
فەرید ئەسەسەرد
رۆڵی هه‌ڵكشاوی روسیا لەناوچه‌كه‌دا
2019-10-28 11:54     388 جار بینراوە      کۆمێنت
پاشئه‌وه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپ دوو جار رایگه‌یاند كه هێزه‌كانی لەباكووری سوریا ده‌كێشێته‌وەو بەكرده‌وه‌ش ده‌ستی بەكێشانه‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری هێزه‌كانی كرد، ئێستا هه‌ر ئه‌و ئیداره‌یه بژارده‌ی هێشتنه‌وه‌ی 500 سه‌رباز لەباكووری سوریا‌و پارێزگای دێره‌زور تاووتوێ ده‌كات، هه‌رچه‌ند راگه‌یه‌نرابوو كه هێزه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌ركه‌كانی خۆیان لەسوریا جێبه‌جێكردووە‌و داعشیان بەهاوكاریی كورد له‌ناو بردووه، كه‌چی ئێستا واشنتۆن جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه هێشتنه‌وه‌ی هێزه‌كانی بۆ رێگرتنه لەسه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش، هه‌روه‌ك بۆ ئه‌وه‌شه كه چاڵه نه‌وته‌كانی باكووری سوریا نه‌كه‌ونه ژێر ده‌ستی داعش كه له‌ناو براوه.
هه‌ر بەهه‌مان پێودانگ، لەكاتێكدا تره‌مپ گڵۆپی سه‌وزی بۆ توركیا هه‌ڵكردووه بۆ هێرشكردنه سه‌ر ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی فورات و پێكهێنانی ناوچه‌یه‌كی ئارام، ئێستا پشتگیریی پێشنیاره‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا ده‌كا كه داوای دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارامی نێوده‌وڵه‌تی لەباكووری سوریا ده‌كات.
تا ئێستا چانسی دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارامی نێوده‌وڵه‌تی چانسێكی به‌هێز نییه، بەتایبه‌تی كه روسیا‌و توركیا ره‌تیده‌كه‌نه‌وه، وه‌ك دیاره، ئه‌مریكا زۆر به سه‌رلێشێواوی و به‌بێ هیچ ستراتیجێكی تۆكمه هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ دۆخی ئاڵۆزی سوریا ده‌كا، له‌كاتێكدا ستراتیجی روسیا سه‌باره‌ت به سوریا تۆكمه‌ترو سه‌ركه‌وتووتر ده‌رده‌كه‌وێ. لەكۆبوونه‌وه‌كه‌ی سووچی كه لەنێوان سه‌رۆكی روسیا پوتین و سه‌رۆكی توركیا ئه‌ردۆغان هاته ئاراوه، توركیا هیچ ده‌ستكه‌وتێكی ستراتیجی به‌ده‌ست نه‌هێنا. له‌لایه‌ك روسه‌كان ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی توركیایان له‌و شوێنه راگرت كه پێی گه‌یشتبوو، له‌لایه‌كی تره‌وه نه‌یانهێشت توركیا به‌ته‌نهاو به‌و جۆره‌ی كه خۆی ده‌یه‌وێ، ناوچه‌ی ئارام دروست بكا، به‌ڵكو خۆیان كرده هاوبه‌شی توركیا لەدروستكردنی ناوچه‌كە‌و لەپاراستنی سنووره‌كه‌ی، ئه‌وه‌ش وایكرد باڵاده‌ستی لەناوچه‌ی ئارام و له‌سه‌ر سنووری باكووری سوریا بۆ روسیا بێت نه‌ك بۆ توركیا.
ئه‌وه‌ی كه روسه‌كان له سووچی، سه‌باره‌ت بەناوچه‌ی ئارام و پاراستنی سنوور‌و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، له‌گه‌ڵ توركیا له‌سه‌ری رێكه‌وتوون، ئه‌مریكییه‌كان پێشتر ده‌یانتوانی له‌گه‌ڵ توركیا له‌سه‌ری رێكبكه‌ون. هه‌رچه‌ند ئه‌مه بۆ كورد هیچی له مه‌سه‌له‌كه نه‌ده‌گۆڕی، به‌ڵام بۆ ئه‌مریكییه‌كان زۆری لەمه‌سه‌له‌كه ده‌گۆڕی. لانیكه‌م وێنایه‌كی وایان به جیهان نه‌ده‌دا كه ئه‌مریكا له‌كاتی پێویستدا ده‌ست لەهاوپه‌یمانه‌كانی هه‌ڵده‌گرێ و بیر لەئه‌نجامی بڕیاره‌كانی ناكاته‌وه.
روسیا لەستراتیجه‌كه‌یدا نایه‌وێ هیچ بدۆڕێنێ. ئه‌م ستراتیجه لەناوه‌ڕۆكدا له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه دامه‌زراوه كه توركیا‌و كورد‌و رژێمی سوریا به‌لای خۆیدا رابكێشێ. بۆیه له‌كاتێكدا كه رێیداوه توركیا ناوچه‌ی ئارامی دڵخوازی خۆی لەباكووری سوریا دابمه‌زرێنێ، هێزه‌كانی ئه‌سه‌دیشی بۆ كۆبانی و منبج گێڕاوه‌ته‌وەو بەدانانی سنوورێك بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی توركیا، هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی لەفه‌وتان و له‌ناوچوون رزگاركردووه.
روسیا بەپێچه‌وانه‌ی توركیاوه، پێیوایه ده‌بێ كورد رۆڵیان لەدیاریكردنی ئاینده‌ی سوریادا هه‌بێ. ئه‌مه‌ش لەقسه‌كانی پوتین دا لەپرێس كۆنفره‌نسه هاوبه‌شه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان ده‌رده‌كه‌وێ، كه تێیدا وتی كورد به‌شێكه لەسوریاو نابێ په‌راوێزبخرێ. روسیا كه ده‌وڵه‌تێكه لەچه‌ندین یه‌كه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر پێكهاتووه، كێشه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری كورددا نییەو لەتورك و سورییه‌كان باشتر لەگرنگی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بۆ سه‌قامگیریی ناوخۆیی تێده‌گا.
لەڕێكه‌وتنه‌كه‌ی سووچی، ئاماژه‌یه‌كی خێرا بەرێكه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه كراوه كه لەكۆتایی نه‌وه‌ده‌كاندا په‌یوه‌ندیی ئه‌منیی سوریا‌و توركیای رێكخستووه، روسیا پێیباشه رێكه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه په‌ره‌ی پێبدرێ و بكرێته په‌یمانی ئاشتی له‌نێوان سوریا‌و توركیا، به‌ڵام پێناچێ توركیا ئه‌م بژارده‌یه‌ی یه‌كلاكردبێته‌وه، چونكه ئه‌و په‌یمانه توركیا بەكۆمه‌ڵێك مه‌رج پابه‌ند ده‌كا لەسه‌رووی هه‌موویانه‌وه داننان بەمانه‌وه‌ی ئه‌سه‌دو رژێمه‌كه‌ی و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی لەباكووری سوریا.
هه‌ر له‌م سه‌روبه‌نده‌شدا ده‌بێ واز لەپشتگیریكردنی ئۆپۆزسیۆنی چه‌كداری سوریا بێنێ و رێز لەسنووره نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی بگرێ. روسه‌كان ده‌زانن ئه‌گه‌ر توركیا په‌یمانی ئاشتی له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د واژۆ بكات، ده‌بێ گۆڕانی ریشه‌یی به‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا بێنێ و چیتر خه‌و به‌وه‌وه نه‌بینێ كه ببێته‌وه بەڕابه‌ری جیهانی ئیسلامی سوننی. ئه‌مه‌ش بەواتای هه‌ره‌سهێنانی تیۆریی عوسمانیزمی نوێ دێت كه له‌وه‌ته‌ی پارتی داد‌و په‌ره‌پێدان هاتۆته سه‌ر كار، یه‌كێ لەبناغه سه‌ره‌كییه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا پێكدێنێ. بۆیه ئه‌گه‌ر توركیا بگاته ئه‌و راده‌یه‌ی كه داوای نرخی ئه‌م هه‌موو پابه‌ندبوونه بكات، هه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ ده‌مێنێته‌وه كه داوا بكات ئه‌وه‌ی بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرێ كه كوردی سوریا مافێكی زۆریان چنگ نه‌كه‌وێ. به‌ڵام بەكرده‌وه ئه‌مه هیچ مانایه‌ك نادا، چونكه سوریای پاش بڕانه‌وه‌ی شه‌ڕ ناتوانێ هه‌مان سوریای پێش ساڵی 2011 بێ و ناشتوانێ به‌هه‌مان شێوەو رێوشوێن هه‌ڵسوڕێ.
بەدڵنیاییه‌وه، روسیا ده‌ستبه‌رداری سوریا نابێ. روسیا لەده‌روازه‌ی سوریاوه پێگه‌یه‌كی به‌هێزی لەناوچه‌كه‌دا بۆ خۆی دامه‌زراندووەو هیچ گومان له‌وه‌دا نییه كه سوریای پاش جه‌نگ شوێنێكی گرنگی لەستراتیجی روسیادا ده‌بێ، به‌تایبه‌تی لەسایه‌ی پاشه‌كشه‌ی رۆڵی ئه‌مریكا لەناوچه‌كه‌داو پێویستیی ناوچه‌كه بەزلهێزێكی ده‌ستڕۆیشتووی كاریگه‌ر.