دووشه‌ممه‌ی رابردوو دوانزه لایه‌نی سیاسی لە‌عیراقدا دیكۆمێنتێكی سیاسی‌یان له‌به‌غدا واژۆ كرد به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ده‌ریچه‌یه‌ك بۆ ده‌رچوون له‌و قه‌یرانه‌ی كه عیراقی تێكه‌وتووه. هه‌رچه‌ند دوو لایه‌نی كوردی، كه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانن، دیكۆمێنته‌كه‌یان واژۆ كردووه، به‌ڵام له میدیاكانیاندا كه‌مترین ئاماژه‌یان به‌م دیكۆمێنته داوه.
دیكۆمێنته‌كه كه له‌ده‌وروبه‌ری 700 وشه پێكدێ، پابه‌نده به‌ئه‌نجامدانی چاكسازی ((ریشه‌یی)) له‌ده‌وڵه‌تداو پێ له‌سه‌ر ((پاراستنی ده‌وڵه‌ت)) داده‌گرێ و له‌ناورۆكدا بناغه بۆ گرێبه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی تازه لەعیراق داده‌نێ كه جێی گرێبه‌سته‌كه‌ی ساڵانی 2004 و 2005 ده‌گرێته‌وەو ده‌شێ لەهه‌ندێ رووه‌وه پێشكه‌وتووترو گونجاوتر بێ.
ئه‌مه‌ش به‌م مانایه دێ كه جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی دیكۆمێنته‌كه یاخود لانی كه‌م به‌شێكی، سه‌ره‌تای هاتنه ئارای عیراقێكی تره كه چیتر ناتوانێ پشت به گرێبه‌سته‌كه‌ی پێشوو ببه‌ستێ. هه‌روه‌ها ئه‌مه به‌م مانایه‌ش دێ كه پوكانه‌وه‌ی گرێبه‌سته كۆنه‌كه، ده‌بێته هۆی لاوازكردن یان بێلایه‌ن كردن یان كاڵكردنه‌وه یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو پێدراوه‌كانی گرێبه‌ستی پێشوو، له‌وانه ده‌ستوور، سازان، یاساكان، په‌یكه‌ری په‌یوه‌ندییه سیاسیه‌كان،… هتد.
دیكۆمێنته‌كه به ئاشكرا باس له گرێبه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ناكا، به‌ڵام ده‌قه‌كانی به دوای گرێبه‌ستێكی تازه‌دا ده‌گه‌ڕێن كه له گرێبه‌ستی پێشوو سه‌قامگیرتر و دینامیكیتر بێ. ئه‌م ئامانجه له دیكۆمێنته‌كه به شێوه‌ی ((په‌ره‌پێدانی سیستمی سیاسی)) گوزارشتی لێ كراوه. ئه‌وه‌ی له دیكۆمێنته‌كه‌دا سه‌رنج راده‌كێشێ ئه‌وه‌یه كه هه‌وڵ دراوه شه‌قامی ناڕازی و تووڕه و ده‌سته‌بژێری سیاسیی چاكسازیخواز بخرێنه ناو یه‌ك چوارچێوه‌وه، به تایبه‌تی كه دیكۆمێنته‌كه وای داناوه كه ((ناڕه‌زاییه‌كان)) (شه‌قام) و ((بزووتنه‌وه‌ی چاكسازیخواز)) (حكومه‌ت) ره‌نگدانه‌وه‌ی ((گۆڕانێكی گرنگن)) له عیراقدا. له‌م روانگه‌یه‌وه، دیكۆمێنته‌كه ره‌وایی ته‌واو به ناڕه‌زایی شه‌قام ده‌دا و ده‌وڵه‌ت به ((خزمه‌تكار و خزمه‌تگوزار و پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان)) ده‌داته قه‌ڵه‌م.
لایه‌نه سیاسییه‌كان له دیكۆمێنته‌كه‌دا له‌سه‌ر ئه‌وه رێكه‌وتوون كه په‌له له ده‌ركردنی ژماره‌یه‌ك یاسا بكه‌ن كه ساڵانێكه خۆیان له ده‌ركردنیان ده‌دزنه‌وه و به گرنگیان نازانن. له‌وانه، یاساكانی دادگای فیدراڵ، ئه‌نجومه‌نی فیدراڵ، ئه‌نجومه‌نی ئاوه‌دانی، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، وه‌زاره‌ته‌كان، نه‌وت و گاز.
هه‌روه‌ها هه‌وڵ ده‌درێ ژماره‌یه‌ك یاسا هه‌موار بكرێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی باشتر گوزارشت له پێداویستییه‌كان بكه‌ن، له‌وانه هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن.
له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا زۆرتر گرنگی به‌وه دراوه كه یاساكه به جۆرێك هه‌موار بكرێته‌وه كه هه‌لی ((یه‌كسان)) بۆ كاندیده سه‌ربه‌خۆكان و لیسته سیاسییه‌كان دابین بكات. به‌ڵام ره‌نگه ئه‌م هه‌مواركردنه هیچ مانایه‌كی نه‌بێ، چونكه سیستمی هه‌ڵبژاردن له عیراقدا له‌سه‌ر بنه‌مای لیست دامه‌زراوه نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای كاندیدی سه‌ربه‌خۆ، به ره‌چاوكردنی ئه‌وه‌ی كه یاسای هه‌ڵبژاردن پێویستی به هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌كی قوڵتره.
په‌یوه‌ند به‌م مه‌سه‌له‌یه، ده‌شێ رێكه‌وتنی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن بایه‌خێكی زۆری هه‌بێ، چونكه ئه‌و كۆمسیۆنه به كرده‌وه سه‌ربه‌خۆ نه‌بووه و هه‌میشه له ژێر كاریگه‌ریی لایه‌نه ده‌ستڕۆیشتووه‌كاندا بووه.
بۆ كورد، ده‌شێ داماڵینی ((هێزی یاسا)) له بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی شۆڕشی حزبی به‌عس ده‌ستكه‌وتێكی گرنگ بێ كه به هۆیه‌وه ده‌شێ ده‌رفه‌تێكی له‌بارتر بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ندێ له كێشه‌كانی ناوچه جێناكۆكه‌كان بڕه‌خسێ.
دیكۆمێنته‌كه به بایه‌خێكی زۆره‌وه گێڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی گشتیی بۆ حكومه‌تی فیدراڵ تاوتوێ كردووه. به‌وه‌ش كه دیكۆمێنته‌كه واژۆی دوو لایه‌نی سه‌ره‌كیی كوردی له‌سه‌ره، ده‌قه‌كه ئه‌وه‌ی لێ هه‌ڵده‌كڕێندرێ كه كوردیش پشتیوانی له‌م هه‌نگاوه ده‌كات. به‌پێی ئه‌و ده‌قه‌ی كه لایه‌نه‌كان له‌سه‌ری رێكه‌وتوون، حكومه‌تی فیدراڵ ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو ده‌روازه سنوورییه‌كاندا ده‌گرێ و لێره به‌دواوه باج بۆ ((گه‌نجینه‌ی گشتی)) نه‌ك بۆ گه‌نجینه‌ی پارێزگا‌و هه‌رێمه‌كان ده‌سه‌نرێ. ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا پێشهاتێكی گرنگه كه ده‌بێته مایه‌ی بوونی حكومه‌تێكی ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌ستڕۆیشتوو له به‌غدا.
لایه‌نه سیاسییه‌كان له دیكۆمێنته‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری ساڵی 2005 ده‌كه‌نه‌وه و به كرده‌وه لیژنه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور به‌ر له ده‌رچوونی دیكۆمێنته‌كه به ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ده‌ستی به كاره‌كانی كردووه و ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه. ئه‌زموونی ساڵانی رابردوو ساغی كردۆته‌وه كه ده‌ستوور له هه‌ندێ جومگه‌ی سه‌ره‌كیدا پێویستی به پێداچوونه‌وه‌یه، به تایبه‌تی سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران. ره‌نگه یه‌كێ له گه‌وره‌ترین كه‌موكوڕییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌وه‌بێ كه ئه‌م ئه‌نجومه‌نه له پرۆسه‌ی یاساداناندا ته‌نها مافی پێشكه‌شكردنی ((پێشنیار))ی هه‌بێ. نه‌ك ((پرۆژه)) و له‌م سه‌روبه‌نده‌دا ده‌ستوور مافی پێشكه‌ش كردنی پرۆژه یاسای به سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران داوه نه‌ك به ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران. هه‌روه‌ها ده‌شێ له هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووردا، مه‌سه‌له‌ی ((فراكسیۆنه په‌رله‌مانییه گه‌وره‌كه)) تاوتوێ بكرێ و ده‌قێكی گونجاوتری بۆ بدۆزرێته‌وه.
فراكسیۆنی سائرون به سه‌رۆكایه‌تیی موقته‌دا سه‌در كه گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقه، له‌و 12 لایه‌نه سیاسییه نییه كه دیكۆمێنته‌كه‌یان واژۆ كردووه. ئه‌مه نیشانی ده‌دا كه سه‌در هێشتا به‌م چاكسازییانه رازی نییه و ئومێدی له‌سه‌ر چاكسازیی گه‌وره‌تر هه‌ڵچنیوه.
چانسی جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی دیكۆمێنته‌كه چانسێكی كه‌م نییه و به دڵنیاییه‌وه ئه‌و چاكسازییانه‌ی له‌و دیكۆمێنته‌دا ئاماژه‌یان پێ كراوه، ده‌توانن ئاستی ناڕه‌زایی كه‌م بكه‌نه‌وه و گرێبه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی نوێ له رێی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووره‌وه بێننه دی.
دیاره لایه‌نه كوردییه‌كان ره‌وشی ئێستای عیراق له‌به‌رچاو ده‌گرن به هه‌ستكردن به لێپرسراوێتییه‌وه هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن. لانی كه‌م پێویسته له‌سه‌ر كورد له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستای عیراقدا سێ ئه‌رك بگرێته ئه‌ستۆ، یه‌كه‌میان پشتگیری كردنی حكومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدییه بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كه، هه‌رچه‌ند هه‌وڵێكی زۆر بۆ لابردنی هه‌یه. دووه‌م، پابه‌ندبوونی ته‌واو به راده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به به‌غدا، چونكه ئه‌م بابه‌ته به به‌ردی بناغه‌ی چاككردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر داده‌نرێ، سێیه‌م، پابه‌ندبوون به‌و خاڵانه‌ی كه له دیكۆمێنته‌كه‌ی 18ی تشرینی دووه‌مدا رێكه‌وتنیان له‌سه‌ر كراوه.