هه‌رچه‌ند په‌یمانی ناتۆ له‌وه‌ته‌ی له ساڵی 1949 دامه‌زراوه، كه‌موكوڕیی گه‌وره له ستراكچه‌ره بنچینه‌ییه‌كه‌یدا هه‌بووه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو شتێك توانیویه‌تی له كۆتاییدا به سه‌ركه‌وتوویی له شه‌ڕی سارد ده‌رچێ و بلۆكی كۆمۆنیست هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه. ئه‌وسا باس له‌وه ده‌كرا كه په‌یمانه‌كه ئامانجی خۆی به‌ده‌ستهێناوه و هیچ پاساوێك بۆ مانه‌وه‌ی نه‌ماوه. به‌ڵام دروستكه‌رانی ستراتیج له ئه‌مه‌ریكا بۆچوونێكی جیاوازیان هه‌بوو. پێیانوابوو ئه‌مریكا و جیهانی رۆژئاوا هێشتا پێویستی به ناتۆ هه‌یه.
ئێستا، پاش حه‌فتا ساڵ له دامه‌زراندنی ناتۆ، پێناچێ ئه‌مریكییه‌كان و هاوبه‌شه رۆژئاواییه‌كانی، هه‌مان تێڕوانینیان هه‌بێ. له‌سه‌رده‌می تره‌مپ-دا زۆر پێ له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی په‌یمانه‌كه داناگرێ، به‌تایبه‌تی كه تره‌مپ له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا زۆر بایه‌خ به كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی په‌یمانه‌كه ده‌دا. له‌لایه‌كی تره‌وه، ئه‌وروپییه‌كان وایده‌بینن كه ئه‌وروپا پێویستی به سیاسه‌تێكی ده‌ره‌كیی جیاواز له سیاسه‌تی ئه‌مریكا هه‌یه و له‌و بڕوایه‌دان كه كاتی ئه‌وه هاتووه سوپای یه‌كگرتووی خۆیان هه‌بێ و چیتر له به‌رگریدا پێویستیان به ئه‌مریكا نه‌بێ.
دوو لێدوان گوزارشت له‌م تێڕوانینه ده‌كه‌ن. یه‌كێكیان هی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا مایك پۆمپیۆیه كه له‌كاتی به‌شداریی له رێوڕه‌سمی یادی 30 ساڵه‌ی رووخانی دیواری به‌رلین و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بلۆكی كۆمۆنیستدا وتی ((ناتۆ به‌سه‌رچووه و رووی له پوكانه‌وه‌یه)) و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ((پێویسته له‌سه‌ر ئه‌وروپا ئه‌ركی دابینكردنی دارایی په‌یمانه‌كه بگرێته ئه‌ستۆ))، به‌ڵام ئه‌وروپییه‌كان نایانه‌وێ دارایی په‌یمانه‌كه دابین بكه‌ن، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێ په‌یمانێكی ئه‌وروپایی و سوپایه‌كی یه‌كگرتوو و شه‌ریكایه‌تییه‌كی ستراتیجی له‌نێوان باكوور و باشووری ده‌ریای ناوه‌ڕاست بێننه دی. هه‌ر به‌هۆی ئه‌م تێڕوانینه‌وه، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا ئیمانوێل ماكرۆن له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڤاری ((ئیكۆنۆمیست)) وتی ((ناتۆ له سه‌ره‌مه‌رگدایه و توانای ئه‌وه‌ی نه‌ماوه كۆنترۆڵی ئه‌ندامه‌كانی بكا)). رسته‌ی دوایی لێدوانه‌كه‌ی، زۆرتر توركیا ده‌گرێته‌وه كه ئه‌ندامی په‌یمانی ناتۆیه، به‌ڵام به‌بێ راوێژ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی له ناتۆ، هێرشی كردۆته سه‌ر كوردی سوریا و چه‌كی له نه‌یاری سه‌ره‌كیی ناتۆ كڕیوه، كه روسیایه. ئه‌مه هه‌مووی نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه ناتۆ به‌ڕاستی له ته‌نگژه‌دایه و چانسی فریاكه‌وتنی زۆر كه‌مه.
ئه‌زموونی كورد له‌گه‌ڵ ناتۆ به هه‌ڵوێستی جیاوازدا تێپه‌ڕیوه. له‌ساڵی 1991دا سێ له ده‌وڵه‌تانی ناتۆ، واته ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا، له چوارچێوه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی مرۆڤانه له عیراق، هێزی چه‌كوشی ئاماده‌یان له بنكه‌ی ئینچه‌رلیك له توركیا دانا بۆ رێگرتن له هه‌ر له‌شكركێشییه‌كی رژێمی پێشووی عیراق بۆ سه‌ر كورد و له‌م سه‌روبه‌نده‌دا ناوچه‌یه‌كیان له سنووری عیراق – توركیاوه تا هێڵی پانی 36 وه‌ك ناوچه‌ی ئارام راگه‌یاند. ئه‌مه لاپه‌ڕه پرشنگداره‌كه‌ی په‌یوه‌ندیی كورده به په‌یمانی ناتۆوه. رۆڵی توركیا له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا رۆڵێكی سه‌ره‌كی بوو، چونكه ئۆپه‌راسیۆنه‌كه به‌بێ ره‌زامه‌ندیی توركیا و به‌كارهێنانی بنكه‌ی ئینچه‌رلیك هه‌ڵنه‌ده‌سوڕا.
به‌ڵام ئه‌مساڵ رۆڵی ناتۆ به‌رامبه‌ر به كورد رۆڵێكی زۆر نێگه‌تیڤ بوو. له‌لایه‌ك ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ ده‌ستبه‌رداری هێزه‌كانی سوریای دیموكرات بوو له باكووری سوریا كه هاوپه‌یمانی خۆی بوون له شه‌ڕی دژی تیرۆر. له‌و لاشه‌وه توركیای ئه‌ندامی ناتۆ له‌شكركێشی كرده سه‌ر كوردی سوریا. پێشتریش، 22 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، هێرشی كردبووه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئامانجه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی ساڵی 1997 ی ((گه‌رده‌لولی دووه‌می تۆڵه)).
هێرشی توركیا بۆ سه‌ر باكووری سوریا ده‌شێ هه‌ندێ كێشه بۆ په‌یمانی ناتۆ دروست بكا. له‌لایه‌ك، زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ناتۆ پشتیوانی‌یان له هێرشه‌كه نه‌كردووه و داوای راگرتنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیایان كردووه. ئه‌مه‌ش به‌م واتایه دێت كه هاوبه‌شه‌كانی توركیا له‌ناو ئه‌م په‌یمانه هه‌مان تێڕوانینی توركیایان نییه. له‌لایه‌كی تره‌وه، ناتۆ ترسی تێوه‌گلانی له سوریا هه‌یه. دیاره توركیا به‌وه‌ی كه تاكڕه‌وانه ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی دژی كورد ده‌ست پێكردووه و هێزی بۆ باكووری سوریا ناردووه، خۆی لێپرسراوێتیی له‌شكركێشییه‌كه ده‌گریته ئه‌ستۆ و ناتۆ هیچ پشتیوانی ناكا. په‌نتاگۆن هه‌ر زوو، پێش ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه رایگه‌یاند كه توركیا هێرش ده‌كاته سه‌ر كوردی سوریا و له‌م سه‌روبه‌نده‌دا ئه‌مه‌ریكا نه به‌شداری له هێرشه‌كه‌دا ده‌كا و نه پشتیوانیشی لێ ده‌كا. به‌ڵام ره‌نگه مه‌سه‌له‌كه رووخسارێكی تر وه‌رگرێ، ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی رژێمی سوریا هێرشیان كرده سه‌ر هێزه‌كانی توركیا له‌ناو سوریا، چونكه به‌پێی مادده‌ی پێنجه‌می په‌یمانی ناتۆ، ئه‌گه‌ر هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی ئه‌ندام هێرشی كرایه سه‌ر، ده‌بێ ناتۆ فریای بكه‌وێ و به‌رگریی لێ بكا.
ئه‌مه‌ش به‌م مانایه دێت كه توركیا ئه‌ندامێتیی له په‌یمانی ناتۆ بۆ به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی به‌كاردێنێ و ره‌نگه ناتۆ بگلێنێته شه‌ڕێكی نه‌خوازراو. به‌ڵام له هه‌لومه‌رجێكدا كه تێیدا باس له پوكانه‌وه‌ی ناتۆ ده‌كرێ، ئه‌سته‌مه هیچ ده‌وڵه‌تێكی ئه‌ندامی ناتۆ بچێته ناو ململانێی چه‌كداری نێوان توركیا و سوریا.
سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا ماكرۆن به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ باسیكردووه كه یه‌كێ له هۆكانی پوكانه‌وه‌ی ناتۆ، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌ندامه‌كانی تاكڕه‌وانه بڕیار ده‌ده‌ن و راوێژ به یه‌كتری ناكه‌ن و كێشه بۆ په‌یمانه‌كه دروست ده‌كه‌ن. ره‌نگه له‌كاتی وتنی ئه‌م قسه‌یه‌دا، ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی ململانێیه‌كی چه‌كداری له نێوان توركیا و سوریای به خه‌یاڵدا هاتبێ. له‌ڕاستیشدا ئه‌و ئه‌گه‌ره له ئارادایه. له به‌ره‌ی سه‌ری كانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات و هێزه‌كانی رژێمی سوریا رووبه‌ڕووی هێزه‌كانی توركیا و گروپه چه‌كداره هاوكاره‌كانی بوونه‌ته‌وه و ئه‌گه‌ری پێكدادانی راسته‌وخۆ له ئان و ساتدایه.
پوكانه‌وه‌ی ناتۆ له به‌رژه‌وه‌ندیی توركیادا نابێ و به دڵنیاییه‌وه كار ده‌كاته سه‌ر هێزی سوپایی توركیا له ناوچه‌كه‌دا. له رووی سیاسیشه‌وه، ره‌نگه پوكانه‌وه‌ی ناتۆ و پێكهێنانی سوپای یه‌كگرتووی ئه‌وروپا، زیانی دیكه له توركیا بدا، چونكه ئه‌سته‌مه ئه‌وروپییه‌كان توركیا له سوپای یه‌كگرتووی ئه‌وروپا وه‌رگرن كه ئه‌مه‌ش ره‌نگه ببێ به مایه‌ی داخستنی فایلی وه‌رگرتنی توركیا به ئه‌ندام له یه‌كێتیی ئه‌وروپا بۆ هه‌تا هه‌تایه.