هەر لە سەرەتاوە پێشبینی دەكرا عادل عەبدولمەهدی چوار ساڵەكەی خۆی پێ تەواو نەكرێ، خۆیشی هەمیشە دەیوت دەست لەكاركێشانەكەم لە گیرفانمدایە.
دەست لەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی بە مانای كۆتایی هاتنی قەیرانەكە نایەت. بە پێچەوانەوە، رەنگە دەست لەكاركێشانەوەكە ببێ بە مایەی كردنەوەی دەرگا بە رووی قەیرانی تردا و رەنگە كێشەی گەورەتری لێ دروست ببێ.
هەر ئەوەندە عەبدولمەهدی رایگەیاند كە بڕیاریداوە دەست لەكاربكێشێتەوە، شەقام و ئەوانەی لە پشت شەقامەوەن بانگەشەیان بۆ ئەو تیۆرییە كرد كە دەبێ سەرۆك وەزیرانی داهاتوو لە رێی راپرسییەوە هەڵببژێردرێ. ئەم بانگەشەیەش لە ناوەڕۆكدا ئاماژەی مەترسیداری تێدا دەبینرێ و لە ناوەڕۆكدا بە مانای تێپەڕاندنی دەستوور و ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكی كۆمار دێت. بەپێی دەستوور، هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران رێسای تایبەتی خۆی هەیە و پرۆسەكە بە هاوبەشی لە نێوان سەرۆكی كۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوە دەچێ. بەم پێیە، هیچ بوارێك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران لە رێی راپرسییەوە نییە.
ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێ لە ماوەی 30 رۆژدا مەسەلەی یەكلاكردنەوەی كابینەی تازە یەكلابكاتەوە. رەنگە دانانی سەرۆك وەزیرانێكی تر و پێكهێنانی كابینەیەكی تازە ئاسانترین كار بێ لە پرۆسەكەدا. كێشەكە لەوەدایە كە بارودۆخەكە زۆر ئاڵۆز بووە و بە كردەوە بۆشایی دەسەڵات لە چەندەها پارێزگا پەیدابووە و دەوڵەت بە مانای وشە شڵەژاوە و تا سەقامگیر دەبێتەوە، كار و كاتێكی زۆری دەوێ.
لە لایەكی ترەوە، چارەنووسە خراپەكەی عەبدولمەهدی و كابینەكەی، دەشێ ببێ بە مایەی سەرهەڵدانی دیاردەیەكی تر، ئەویش هەڵكشانی پۆپۆلیزم و پاشاگەردانییە، بە جۆرێك كە لە كۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران ببێتە قاوغێكی بەتاڵ و دەسەڵاتی دەركردنی بڕیار لە دەست بدا و شەقام نەك دەوڵەت ببێتە دەزگای دروستكردنی بڕیاری راستەقینە. ئەمەش رەنگە رێ بۆ سەرهەڵدانی دیكتاتۆریا پۆپۆلیستییەكەی شەقام خۆش بكات. لە قۆناغی داهاتوودا شمشێری شەقام بەسەر سەری كابینەی تازە و ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەبێ و لە ئەنجامدا تەواوی دەوڵەت دەكەوێتە ژێر هەژموونی شەقامەوە كە ئەویش لە رووی كردارەكییەوە بە مانای پاشاگەردانی و لەدەستدانی هەیبەتی دەوڵەت دێت.
لە دوایین لێدوانیدا، موقتەدا سەدر رابەرە دیارەكەی شیعەكان، داوای پێكهێنانی كابینەیەكی تازەی كرد كە هەموو وەزیرەكانی بە سەرۆك وەزیرانیشەوە تەكنۆكرات بن و هیچ حزبێك نوێنەری تێدا نەبێ. ئەم پرۆژەیە، ئەگەر سەركەوتوو بێ، تێكڕای سیستمی حزبایەتی لە عیراق هەڵدەتەكێنێ و تەواوی دەستەبژێری سیاسیی عیراق پەراوێز دەخات. ئەم پلانە نیشانی دەدا كە مەسەلەكە هەر لە سەرەتاوە سەدری لە پشتەوە بووە. هەرچەند عەبدولمەهدی پلانێكی نایابی بۆ چاكسازی راگەیاندبوو، بەڵام پێدەچێ مەسەلە گرنگەكە لەلای سەدر مەسەلەی چاكسازی نەبووبێ، بەڵكو مەسەلە سەرەكییەكە لەكارخستنی عەبدولمەهدی و هەڵوەشاندنەوەی حكومەتەكەی بێـت. وەك دەردەكەوێ، سەدر دەیزانی ئەنجامدانی چاكسازی لەسەر دەستی عەبدولمەهدی، هیچ قازانجی بۆ پلانەكەی نابێ. هەر بۆیە لە سەرەتاوە تا كۆتایی پێی لەسەر لێخرانی عەبدولمەهدی داگرت. ئێستا، دوای ئەوەی كە پلانەكەی سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێنا، سەدر وەك تاكە رابەری عیراق، بە پشت بەستن بە هێزی شەقام، رەفتار دەكا. بە دڵنیاییەوە سەرۆك وەزیرانی داهاتوی عیراق بەبێ رەزامەندیی سەدر لێپرسراوێتییەكە وەرناگرێ و لە هەر هەڵبژاردنێكی پێشوەختدا لیستی سەدر و لایەنگرەكانی، زۆرینەی رەها بەدەست دێنێ.
هەرچەند هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەوە نییە كە حكومەتی تەكنۆكرات دەتوانێ چارەسەر بۆ هەموو كێشەكانی عیراق بدۆزێتەوە، بەڵام سووربوونی سەدر لەسەر ئەم جۆرە حكومەتە، تەنها بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەدر دەیەوێ هیچ دەرفەتێك بۆ بەهێزبوونەوەی دەستەبژێری سیاسیی عیراق نەهێڵێتەوە.
مایەی تێڕامانە كە خۆپیشاندانەكان لە عیراقدا بە دروشمی لەناوبردنی گەندەڵی دەستیان پێ كرد، كەچی رەوشەكە بە لێخرانی سەرۆك وەزیرانێك كۆتایی هات، كە هیچ تۆمەتی گەندەڵیی لەسەر نییە. بژاردەكانی بەردەم عیراق پاش دەست لەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی بژاردەی سەختن و هێشتا زۆری ماوە ئەوەمان بۆ دەركەوێ كە قۆناغی پاش عەبدولمەهدی سەقامگیرتر و خزمەتگوزارتر دەبێ.