لەژێر ناونیشانی (ئاینده‌ی ئاشتی و ئاسایش لەڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا) کۆنفره‌نسێکی نێوده‌وڵه‌تی له وارشۆی پایته‌ختی پۆڵه‌ندا بەسه‌رپه‌رشتی ئه‌مریکا به‌سترا. بایه‌خدانی جیهان بەچاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست شتێکی ئه‌رێنییه و له‌م سه‌رو به‌نده‌دا به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لانی ناوچه‌که له‌وه‌دایه که جیهان یارمه‌تییان بدات بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی گونجاو بۆ گیروگرفته‌کانیان، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی مه‌سه‌له‌که په‌یوه‌ندیی بەکۆنفره‌نسی وارشۆوه هه‌یه، مه‌سه‌له‌که مه‌سه‌له‌ی به‌ستنی کۆنفره‌نس نییه، به‌ڵکو مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه که ئه‌م کۆنفره‌نسه بەدیاریکراوی، یه‌کێکه له کۆنفره‌نسه نێوده‌وڵه‌تییه هه‌ره خراپه‌کانی جیهان و بەهیچ شێوه‌یه‌ک لێی رانابینرێ بتوانێ هیچ کێشه‌یه‌کی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چاره‌سه‌ر بکا، بگره به پێچه‌وانه‌وه، ده‌شێ ببێ بەمایه‌ی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی گرژیی لەناوچه‌که‌دا، ته‌نانه‌ت ره‌نگه رێ بۆ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕوشۆڕو پێکدادانی چه‌کداریش خۆش بکات.
لەکاتێکدا که کۆنفره‌نسه‌که په‌یوه‌ندی بەئاشتی و ئاسایشی ناوچه‌که‌وه هه‌یه، ژماره‌یه‌کی به‌رچاو لەئه‌کته‌ره کاریگه‌رو گرنگه‌کانی ناوچه‌که به‌شدارییان تێدا نه‌کردووه، له‌وانه ئێران، تورکیا، عیراق، سوریا. هه‌روه‌ها لایه‌کی لوبنان بایکۆتی کردووه، فه‌له‌ستینیه‌کانیش بانگهێشت نه‌کراون. کوردیش که ئه‌کته‌رێکی گرنگی ناوچه‌که‌یه، بانگێشت نه‌کراوه. که‌چی وڵاتێکی وه‌کو یه‌مه‌ن که سه‌رۆکه‌که‌ی ناتوانێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ پایته‌ختی وڵاته‌که‌ی و چوار ساڵه گیرۆده‌ی شه‌ڕی ناوخۆ بووه، نوێنه‌ری له کۆنفره‌نسه‌که‌دا هه‌بووه.
له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، روسیا لەئامانجه‌کانی کۆنفره‌نسه‌که نیگه‌رانه. هه‌روه‌ها فه‌ره‌نساو ئه‌ڵمانیاش بەگومانه‌وه ده‌ڕواننه ئاماژه‌کانی پشت به‌ستنی کۆنفره‌نسه‌کەو هه‌ر به‌هۆی ئه‌مه‌وه به‌شدارییان تێدا نه‌کردووه.
پێش به‌ستنی کۆنفره‌نسه‌که، راپۆرته به‌راییه‌کان جه‌ختیان ده‌کرده سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئامانجی سه‌ره‌کیی کۆنفره‌نسه‌که ته‌نگ هه‌ڵچنینه به ئێران و نیشاندانی وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی گه‌وره‌ی هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵام دواتر، بۆ شاردنه‌وه‌ی مه‌به‌سته راسته‌قینه‌که، بڕیاردرا بواری کۆنفره‌نسه‌که فراوان بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌تی دیکه‌ش بگرێته‌وه. ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ش به روونی ده‌رده‌خا ئه‌وه‌یه که راگه‌یه‌ندراوه هاوبه‌شه‌که‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا و پۆڵه‌ندا بابه‌ته جێبایه‌خه‌کانی کۆنفره‌نسه‌که‌ی یه‌ک به یه‌ک دیاری کردووه، له‌وانه بابه‌تی په‌ره‌پێدانی موشه‌که دوورهاوێژه‌کان که بابه‌تێکه لەهه‌موو ناوچه‌که‌دا ته‌نها ئێران ده‌گرێته‌وه.
گرنگترین خاڵی جێی تێڕامان لەمه‌سه‌له‌که‌دا، کاتی به‌ستنی کۆنفره‌نسه‌که‌یه که هاوکاته له‌گه‌ڵ خۆئاماده‌کردنی ئه‌مریکا بۆ کێشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی لەسوریا، ئه‌م بابه‌ته له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌و چاوه سه‌یر ناکرێ که ته‌نها کشانه‌وه‌یه‌کی عه‌سکه‌رییه، به‌ڵکو به‌و چاوه سه‌یر ده‌کرێ که پرۆسه‌که سه‌ره‌تای پوکانه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئه‌مریکایه لەناوچه‌که‌دا، ستراتیجناسه‌کانی رۆژئاوا په‌ی به‌وه ده‌به‌ن که ئه‌و بۆشاییه‌ی که ده‌رچوونی ئه‌مریکا لەناوچه‌که دروستی ده‌کا، ته‌نها روسیا لەتوانای دایه پڕی بکاته‌وه. هه‌روه‌ها گومانی تێدا نییه که ئێران و تورکیا پاش کزبوونی هه‌ژموونی ئه‌مریکا، زۆرتر ئه‌و هه‌له‌یان بۆ ده‌ڕه‌خسێ که په‌ره به به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان بده‌ن، هه‌ردووکیشیان په‌یوه‌ندییه‌کی پته‌ویان له‌گه‌ڵ روسیا هه‌یه. زیانلێکه‌وتووه گه‌وره‌کانیش ئیسرائیل و سعودیه و میسرن.
بۆیه له‌م گۆشه نیگایه‌وه، ئامانجێکی سه‌ره‌کیی کۆنفره‌نسه‌که هێنانه دیی ریزه میکانیزمێکه بۆ سنوردارکردنی هه‌ژموونی روسیا و ته‌نگهه‌ڵچنین به ئێران و خه‌فه‌کردنی که‌ف و کوڵی تورکیا. به‌ڵام له‌نێو ئه‌مانه‌دا، ئێران وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی رادیکاڵ، ده‌توانێ هه‌م ته‌نگ به ئیسرائیل هه‌ڵچنێ هه‌م به سعودیه و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانی، بەتایبه‌تی که ئێران لەڕێی باسکه رادیکاڵه‌که‌ی حزبوڵڵاوه نزیکترینیانه لەسنووری ئیسرائیل و ئاماده‌تریشه بۆ ده‌ستوه‌شاندن لێی.
گه‌وره‌ترین کێشه‌ی کۆنفره‌نسه‌که ئه‌وه‌یه که یه‌کێتیی ئه‌وروپا، بەتایبه‌تی فه‌ره‌نساو ئه‌ڵمانیا، سه‌ره‌ڕای هه‌موو تێبینییه‌کانیان له‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، هه‌مان تێڕوانینی ئه‌مریکییه‌کانیان سه‌باره‌ت به ئێران نییه و پێیان وایه ئه‌و رێککه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران به‌ستراوه، قازانجی هه‌مووانی تێدایەو ئاسایشی ناوچه‌که دابین ده‌کات. هه‌روه‌ها پێناچێ کۆنفره‌نسه‌که سه‌رکه‌وتوو بێ لەناساندنی ئیسرائیل وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی دۆستی عه‌ره‌ب، بەتایبه‌تی که شه‌قامی عه‌ره‌بی و فه‌له‌ستینی هێشتا زۆری ماوه تێڕوانینی خۆی بۆ ئیسرائیل بگۆڕێ و بەدۆست و هاوپه‌یمان و دراوسێیه‌کی باش سه‌یری بکات.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر کۆنفره‌نسه‌که سه‌رکه‌وتوو بێ لەهاندانی ده‌وڵه‌تانی که‌نداو و میسر‌و ئوردن بۆ دروستکردنی هاوپه‌یمانییه‌کی سوپایی، دیاره ئه‌و هاوپه‌یمانییه دژی ئیسرائیل نابێ و زۆرتر دژی ئێران ده‌بێ، به‌ڵام ده‌شێ دژی عیراق و سوریاش بێ که په‌یوه‌ندییه‌کی دۆستانه‌یان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یەو هه‌روه‌ها ده‌شێ دژی تورکیاش بێ، بەتایبه‌تی که لەناو ئه‌ندامه‌کانی ئه‌و هاوپه‌یمانییه، سێ ده‌وڵه‌ت که سعودیەو میسر‌و ئیماراتن، خراپترین په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵیدا هه‌یه.
هه‌موو ئه‌مه ده‌ری ده‌خا که ئه‌م کۆنفره‌نسه زۆر له‌وه دووره که بتوانێ ئاشتی و ئاسایشی ناوچه‌که بپارێزێ. بەپێچه‌وانه‌وه، ده‌شێ مایه‌ی قوڵکردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کان و په‌ره‌پێدانی گرژییه‌کان بێت.