ئاژانسه‌كان
ئه‌مریكای سه‌رمایه‌داری وه‌ك پێشتریش زۆر پسپۆڕ‌و بیریاری جیهانی باسیان كردووه، له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا‌و په‌لوپۆ هویشتنی بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئامانجی بڵاوكردنه‌وه‌ی دیموكراسی‌و مافی مرۆڤ‌و ئه‌و شتانه نییه وه‌ك خۆی باسی ده‌كات، به‌ڵكو ئامانجی سه‌ره‌كی له هه‌وڵه‌كانی دابین كردنی نه‌وت‌و سه‌رچاوه‌كانی نه‌وته، هه‌رچه‌نده له چه‌ند ساڵی رابردوودا باسی له‌وه ده‌كرد گوایه پشت به نه‌وتی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نابه‌ستێ، به‌ڵام لێدوانه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌و وڵاته واته پنتاگۆن ئه‌و راستییه ده‌سه‌لمێنێت.
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا به ئاشكرا رایگه‌یاند، به‌رپه‌رچی هه‌ر لایه‌نێك ده‌داته‌وه ئه‌گه‌ر هه‌وڵی ئه‌وه بدات ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی سوریادا بگرن كه نه‌وتی تێدایه، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌س ناتوانێ ناوچه‌ی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی سوریا له بن ده‌ستی ئه‌مریكا ده‌ربهێنێت‌و هه‌ر لایه‌نێكیش هه‌وڵی له‌و جۆره بدات به زه‌بری هێز ورد‌و خاشی ده‌كات، ئه‌وجا ئه‌و لایه‌نه ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بێت یان ئه‌و هێزانه‌ی كه له‌لایه‌ن روسیا‌و سوریاوه پشتیوانی ده‌كرێن.
له كۆتایی مانگی تشرینی یه‌كه‌مدا سوپای ئه‌مریكا هه‌ندێك له پلانه‌كانی ئاشكرا كرد سه‌باره‌ت به به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی له ناوچه‌ی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی سوریا‌و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه هه‌ندێك هێزی میكانیكی له‌و شوێنانه جێگیر ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده بن بۆ پاراستنی ناوچه‌كه له ده‌ست هه‌ر هێز‌و چه‌كدارێكی سه‌ر به رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، یان هه‌ر هێزێكی تر. به‌ڵام دواتر مارك ئیسپێر وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا به وردی باسی له‌و بابه‌ته كرد‌و ئامانجی وڵاته‌كه‌ی له ناوچه‌كه بۆ رۆژنامه‌نووسان روون كرده‌وه.
وه‌زیری به‌رگری به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند، هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌و ناوچه ستراتیژیانه‌دا ده‌مێننه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌ستیان نه‌گات به‌و سه‌رچاوه گرنگانه، له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌شدا هه‌ر هێزێك بیه‌وێ زیان به هێزه‌كانمان بگه‌یه‌نێت كه له‌وێ ده‌مێننه‌وه زۆر به توندی به‌رپه‌رچی ده‌ده‌ینه‌وه، به جۆرێكی وا كه ورد‌و خاشی ده‌كه‌ین.
رۆژنامه‌نووسان هه‌وڵیاندا سه‌باره‌ت به ئه‌ركه‌كانی ئه‌و هێزه‌ی له‌وێ ده‌مێنێته‌وه زانیاری زیاتری لێ وه‌رگرن‌و لێیان پرسی داخۆ ئه‌ركی ئه‌و هێزانه ئه‌وه‌ش ده‌گرێته‌وه كه به‌ره‌نگاری هێزی روسیا یان هه‌ر هێزێكی سه‌ر به حكومه‌تی سوریا ببنه‌وه؟ مارك ئیسپێر له وه‌ڵامدا وتی: زۆر به كورتی به‌ڵێ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له‌وێن.
هه‌ر له قسه‌كانیدا بۆ رۆژنامه‌نووسان وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، كه هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، كه له‌لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه پشتیوانی‌یان لێ ده‌كرێت، پشتیان به نه‌وتی ناوچه‌كه به‌ستووه بۆ به‌ده‌ستهێنانی داهات‌و ئه‌و هێزانه‌ش هه‌مان ئه‌و هێزانه‌ن كه زیندانه‌كان ده‌پارێزن، ئه‌و زیندانانه‌ی چه‌كداره به دیلگیراوه‌كانی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌یان تێدایه. جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه كه ئه‌وان مه‌به‌ستیانه‌و ده‌یانه‌وێ دڵنیا بن له‌وه‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ده‌ستیان ده‌گات به سه‌رچاوه‌ی نه‌وته‌كه، تا بتوانن زیندانه‌كان به رێكوپێكی بپارێزن‌و خۆیانی پێ پڕچه‌ك بكه‌ن‌و له تێكشكاندنی پاشماوه‌كانی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌دا یارمه‌تیده‌ری ئێمه بن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه كه ئه‌ركی ئێمه پاراستنی ئه‌و كێڵگه نه‌وتیانه‌یه.
له‌لایه‌كی تره‌وه به‌رپرسێكی باڵای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، ئه‌مریكا ده‌یه‌وێ پشتیوانی له‌و هاوپه‌یمانییه بكات كه له ناوچه‌ی باكووری خۆرهه‌ڵاتی سوریا دژی پاشماوه‌ی چه‌كداره‌كانی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌جه‌نگن، به تایبه‌تی له دوای كوژرانی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی سه‌ركرده‌ی ئه‌و رێكخراوه كه له‌م دواییانه‌دا‌و له پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مریكادا كوژرا. دوابه‌دوای كوژرانی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی سه‌ركرده‌كانی جیهان‌و به‌رپرسانی ئه‌منی وڵاتان زۆربه‌یان پێشوازییان له پرۆسه‌كه‌و كوژرانی به‌رپرسی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی كرد، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا هۆشدارییان دا له باره‌ی ئه‌وه‌ی به‌غدادی كرده‌وه‌ی دڕندانه‌ی به‌رامبه‌ر به زۆر له كه‌مینه‌كان كردووه‌و خه‌ڵكی ناوه‌چه‌كه‌ی به گشتی ترساندووه، له‌به‌ر ئه‌وه دوای نه‌مانیشی چه‌كداره‌كانی مه‌ترسییان له ناو سوریا‌و ده‌ره‌وه‌ی سوریاشدا هه‌ر هه‌یه.
هه‌ر ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه، كه راگه‌یاندنی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له باكووری سوریا كه رۆژی شه‌شی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، مانای ئه‌وه نییه كه ئه‌مریكا شه‌ڕ له‌گه‌ڵ رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناكات‌و ئه‌مریكا هه‌رگیز بیرۆكه‌ی ئه‌وه‌ی نه‌بووه ده‌ست له راوه‌دونانی چه‌كدارانی داعش هه‌ڵگرێت، به‌ڵكو ئه‌وه پرۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌و به‌رده‌وامه.
جگه له‌و لێدوانانه كه نیشانه‌ی مكوڕبوونی ئه‌مریكان له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له سوریا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاش له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ئه‌مریكا به نیازه رێگه له گه‌ڕانه‌وه‌و چالاكبوونه‌وه‌ی رێكخراوی داعش له سوریا‌و عیراقیش بگرێت‌و به‌رده‌وامیش كار بكات له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی بۆ له‌ناوبردنی پاشماوه‌كانی داعش‌و له‌باربردنی خه‌ونه‌كانی ئه‌و رێكخراوه.
هێشتا گفتوگۆی زۆریش ماوه له باره‌ی پلانه‌كانی ئه‌مریكا له سوریا بكرێت‌و دۆناڵد تره‌مپیش دوای ئه‌وه‌ی بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی دا رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌یه‌كی توندی كۆنگرێس بۆوه، پلانی كشانه‌وه‌كه‌ی نه‌رمتر كرده‌وه، ره‌خنه‌گران پێیان وابوو كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌رفه‌تی دا به توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی چوونه ناوه‌وه‌ی بۆ سوریا جێبه‌جێ بكات‌و هێرش بكاته سه‌ر هێزه كوردییه‌كانی سوریا، كه له ساڵی 2014وه هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا بوون له شه‌ڕی دژی داعشدا.
داعش شكستی هێنا‌و له‌و شه‌ڕه‌شدا كوردی سوریا رۆڵی گه‌روه‌ی هه‌بوو، به‌م دواییانه‌ش ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی دوای ئه‌وه‌ی گه‌مارۆ درا پشتێنێكی بۆمبڕێژكراوی به خۆی‌و سێ منداڵیشیدا ته‌قانده‌وه‌و له كونێكی تاریكدا له‌ناو چوو، به‌ڵام هێشتا ناوچه‌كه له مه‌ترسی رزگاری نه‌بووه‌و پاشماوه‌و شانه نوستووه‌كانی داعش له عیراق‌و سوریاش هه‌ر ماون‌و ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌یان لێ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌و ژینگه‌ی له‌باریان بۆ هه‌ڵكه‌وێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه كه ده‌وترێ بارودۆخی ناوچه‌كه هێشتا هه‌ر ئاڵوزه.