نۆرەی پەیڕەوێكی تازەو نۆبەتی پڕۆگرامێكی هاوچەرخە
نۆرەی پەیڕەوێكی وایە لەگەڵ ئیستحقاقی سەدەی بیست و یەك و ئەركە تازەكانی یەكێتی لەكایەی حزبایەتی و كوردایەتی و دیموكراتیدا، بگونجێت.
وا لیژنەی پەیڕەو و پڕۆگرام مژدەی پەیڕەو و پڕۆگرامی نوێی دا و بڕیارە بیخاتە بەردەم ئیرادەی هەڤاڵانی چوارەمین كۆنگرەوە بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لێبدەن.
گفتوگۆی ناو كۆنگرە لەسەر پەیڕەو و پڕۆگرامی تازە گەرم و گوڕ دەبێ، لە ژووری گفتوگۆی لیژنەی پەیڕەو چێشتەكە دەكوڵێنین و لەناو هۆڵی گشتیشدا بڕگە بڕگە، پەسەندی دەكەین.
بەقەولی مامۆستا گۆرانی شاعیر: ئەمانە هەمووی گرنگن، رۆشنكەرەوەی رێگای یەكێتین، بەڵام تەبیعەتی ژیانی حزبایەتی هەرگیزاو هەرگیز بێ رووناكییە، بێ بزەی ئازیز و هەڤاڵانی وەفاداری ئەو پەیڕەو و پڕۆگرامە.
جا بۆیە پەیڕەوی ئەمجارە بە برژانگی چاو دەینووسینەوە، نابێ لێی غافڵ بین و پێشێلی بكەین. پڕۆگرامی ئەم كەڕەتە بە مەرەكەبی خەم و خەفەتی چەند ساڵی رابردوو رەنگڕێژی دەكەین تا لەسەر چەپكەگوڵی سەركەوتن خەومان لێنەكەوێت و بە موو لێی لا نەدەین و.. لێی لا نەدەن.
نۆبەتی پەیڕەوكردنی پەیڕەوە بەسەر هەموواندا: فەقیر و فوقەرا، ئەمیر و ئومەرا. بەسەر هەموو هەڤاڵاندا كە هەمووان لە بنچینەدا هەڤاڵین و .. هەڤاڵ هەڤاڵ یەكێتی پێكدێنین.
نۆرەی پەیڕەوێكە لە وادەی خۆیدا بنووسرێ و لە وادەی خۆیدا پەسەند بكرێت و لەوادەی خۆیدا جێبەجێبكرێت كە هەموو وادەیەك بۆ جێبەجێكردن دەشێت.
نۆبەتی پابەندبوونە بە پڕۆگرامێك لادانی كاتی تێدا نەبێ، پڕۆگرامی مافی چارەنووس بێت نە كەم و نە زیاد، نە ناوچەگەری و نە سۆپەر نەتەوەیی بێت. بەڵكو هی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت.