۆر لە پشتیوانی توركیا بۆ هێزەكانی سەراج كاریگەرتر دەبێ، چونكە ناردنی چەك لە میسرەوە بۆ لیبیا كاتێكی زۆری ناوێ، لە كاتێكدا گەیاندنی چەك لە توركیاوە بۆ تەرابلوس لانی كەم پێویستی بە بڕینی 1600 كیلۆمەتر هەیە. ئەگەر توركیا فریای تەرابلوس نەكەوێ، ئەستەمە هێزەكانی سەراج بۆ ماوەیەكی زۆر بتوانن بەرگری بكەن.
ئامانجی كۆتایی ستراتیجی پیشتیوانی كردن لە حەفتەر، تەنگهەڵچنین نییە بە حكومەتی سەراج لە تەرابلوس، بەڵكو ئامانجەكە رووخاندنی ئەو حكومەتەیە. میسر هیچ لە درێژەكێشانی شەڕ لە لیبیا قازانج ناكا. بە شێوەیەكی گشتی، هەموو ئەوانەی كە دژی رێكەوتنی توركیا – لیبیان، تەنها بە هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنەكە لەلایەن لیبیاوە یان بە رووخاندنی حكومەتی سەراج ئامانجەكانیان بەدی دێنن. بەڵام تا ئێستا هیچ ئاماژەیەك بۆ ئەوە نییە كە حكومەتی سەراج بیر لە هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنەكە دەكاتەوە.
بژاردەكانی بەردەم توركیا، تەنها ئەم سێ بژاردەیەیە: ئەگەر دەستێوەردانی توركیا لە لیبیا لە سنووری ناردنی چەك بۆ حكومەتی سەراج نەترازێ، تێوەگلانی ئەنكەرە سنوورداتر دەبێ و رەنگە ببێ بە مایەی درێژەكێشانی شەڕ. بەڵام توركیا ناچار بێ سیناریۆی باكووری سوریا لە لیبیا دووبارە بكاتەوە و هێزێكی گەورەی زەمینی بۆ لیبیا بنێرێ، تێوەگلانەكەی مەترسیدار دەبێ و ئەمە زۆر لەسەر توركیا و ئابوورییەكەی دەكەوێ و لەسەر ئاستی ناوخۆش رەنگدانەوەی خراپی دەبێ، چونكە شەقامی توركیا كە بە پاساوەكانی ناردنی هێز بۆ باكووری سوریا لە سۆنگەی هۆی ئەمنییەوە پەسەند كردووە، ئەستەمە ناردنی هێز بۆ وڵاتێكی دووری وەك لیبیا پەسەند بكات.
ئەگەرێكی سێیەم هەیە كە پەیوەندیی بە رێكەوتنەكانی ئەم دواییەی ئەستانەوە هەیە. لە ئەستانە ئێران و روسیا و توركیا لەسەر پاكتاوكردنی گروپە چەكدارەكانی ئیدلب رێك كەوتن. ئەمەش بەم مانایە دێت كە توركیا جگە لەوەی كە رازییە بە گەڕانەوەی ئیدلب بۆ باوەشی رژێمی سوریا، ئامادەشە هیچ بەربەستێك لە بەردەم پێشڕەوییەكانی سوپای رژێمی سوریا دروست نەكات. بۆیە لێرەدا گروپە چەكدارەكان لە نێوان لەناوچوون و گواستنەوە بۆ ناوچەیەكی تر، رەنگە بە بەجێهێشتنی ئیدلب و جێگیربوون لە ناوچەیەكی تر پەسەند بكەن. ئەو ناوچەیەش دەشێ تەرابلوس بێت. لێرەدا توركیا هەم گروپە چەكدارەكانی ئیدلب لە فەوتان رزگار دەكا و هەم بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی حەفتەر لە دەوروبەری تەرابلوس بەكاریان دێنێ. هەڵبژاردنی هەر یەكێ لەم بژاردانە قورسە، بەڵام لە كۆتاییدا توركیا هەر دەبێ بڕیار بدا. شكستی توركیا لە لیبیا زۆر گران لەسەری دەكەوێ و رەنگدانەوەی خراپی هەم لەسەر رێكەوتنە واژۆكراوەكە دەبێ هەم لەسەر شەقامی توركیا. بۆیە پێشبینی دەكرێ توركیا تا كۆتایی بەرگری بكا و هەوڵی بەدەستهێنانی دەستكەوت بدات. لە بەرامبەردا، ئەگەر توركیا بە سەرفرازی لەم نەبەردە دەرچێ، جیهان هەر ئەوەی بۆ دەمێنێتەوە كە وەك گەورەترین زلهێزی ناوچەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا مامەڵەی لەگەڵدا بكا.