ده‌ستكاری ده‌ستوور ئاسانتره له ده‌ستكاری دیزاینی حوكمڕانی له عیراق. چونكه ده‌ستوور كه‌ره‌سته‌یه‌كی وشك و بێده‌نگه و ئه‌گه‌ر مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌كان داكۆكی لێ نه‌كه‌ن ئه‌و خۆی ناتوانێ داكۆكی له خۆی بكات و پێداگری له بڕگه و مادده‌كان و له هه‌مووشی گرنگتر، داكۆكی له رۆح و ناوه‌رۆكی خۆی بكات. ده‌سته‌بژێری سیاسیی شیعه ده‌خوازن ده‌ستكاری ده‌ستووری گرێبه‌ستی پێكهاته‌كانی گه‌لی عیراق بكه‌ن كه به‌رژه‌وه‌ندی جێگیر و دواڕۆژی نه‌وه‌كانی پێوه به‌نده، ئه‌مه‌یان پێ باشتره و خۆش دێته ده‌ست له‌وه‌ی ده‌ستكاری حكومه‌ت بكه‌ن، یان دیزاینی ده‌سه‌ڵاتی ئێستا بگۆڕدرێت كه حكومه‌ته‌كان، به‌تایبه‌تی حكومه‌ته نۆبه‌تی و هه‌ڵبژێردراوه‌كانی دیموكراسیی كه ئه‌وپه‌ڕی بۆ خولێك یان دوو خول، بڕ ده‌كه‌ن.
لای ئه‌مان ده‌ستكاری جێگیر و جامد و كۆنكریت ئاسانتره له ده‌ستكاری گۆڕاو و جوڵاو و هه‌ڵبژێردراوی كاتی! ئه‌م وڵاته هه‌ر وای هێناوه به نه‌ریت و دابوده‌ستوور رۆیشتووه به‌ڕێوه، نه‌ك به ده‌ستوور و ده‌قی یاسایی. خوازیارن ده‌ستوورێك بگۆڕن كه كه‌مترین چانسی جێبه‌جێكردن و پیاده‌كردنیان پێ دا و نه‌یانهێشت له گۆڕه‌پاندا زۆر خۆی تاقیبكاته‌وه تا به كردار كه‌موكوڕی خۆی ببینێ و رێوشوێنی چاككردنی خۆی بدۆزێته‌وه. ده‌ستوور و نه‌ریت قه‌دیمتر و پایه‌دارتره له ده‌ستووری ده‌ق و بڕگه‌كان.
ئه‌مه‌شیان ناوناوه گوایە داخوازی خۆپیشانده‌ران له كاتێكدا ئه‌وه یه‌ك له سه‌دان داواكاری تر بوون و ئه‌گه‌ر سه‌یری دیمه‌نی گه‌وره‌ی خۆپیشاندانه‌كان بكه‌ین دەبینین لافیته‌ی داخوازی ده‌ستوور كز و بچووكه له چاو داخوازییه‌كانی تری دژی گه‌نده‌ڵی و دژی چینی سیاسیی حوكمڕان. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له عیراق رووده‌دات شۆڕش بێت، خۆ دیاره شۆڕش ده‌ستووری مەوجود ناگۆڕێ، به‌ڵكو هه‌ر ده‌ستووری خۆی داده‌نێت و بڕایه‌وه. ئه‌گه‌ریش جوڵه‌ی شه‌قام و ناڕه‌زایه‌تی ره‌وا بێت، كه به فیعلی واشه، ئه‌وا ئه‌م جوڵه‌یه ئه‌وه‌نده‌ی داخوازی گوزه‌ران و چاره‌سه‌ری هه‌ژاری و سزادانی سه‌به‌بكارانی ئه‌و هه‌ژاری و نه‌داری و كه‌می خزمه‌تگوزارییه، ئه‌وه‌نده‌ی داوای چاكسازییه له‌و ئیداره و سیاسه‌ته‌ی گه‌نده‌ڵی و سته‌می ئابوری و نزمی خزمه‌تگوزاری تەشەنە پێداوە ئه‌وه‌نده داوای گۆڕینی ده‌ستوورێكی بێ وه‌ی و بێ مه‌زه‌ڕه‌ت نییه كه نقه ناكات هه‌تا نقه‌ی لێوه هه‌ڵنه‌ستێنن و جێبه‌جیێ نه‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له پرسی گۆڕینی ده‌ستووره، نه‌ك نووسینه‌وه‌ی دانه‌یه‌كی تر له ده‌ره‌نجامی شۆڕشێك، كه‌وابێ ده‌ستكاری ده‌ستوور ژینگه‌یه‌كی شێنه‌یی تری ده‌وێت، نه‌ك ئه‌و ژینگه‌ی گوشاره‌ی ئه‌مڕۆ دروست بووه كه دیاره بۆ داخوازی ده‌ستوور نییه، به‌ڵكو بۆ داخوازی هه‌نووكه‌یی و سیاسیی و ئابووری ئه‌مڕۆییه.
ده‌بێ كورد به ئاگاهی و ده‌ستپێشخه‌رییه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه مامه‌ڵه بكات. ئاگاهی بۆ تێگه‌یشتن له ده‌ستكاری ئه‌وله‌ویاتی خه‌ڵك‌و ده‌ستپێشخه‌ری له‌وه‌دا به كراوه‌یی و ره‌وانی به‌شداری له چاره‌سه‌ری دۆخی عیراق و كه‌یسه‌كانی بكات.
سیاسه‌تی كوردستانی دروست ده‌بێ له‌سه‌ر چه‌ند دینگه‌ی جێگیر كاری خۆی بكات: دینگه‌ی یه‌كخستنی هه‌ڵوێستێكی ره‌زامه‌ندی ناوخۆی كوردانه، ده‌ستپێشخه‌ری له‌گه‌ڵ فه‌زای سیاسی عیراق به نوخبه‌ی ئێستا و هێزی گه‌ڵاڵه‌ی ناو ناڕهزایهتییهكانیشهوه، پێداگری له‌سه‌ر داخوازییه‌كانی كوردستان و نه‌رمی نواندن له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی سیاسیی تازه‌ی وڵاتیش، تا خوا ده‌رویه‌كی خێری تر له‌م وڵاته ده‌كاته‌وه.