ئه‌زموونه‌كان ئاو لەیهكتری دهخۆنهوەو ره‌وشی وڵاته‌كان عیبرهتن بۆ یه‌كتری. ئه‌مه ده‌بێ قسه‌یه‌كی فلكلۆری بێت، نه‌ك ده‌ره‌نجامی شرۆڤه‌یه‌ك، به‌ڵام واقیع فلكلۆریش ده‌كاته ده‌ره‌نجامی مۆدێرنێته ئه‌گه‌ر زۆر دووپات كرایه‌وه. دۆسێی ئاڵۆگۆڕ له سوریا و عیراق وا ده‌ڵێت، ناچارم جارێ تر بیگێڕمه‌وه.
ساڵی 2003 ئه‌مریكا حزبی به‌عسی سوننه مه‌زهه‌بی له عیراق رووخاند و له جێی ئه‌و سیستمێكی فیدراڵی و ده‌ستووری جێگیر كرد بوشی كوڕ ئه‌مه‌ی كرد تا تۆڵه‌ی هه‌ڵه‌ی باوكی، بۆشی باوك، بۆ عیراقییه‌كان بكاته‌وه. دوای شه‌ڕی رزگاری كوێت له ساڵی 1991 دا سه‌رۆك بوشی باوك، ئه‌وی له دوای راپه‌ڕینی كوردستان ناونرا حاجی بوش چونكه ناوچه‌ی دژه فڕینی بۆ دروستكردین، تووشی ره‌خنه‌یه‌كی توند بۆوه چونكه له ترسی ئاڵای شیعه‌گه‌رێتی له راپه‌ڕینی جنوب ئۆپه‌راسیۆنی ته‌مبێكردنی سوپای سه‌ددامی ته‌واو نه‌كرد و ده‌ستبه‌رداری گه‌لی عیراق بوو. بوشی كوڕ بێ ئه‌وه‌ی كه‌شیده‌ی حاجی له‌سه‌ر ببه‌ستێ به قه‌د حه‌جێ خێری بۆ عیراق دایه‌وه. كه‌چی عه‌ره‌بی شیعه و سوننه سوپاسیان نه‌كرد و به موزایه‌ده سوپای ئه‌مه‌ریكایان به‌ڕێ كرد. به‌مه سه‌لماندیان كاره‌كه‌ی بوشی باوك شایسته‌تر بوو، چونكه هه‌قی به‌سه‌ریانه‌وه نه‌بوو.
ئۆباما و تره‌مپ به سیاسه‌تی پاسیڤانه‌ی خۆیان ده‌رسیان له ئه‌زموونی بوشی باوك و كوڕ وه‌رگرت. كه به‌هاری عه‌ره‌بی له ساڵی 2011 هات ئه‌زموونی رووخانی به‌عسی سوننه‌یان له‌گه‌ڵ به‌عسی عه‌له‌وی سوریا دووباره نه‌كرده‌وه. رووخانی به‌عسه سوننه‌كه‌ی عیراق له قازانجی شیعه بوو، رووخانی به‌عسییه عهلهوییهكهی سوریا ئه‌گه‌ر سهربخرایا له قازانجی سوننه بوو له‌و وڵاته. وه‌ك (مسز بێل)ه‌كه‌ی به‌ریتانیا كه وتبووی بێزار بووم له دروستكردنی مه‌لیك له عیراق، پێده‌چێ مستر ئه‌مه‌ریكاش وتبێتی بێزار بووم له رووخاندنی به‌عس. له عیراق كردم له سوریا دووباره‌ی ناكه‌مه‌وه. كێ ده‌ڵێ سوپاس و ئه‌ركتان كێشا؟
جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌عس له سوریا نه‌ڕووخا شه‌ڕ و شۆڕی ئه‌و وڵاته بۆته عیبره‌ت بۆ هه‌ر وڵاتێك ئه‌گه‌ر بخوازێت. سورییه‌كان عیبره‌تی لێ وه‌رناگرن، ده‌با عیراقییه‌كان عیبره‌تی لێ وه‌ربگرن و له وڵاته‌كه‌ی خۆیان دووباره‌ی نه‌كه‌نه‌وه. ئاخر ئه‌گه‌ر ره‌وشی عیراق وا بڕوات كه تا دێ سه‌قفی داخوازی خۆپیشاندانه‌كانی به‌غدا و جنوب به‌رزتر بكرێته‌وه و سه‌فقه‌ی ده‌سته‌بژێری حوكمڕانیش ئه‌بده‌یتی چاره‌سه‌ری گونجاو نه‌دۆزێته‌وه، مه‌علومه سه‌قفه‌كه به‌سه‌ر هه‌موواندا ده‌ڕوخێت. عیراق نه بۆ ده‌سته‌بژێری دوای 2003 ده‌مێنێته‌وه و نه ته‌سلیمی ده‌سته‌بژێری خه‌مڵیوی ناو خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مڕۆی جه‌به‌لی (ئوحد) و ساحه‌ی ته‌حریری به‌غدا ده‌كرێت. به‌ڵكو عیراق ته‌سلیمی مۆدێلی سوری ده‌كرێت. واتا عیبره‌تی سوریا ده‌بێته ئه‌زموونی دووباره له عیراق. ئه‌مه‌یه كه وتم ئه‌زموونه‌كان ئاو له یه‌كتری ده‌خۆنه‌وه و كێڵگه‌ی یه‌كتری ئاو ده‌ده‌ن.
جاران هه‌ر وڵاتێك تووشی شێوانی ناوخۆیی بوایه ده‌یانوت لهبننه كراوه. واتا به لوبنانی كراوه. ئه‌مه‌شیان به قۆناغی ناكۆكی ناوخۆی عیراقیش ده‌وت. جا خۆزگه عیراق لهبنهنه ده‌كرا، هیچ نه‌بێ به‌هاره‌كه‌ی ئه‌وێ بژوێن تره تا به‌هاری عه‌ره‌بی له سوریا و به‌هاری (شهلع قه‌لع) له عیراق.
ئه‌وه‌تا مۆدێلی لوبنانی به گوڵاوپرژێن سه‌رۆك وه‌زیرانی له‌سه‌ر كار لابرد و ئه‌وی عیراقیش ئاگره‌كه‌ی هه‌ر ده‌ڵێ (هل من مزید)؟
لهبنهنهی جاران و عهرهقهنهی ئێستا و له‌و ناوه‌ڕاسته‌شدا نموونه‌ی فه‌وزای سوریا سه‌ری كێشاوه بۆ (بهلقهنه) كه ئه‌ویش نموونه‌ی فه‌وزای گه‌وره‌ی ناوچه‌ی به‌لقانه كه له‌و ناوخۆی وڵاته‌وه ژینگه‌ی ئیقلیمی ده‌ته‌نێته‌وه.
له یه‌كتری ده‌خۆنه‌وه، له گۆرانی فلكلۆری دا ده‌ڵێ: بۆ یه‌كتری ده‌ستێننه‌وه.