لەساڵیادی دووه‌می ریفراندۆمه‌كه‌ی ساڵی 2017 ی كوردستاندا، جێی خۆیه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی بابه‌تییانه ئاوڕێك له‌نامه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ریكس تیله‌رسۆن بدرێته‌وه. سه‌د ساڵ پێش نامه‌كه‌ی تیله‌رسۆن، رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نامه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی به‌خۆیه‌وه دیوه كه نامه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ئارسه‌ر به‌لفۆره بۆ یه‌كێ لەگه‌وره‌ترین سه‌ركرده‌كانی جوله‌كه له به‌ریتانیا لۆرد رۆچیلد، كه تێیدا مژده‌ی پشتگیریكردنی ئامانجه‌كانی جولە‌كه‌ی له فه‌له‌ستین پێ ده‌دا. له به‌راوردا، زۆر خاڵی سه‌رنجڕاكێشی هاوبه‌ش له‌نێوان نامه‌ی به‌لفۆر بۆ جوله‌كه و نامه‌كه‌ی تیله‌رسۆن بۆ كورد هه‌یه.
پێش هه‌موو شتێك ده‌بێ ئاماژه بۆ ئه‌وه بكرێ كه نووسه‌رانی هه‌ردوو نامه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ن و هه‌ر یه‌كێكیان نوێنه‌رایه‌تیی زلهێزی سه‌رده‌می خۆی ده‌كات، كه یه‌كێكیان به‌ریتانیایەو ئه‌وی تر ئه‌مریكایه. به‌لفۆر لەنامه‌كه‌یدا هیچ بوارێك بۆ ئه‌وه ناهێڵێته‌وه كه لێكدانه‌وه بۆ ره‌وایی نامه‌كه‌ی بكرێ و هه‌ر لەسه‌ره‌تاوه ده‌ریده‌بڕێ كه ئه‌و له‌بری ((حكومه‌تی به‌ریتانیا)) نامه‌كه‌ی ناردووه.
تیله‌رسۆنیش لەده‌ستپێكی نامه‌كه‌یدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كا كه ئه‌و (( به‌ناوی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه)) نامه‌كه‌ی بۆ سه‌ركردایه‌تیی كورد نووسیوه. ئه‌مه‌ش به‌م واتایه دێت كه هه‌ردوو نامه گوزارشت لەسیاسه‌تی فه‌رمی ده‌كه‌ن و ئیلتیزام له‌سه‌ر هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت دروستده‌كه‌ن.
جێی سه‌رنجه كه لەهیچ لەدوو نامه‌كه به‌ڵێنی پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت بەكه‌س نه‌دراوه. به‌لفۆر لەنامه‌كه‌دا پشتیوانیی به‌ریتانیای لەپێكهێنانی ((نیشتمانێكی نه‌ته‌وه‌یی)) بۆ جوله‌كه ده‌ربڕیوه، ئه‌وه‌ش دوو مانگ به‌رله‌وه‌ی هێزه‌كانی به‌ریتانیا عوسمانییه‌كان له فه‌له‌ستین ده‌ركه‌ن و ده‌ست به‌سه‌ر شاری قودس دا بگرن. به‌هه‌مان شێوه، نامه‌كه‌ی تیله‌رسۆن شوێن پێی نامه‌كه‌ی به‌لفۆر هه‌ڵده‌گرێ و به‌ڵێنی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت بە كورد نادا، به‌ڵكو داوایه‌كی ساده له كورد ده‌كات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ریفراندۆمه‌كه ساڵێك دوابخرێ و له‌ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا دانوستانێكی چڕ له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا به ئه‌جێندایه‌كی ((كراوه)) ئه‌نجام بدرێ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی فایله هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان و دیاریكردنی (( ئاینده‌ی)) په‌یوه‌ندیی سیاسیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی عیراق.
له نامه‌كه‌یدا تیله‌رسۆن جه‌خت له‌سه‌ر حه‌تمیه‌تی رێكه‌وتنی هه‌ردوولا ناكات و ئه‌م پرسه‌ی بەكراوه‌یی هێشتۆته‌وه. له‌و لاشه‌وه به‌ڵێن ده‌دا كه ((كارئاسانی)) پێشكه‌ش به ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و به‌ریتانیاو فه‌ره‌نسا ده‌كات بۆ راییكردنی پرۆسه‌ی دانوستان. تیله‌رسۆن ئه‌گه‌ری رێكنه‌كه‌وتنی زۆر به‌هه‌ند وه‌رگرتووەو نیشانی داوه كه ئه‌گه‌ر دانوستانی هه‌ولێرو به‌غدا به((ئه‌نجامێكی خوازراو)) نه‌گه‌یشت، ئه‌وا ئه‌مریكا پشتگیریی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ده‌كات. له گه‌وهه‌ردا نامه‌كه‌ی تیله‌رسۆن به دوو ئاراسته كار ده‌كا، له‌لایه‌ك ناوه‌رۆكه‌كه‌ی بۆ به‌غدا ((فشاره)) و بۆ هه‌ولێر ((هاندانه)) و به كرده‌وه به‌غدای لەدۆخێكی له‌رزۆكدا هێشتۆته‌وه، چونكه ناچاری ده‌كا ئه‌وپه‌ڕی نه‌رمی به‌رامبه‌ر به دانوستانكارانی كورد بنوێنێ، له‌ولاشه‌وه دانوستانكارانی كوردی ده‌ستئاوه‌ڵا كردووه بۆ نمایشكردنی داخوازییه‌كانیان. نامه‌كه ئاماژه‌ی روونی بۆ ئه‌وه تێدایه كه ده‌شێ هه‌ردوولا له‌سه‌ر فیدراڵیزمێكی پێشكه‌وتووتر رێكبكه‌ون، به هێشتنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری هێنانه كایه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی كۆنفیدراڵی له‌نێوان كوردستان و عیراق كه هاوشێوه‌ی په‌یوه‌ندیی ئۆكراین و بیلۆڕوسیایه له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی سۆڤێتی پێشوو كه تێیدا ئۆكراین و بیلۆڕوسیا له كۆماره‌كانی تری یه‌كێتیی سۆڤێت ئازادییه‌كی زۆرتریان هه‌بوو و ته‌نانه‌ت نوێنه‌ریشیان له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا هه‌بوو. نامه‌كه واوه‌تریش ده‌ڕوا و ئه‌گه‌ری ((سه‌ربه‌خۆیی)) كوردستان بەڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا لەڕێی دانوستانه‌وه له‌به‌رچاو ده‌گرێ.
تیله‌رسۆن له نامه‌كه‌دا به‌ڵێنی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 ی داوەو داوای لەسه‌ركردایه‌تیی كورد كردووه ئه‌م هه‌له ((مێژوییه)) به‌فیڕۆ نه‌دات.
به‌كرده‌وه، دواخستنی ریفراندۆم بۆ ماوه‌ی ساڵێك زیانی بۆ كورد نه‌بوو. ئه‌و دانوستانه‌ش كه له سایه‌ی به‌ڵێنه‌كانی تیله‌رسۆن لەنێوان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌هاته دی، له دوو لاوه قازانجی بۆ كورد هه‌بوو. ئه‌گه‌ر دانوستانه‌كه سه‌ری بگرتایه، كوردستان لەناوچه جێناكۆكه‌كاندا ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ی به‌سه‌ر به‌غدادا ده‌سه‌پاند كه خۆی ده‌یویست و ده‌یتوانی په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ عیراق له‌سه‌ر بنه‌مای كۆنفیدراڵیزم رێكبخاته‌وه به‌چه‌شنێك كه په‌یوه‌ندیی كوردستان به عیراقه‌وه نزیك ده‌بۆوه لەپه‌یوه‌ندیی هه‌ر یه‌ك له ئوستورالیاو كه‌نه‌دا به به‌ریتانیاوه.
جیاوازیی نێوان جوله‌كەو كورد له‌وه‌دایه كه جوله‌كه لەساڵی 1917 دا نامه‌كه‌ی به‌لفۆریان قۆسته‌وەو ده‌وڵه‌تیان پێ دامه‌زراند، لەكاتێكدا كه كورد نامه‌كه‌ی تیله‌رسۆنیان لەساڵی 2017 نه‌قۆسته‌وه و زۆر شتیان دۆڕاند.
بەدڵنیاییه‌وه نامه‌كه‌ی تیله‌رسۆن ده‌م و ده‌ست سه‌ربه‌خۆیی بۆ كوردستان دابین نه‌ده‌كرد، به‌ڵام كارێكی وای ده‌كرد پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ده‌ست پێ بكات و به دڵنیاییه‌وه ئه‌م پرۆسه‌یه چه‌ند ساڵێكی ده‌خایاند. له ئه‌زموونی جوله‌كه‌دا، نامه‌كه‌ی به‌لفۆر ده‌م و ده‌ست ده‌وڵه‌تی بۆ جوله‌كه دروستنه‌كردووه، به‌ڵكو رێی بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت خۆشكردووه. ئه‌وه‌ی ئه‌مه ده‌سه‌لمێنێ ئه‌وه‌یه كه ئیسرائیل 31 ساڵ پاش نامه‌كه‌ی به‌لفۆر دامه‌زراوه. به‌هه‌مان شێوه، نامه‌كه‌ی تیله‌رسۆن كوردستانی ده‌خسته سه‌ر رێگای سه‌ربه‌خۆیی و ئه‌وی تری بۆ ئاینده ده‌هێشته‌وه.