بەشێوه‌یه‌كی كتوپڕ‌و چاوه‌ڕواننه‌كراو، خۆپیشاندانه توندوتیژه‌كانی عیراق لەخۆپیشاندانی دژ بەگه‌نده‌ڵی و كه‌میی خزمه‌تگوزاریی گشتی و بێكارییه‌وه بوونه خۆپیشاندان دژی ستراكچه‌ری یاسایی – ده‌ستووریی رژێمی عیراق و داواكردنی گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی و هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور، ئه‌م پرسانه‌ش پرسی زۆر هه‌ستیارن و پشت ئه‌ستوورن به‌و گرێبه‌سته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه لەساڵانی 2004 و 2005 دا له‌سه‌ر بنه‌ماكانی فیدراڵیزم و سیستمی په‌رله‌مانی و مافی كه‌مینه‌كان و مافی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و پێكهێنانی هه‌رێمه‌كان هاتۆته كایه‌وه، بۆیه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌م مافانه به‌مانای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی دێت، وروژاندنی مه‌سه‌له‌ی گۆڕینی سیستمی فه‌رمانڕه‌وایی لەپه‌رله‌مانییه‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی لەوڵاتێكی وه‌ك عیراقدا، خۆی له‌خۆیدا كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، چونكه هه‌موو ته‌نگژه‌كانی عیراق له‌ساڵی 1958 به‌دواوه ده‌رهاوێشه‌ی سیستمی سه‌رۆكایه‌تین، بەوردبوونه‌وه لەمێژووی هاوچه‌رخی عیراق، ده‌رده‌كه‌وێ كه عیراق دوو ئه‌زموونی دیموكراسیی به‌خۆیه‌وه دیوه. یه‌كێكیان 37 ساڵی خایاندووەو كه‌وتۆته ماوه‌ی 1921 – 1958 و ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی پاش رووخانی رژێمی پێشووه و تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامه. هه‌ردوو ئه‌زموون پشت ئه‌ستوورن به سیستمی په‌رله‌مانی و له‌نێوان ئه‌م دوو ئه‌زموونه‌دا ئه‌زمونی 46 ساڵه‌ی دیكتاتۆریای سیستمه سه‌رۆكایه‌تییه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كان دێ كه عیراقیان وێران كرد و ته‌نگژه‌یه‌كی زۆریان بۆ ناوچه‌كه دروستكرد. بۆیه، هیچ شتێك گه‌ره‌نتیی ئه‌وه ناكات كه سیستمی سه‌رۆكایه‌تی، عیراق له دیكتاتۆریای تاك دوور ناخاته‌وه.
ئه‌مه یه‌ك. دوو، سیستمی سه‌رۆكایه‌تی به‌كه‌ڵكی وڵاته فره نه‌ته‌وه‌كان نایه‌ت، چونكه لەسایه‌ی ئه‌م سیستمه‌دا نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره ده‌توانێ ده‌ست به‌سه‌ر جومگه سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا بگرێ و لێره‌دا به‌شداریی گروپه‌كانی تر له به‌شدارییه‌كی رووكه‌ش به‌ولاوه هیچی تر نابێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌چاوی سۆزیشه‌وه سه‌یری نه‌ته‌وه‌كانی تر بكرێ. لەزۆربه‌ی سیستمه سه‌رۆكایه‌تییه‌كاندا سه‌رۆك لەهه‌مانكاتدا سه‌رۆكی حكومه‌تیشه، ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌بێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی لەهه‌ندێ سیستمی سه‌رۆكایه‌تیدا هه‌یه، ده‌سه‌ڵاته‌كانی زۆرتر ئیدارین و سه‌رۆك خۆی سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیره‌كانی داده‌نێ.
لەسیستمی سه‌رۆكایه‌تیدا سه‌رۆك بنچینه‌ی سیستم پێكدێنێ نه‌ك په‌رله‌مان، ئه‌مه‌ش به‌م واتایه دێت كه په‌رله‌مان لەسیستمه سه‌رۆكایه‌تییه‌كاندا رۆڵێكی سه‌ره‌كیی نابێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی لەتوركیای پاش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیستمی په‌رله‌مانی ده‌یبینین. لەدۆخێكی وادا په‌ره‌سه‌ندنی سیاسیی عیراق پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره به‌خۆیه‌وه ده‌بینێ.
له‌و كه‌ش و هه‌وا ئاڵۆزه‌ی كه تێیدا پێشنیاری هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور هاتۆته ئاراوه، هه‌مواركردنه‌وه‌كه هه‌ر به‌لای سه‌قامگیركردنی ده‌سه‌ڵاته ناوه‌ندییه‌كاندا داده‌شكێنێ كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و پارێزگاكان ده‌بێ، به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به كاروباری داهات، سه‌رچاوه‌كانی وزه و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه و به‌شداری له ده‌سه‌ڵاتدا.
له‌لایه‌كی تره‌وه، داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت به خۆڕایی نه‌هاتووه. هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا به‌و سه‌ره‌نجامه ده‌گات كه گروپه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در و هاوپه‌یمانه‌كانی سه‌ركه‌وتنی یه‌كلاكه‌ره‌وه به‌ده‌ست بێنن. به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر سه‌در سه‌ركه‌وتوو بێ له سه‌پاندنی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌دا، ده‌بێته كه‌سی یه‌كه‌می عیراق. له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2018 دا فراكسیۆنی سه‌در پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ست هێنا. له‌و ژینگه‌یه‌شدا كه تێیدا سه‌در بۆته بزوێنه‌ری شه‌قام له دژی حكومه‌ت، هیچ گومان له‌وه‌دا نییه كه له هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌ختدا سه‌ركه‌وتنی گه‌وره به‌ده‌ست دێنێ. ره‌نگه سه‌در چاوی له سه‌رۆكایه‌تی نه‌بێ، به‌ڵام ئه‌و ده‌یه‌وێ له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات سه‌رۆكایه‌تییه‌كان دابنێ و سیاسه‌ته‌كانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه دابڕێژێ. رۆڵێك كه سه‌در بیری لێ ده‌كاته‌وه، نزیكه له رۆڵی خومه‌ینی له ئێرانی پاش رووخانی رژێمی شا، كاتێك خومه‌ینی وه‌ك رابه‌ری شۆڕش، ئه‌و ده‌ستووره‌ی سه‌پاند كه له‌كاتی ئاواره‌ییدا، له نه‌جه‌ف بیری لێ كردۆته‌وه و له چوارچێوه‌ی تیۆریی ویلایه‌تی فه‌قیهدا هێڵه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی داڕشتووه. سه‌در له پشت په‌رده‌وه ده‌یه‌وێ كۆنترۆڵی هه‌موو شتێك بكات و زۆر گوێ به‌وه نادات كه سیستمه دڵخوازه‌كه‌ی ناوی ویلایه‌تی فه‌قیهی عیراقی بێت یان ناوێكی تری هه‌بێت.
هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه گومان هه‌بوو كه جموجوڵه‌كه په‌یوه‌ندیی به ناكۆكی ناو ماڵی شیعه‌كانه‌وه هه‌بێ. دواتر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له گومان ده‌رچوو و ده‌ركه‌وت شیعه‌كان به‌ڕاست له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا ناكۆكن و له كۆتاییشدا هه‌موو هێلكه‌كان له سه‌به‌ته‌ی موقته‌دا سه‌دردا كۆبوونه‌وه. ئیتر له كۆتا قۆناغدا سه‌در به‌ئاشكرا هاته مه‌یدان و تێكه‌ڵ به خۆپیشاندانه‌كان بوو و سه‌لماندی كه ئه‌و تاكه سه‌ركرده‌ی عیراقه كه ده‌توانێ كه‌موكوڕی و گه‌نده‌ڵییه‌كانی ده‌سته‌بژێری سیاسیی فه‌رمانڕه‌وا و مه‌ینه‌تی بێكاران و ده‌ستكورته‌كان بقۆزێته‌وه و شه‌قامی خرۆشاو به‌رداته گیانی ده‌سته‌بژێری گه‌نده‌ڵ و ده‌سته‌وسان.
له‌م یارییه‌دا سه‌در سیستانی-شی تێپه‌ڕاندووه و به‌كرده‌وه ته‌نگی به سیستانی و پیاوە ئایینییەکانی تری نه‌جه‌ف هه‌ڵچنیوه. له هه‌لومه‌رجی عیراقدا چیتر فه‌توا خامۆش و هێوره‌كانی سیستانی گوێیان لێ ناگیرێ. ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا سه‌ره‌تای پووكانه‌وه‌ی خوێندنگه‌ی نه‌جه‌فه. تا ئێستا سه‌در له پلانه‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتووه. به‌ڵام مه‌ترسیدارترین خاڵی له‌م یارییه‌دا ئه‌وه‌یه كه سه‌در بیر له به‌ره‌نجامی هه‌نگاوه‌كانی ناكاته‌وه و هه‌ست به‌وه ناكات كه به‌م سه‌ركێشییه‌ی، عیراق به‌ره‌و تونێلێكی تاریك ده‌بات كه كه‌س له ئێستادا ناتوانێ پێشبینیی ئه‌وه بكات كه كه‌ی ده‌توانرێ تروسكاییه‌ك له كۆتاییه‌كه‌یدا ببینرێ؟.