فەرید ئەسەسەرد

لاپەڕەیەكی تری قەیرانی ناڕەزایەتییەكانی عیراق

  2019-12-09 17:03      376 جار بینراوە        کۆمێنت

بۆردومانكردنی بارەگای موقتەدا سەدر لەلایەن فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانەوە، رووداوێكی ئاسایی نییەو ئاماژەیە بۆ پێشهاتی گەورە لەقەیرانی عیراقدا. ئەمە بەم مانایە دێت كە ئەو تیۆرییەی پێیوایە هەموو یارییەكە هەر لە دەستپێكەوە دەستی سەدری تێدایە، خەریكە لایەنگرانێكی زۆر پەیدا دەكا. دەستەبژێری سیاسی عیراق هەست بە مەترسی دەكا و لەناو ئەو دەستەبژێرەدا خەریكە شیعەكان هەست بەوە دەكەن كە دەسەڵاتیان لەق بووە و ئەگەر بە ساكاوی دەستەوسان بمێننەوە، رەنگە دەستكەوتە گەورەكانیان لە دەست بدەن. هەروەها ئێرانییەكان وای دەبینن كە قەیرانەكەی عیراق هێڵە سوورەكانی بەزاندووەو خەریكە كاریگەریی گەورە لەسەر بەرژەوەندییەكانیان دروست دەكا. دیمەنەكە هەمووی بەسەر یەكەوە، ئەوەی لێ پێشبینی دەكرێ كە گەڕێكی دیكەی دژواری قەیرانەكە بەڕێوەیە.
شیعەكان بەو چاوە سەیری سەدر دەكەن كە لاسارییەكانی زیانبەخشن و دەبێ سنوورێكی بۆ دابنرێ، بەتایبەتی پاش هێرشكردنە سەر گۆڕستانی بنەماڵەی حەكیم لە نەجەف و سووتاندنی كونسوڵگەریی ئێران.
هەفتەی رابردوو سەدر بەتۆنێكی تر قسەی دەكرد. لەسەرەتای خۆپیشاندانەكاندا بە ((كۆ)) قسەی دەكرد، بەڵام ئێستا ((من)) لەقسەكردندا زۆر بەكار دەهێنێ. لەڕەوتی گەڕاندا بەدوای سەرۆك وەزیرانێكی تازە بۆ جێگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەدر رایگەیاند ((من رێگا نادەم گەندەڵەكان بە جلوبەرگێكی تازەوە بگەڕێنەوە)). لێرە تێبینی ئەوە دەكرێ كە ئەو لەو لێدوانەدا وەك بڕیاردەرو رابەر قسە دەكا. هەروەها پاش زیادبوونی رەخنە لە بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەكان پاش دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی، رایسپارد لەسەر زاری ئەو بڵاوی بكەنەوە كە ئەو بەخۆپیشاندەران دەڵێ ((بگەڕێنەوە بۆ ماڵەكانتان و خۆپیشاندان مەكەن))، هەروەك هەڕەشەشی كرد كە ئەگەر بەردەوام بن لەسەر خۆپیشاندان، ئەو پشتیوانییان لێ ناكا. پەیامەكە روونە. ویستی ئەو پەیامە بەهەمووان بگەیەنێ كە ئەو تاكە كەسە بتوانێ كۆتایی بەخۆپیشاندانەكان بهێنێ و دەریچەیەك بۆ قەیرانە درێژخایەنەكە بدۆزێتەوە.
لە تەك سەدردا، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق حەیدەر عەبادیش سەرگەرمی قۆستنەوەی قەیرانەكەیە بۆ خۆدەرخستن و گەڕانەوە بۆ سەر شانۆ. عەبادی لەهەوڵێكدا بۆ بەدەستهێنانەوەی باق و بریق، دەستپێشخەرییەكی دە خاڵیی راگەیاندو تێیدا داوایكرد ئەركی پێكهێنانی كابینەی تازە بەكەسێكی ((سەربەخۆ)) بسپێردرێ و دەبێ كابینەكە نوێنەرێكی خۆپیشاندەرەكانی وەك ((یاریدەدەر)) تێدا بێ. لەو لاشەوە نوێنەرێكی فراكسیۆنەكەی سەدر لەئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند كە فراكسیۆنی سائیرون كە گەورەترین فراكسیۆنی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقە، دەستبەرداری ((ماف))ی خۆی دەبێ و كەس بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت كاندید ناكات و لەم رووەوە رستەیەكی تەماویی بەكارهێناو وتی ((كاندیدی گەل بژاردەی ئێمەیەو پێویستە لەسەر سەرۆك كۆمار ئەوە لەبەرچاو بگرێ))، لەو لاشەوە وتی لەمەسەلەی دانانی سەرۆك وەزیرانی تازەدا گەل (نەك ئەنجومەنی نوێنەران) بڕیار دەدا.
هەر دوابەدوای ئەم لێدوانە، جەواد موسەوی لەڕاگەیەندراوێكی كورتدا رایگەیاند كە سائیرون سەرۆك كۆمار ئاگادار دەكاتەوە كە دەستبەرداری ((مافی)) خۆی بووەو كەس بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت كاندید ناكا، بەڵام ((رەزامەندە بەو كاندیدەی كە گەل هەڵیدەبژێرێ)). لێرەش روون نەكرایەوە گەل چۆن سەرۆكی حكومەت هەڵدەبژێرێ، لەكاتێكدا ئەم ئەركە بە ((گەل)) نەسپێردراوە، بەڵكو بەپێی دەستوور بەنوێنەرانی گەل لەئەنجومەنی نوێنەران سپێردراوە. ئێستا پاش ئەوەی خۆپیشاندانەكان یەكێ لەسەرەكیترین داخوازییەكانیان بەدیهێنا كە دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدییە، سەدر دەترسێ كارتەكانی فشار لەدەست بداو هیچ قازانج لەهێوربوونەوەی دۆخەكە نەكات. بۆیە لەبری ئەوەی بڵاوە بەخۆپیشاندانەكان بكا، خۆپیشاندانەكانی لەئاستێكی دیاریكراودا هێشتەوە بۆ ئەوەی كارتی شەقام لەدەست نەدا.
بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەكان عیراق بەرەو هەرەسی ئابووری و تەشەنەسەندنی قەیرانی سیاسی دەبا و تەنانەت هەڕەشەی شەڕی ناوخۆشی لێ دەكەوێتەوە. ئەمەش رژێمی سیاسی ناچار دەكا ئاستی بەكارهێنانی توندوتیژی بۆ كۆتاییهێنان بە ناڕەزاییەكان بەرەو هەڵكشان ببا. لێرەدا سەدر هەڵەیەكی گەورەی كرد، چونكە داوای لەهێزە چەكدارەكانی خۆی كرد ((بەرگری)) لەخۆپیشاندەران بكەن. لەو ماوەیەدا سەدر لەسایەی دیاردەی هەرەسهێنانی دەوڵەت لەهەندێ پارێزگادا، زۆر گروپی چەكداری دروستكرد. لەمەوبەریش ((سوپای مەهدی))ی دروست كردبوو. پاش هەڵوەشاندنەوەی ئەو سوپایە، گروپی دیكەی بەناوی سەرایای دیفاع دروستكرد. ئەمەش نیشانی دەدا كە سەدر وەك دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا هەڵسوكەوت دەكا.
ئەو هەلەی بۆ سەدر هەڵكەوتووە بۆ دەركەوتن وەك كەسی یەكەمی عیراق و شڵەژانی دامودەزگاكانی دەوڵەت، دەمێكە سەدر چاوەڕێی دەكات. بەڵام یاری بەكارهێنانی شەقام بۆ رووخاندنی حكومەت، یارییەكی مەترسیدارەو ئەنجامەكانی بەئەستەم كۆنترۆڵ دەكرێن. جگە لەوە، ئەم یارییە كاتێك هێڵە سوورەكان دەبەزێنێ، دەشێ توندترین كاردانەوەی لێ بكەوێتەوە. بۆردومانكردنی بارەگاكەی سەدر بەفڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، نموونەیەكی زیندووی ئەو كاردانەوە توندانەیە.

 

وتاری زیاتر








یاریكردن بەكارتی حزبی بەعس‬ فەرید ئەسەسەرد
2021-02-22 19:15      248 جار بینراوە



عەللاوی و كابینەكەی‬ فەرید ئەسەسەرد
2020-02-17 17:54      459 جار بینراوە






كوردو په‌یمانی ناتۆ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-11-11 18:05      488 جار بینراوە







ئیسرائیل بەرەو پاشاگەردانی ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-09-23 16:50      440 جار بینراوە



نەوت و قەرزەكان‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-07-29 16:07      378 جار بینراوە




نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو