له‌گه‌ڵ پێشڕه‌ویی سوپای رژێمی سوریا لەناوچه‌ی ئیدلب، هه‌زاران هاووڵاتیی سوریا شوێنه‌كانی شه‌ڕیان به‌جێهێشت و هه‌ڵكشانه باكوور رووەو ده‌روازه‌ی بابولهه‌وا بۆ په‌ڕینه‌وه به‌ره‌و توركیا. به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ی رێ‌یان پێبدرێ بچنه ئه‌ودیوی سنوور، ده‌رگایان بەڕوودا داخرا.
لەڕاستیدا ئه‌مه یه‌كه‌مجاره توركیا ده‌رگا بەڕووی ئاواره سورییه‌كاندا داده‌خا. هه‌ر به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه ده‌وروبه‌ری 10 هه‌زار ئاواره‌ی ده‌ڤه‌ری ئیدلب له‌به‌رده‌م ده‌روازه‌ی بابولهه‌وا گردبوونه‌وەو خۆپیشاندانێكی گه‌وره‌یان سازكرد.
توركیا هه‌ر لەسه‌ره‌تاوه ده‌ترسا ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئیدلب ببنه مایه‌ی شاڵاوێكی تری ئاواره‌بوون. لانیكه‌م سێ ملیۆن سوری لەتوركیا ئاواره‌ن. ئه‌مه‌ش بارێكی گرانی لەهه‌موو روویه‌كه‌وه له‌سه‌ر توركیا دروستكردووه. لەسه‌ره‌تای قه‌یرانه‌كه‌دا، توركیا پێشوازییه‌كی گه‌رم و گوڕی لەئاواره‌كان كرد‌و سه‌رۆكی توركیا ئه‌مانه‌ی بەموهاجرینی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر شوبهاند. توركیا پێیوابوو فشاری ئاواره‌كان زۆری له‌سه‌ر ناكه‌وێ و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه رژێمی سوریا لەماوه‌ی چه‌ند مانگی داهاتوودا بڕووخێ، هه‌ر هه‌موویان بەخێرایی ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ وڵاتی خۆیان. به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه وا ده‌رنه‌چوو. لە به‌ره‌نجامی كۆتاییدا ئاواره‌كان بوونه بارێكی گران به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی توركیا‌و له‌ناو وڵات شاڵاوێكی رق و كینه لەدژیان دروستبوو.
به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه هه‌ر ئه‌وه نییه كه توركیا ده‌رگای بەڕووی ئاواره‌كاندا داخستووه، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌كه له‌مه قوڵترەو دوو دیوی هه‌یه. یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه توركیا به‌ره‌و گۆڕینی ته‌واوی سیاسه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به قه‌یرانی سوریا هه‌نگاو ده‌نێ و له‌م چوارچێوه‌یه‌دا نایه‌وێ چیتر ده‌رگاكانی له‌به‌رده‌م شاڵاوی ئاواره‌كاندا واڵا بكات. دووه‌میان، ئه‌وه‌یه كه توركیا هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا رووەو ئه‌وه هه‌نگاو ده‌نێ كه ده‌ست لەپشتگیریكردنی گروپه چه‌كداره به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی دژ بەڕژێمی سوریا هه‌ڵگرێ و له‌م رووه‌وه پێشبینی ده‌كرێ سوپای رژێمی سوریا لەداهاتوویه‌كی نزیكدا بتوانێ ده‌ست به‌سه‌ر ئیدلب و ده‌وروبه‌ری و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌دا بگرێ.
توركیا له‌و رێكه‌وتنه‌ی كه له 17 ی ئه‌یلولی ساڵی پار واژۆی كردووه، خۆی به‌وه پابه‌ند كردووه كه ده‌ست له پشتگیریكردنی گروپه چه‌كداره به‌رهه‌ڵستكاره‌كان هه‌ڵگرێ. به درێژایی یه‌ك ساڵی ره‌به‌ق، توانی ده‌ستی ده‌ستی به روسیا بكا، به‌ڵام لەكۆتاییدا روسه‌كان په‌یامێكی روونیان گه‌یانده ئه‌نكه‌رەو رێكه‌وتنه‌كانی پێشوویان بەبیرهێنانه‌وەو گڵۆپی سه‌وزیان بۆ دیمه‌شق هه‌ڵكرد بۆ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆن له خان شیخون.
یه‌ك رۆژ پێش چاوپێكه‌وتنی ئه‌ردۆغان و پۆتین لە مۆسكۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا سێرگی لاڤروڤ لێدوانی دا‌و رایگه‌یاند كه مۆسكۆ به‌شداره له ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئیدلب و پشتیوانی لەسوپای سوریا ده‌كات.
توركیا نایه‌وێ وا خۆی پیشان بدا كه پشتی لەئاواره‌كانی سوریا كردووەو به‌ره‌و ئه‌وه هه‌نگاو ده‌نێ كه ده‌ستبه‌رداری گروپه به‌رهه‌ڵستكاره چه‌كداره‌كان بووه. به‌ڵام ره‌وتی رووداوه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێ كه توركیا به‌نیازه، به شێنه‌یی، خۆی لەفایلی سوریا بێنێته ده‌رێ. ئه‌مه‌ش بەكرده‌وه سێ ئه‌نجامی لێ ده‌كه‌وێته‌وه:
یه‌كه‌میان، ئه‌وه‌یه كه هیچ به‌ربه‌ستێك بۆ پێشڕه‌ویی سوپای رژێمی سوریا دروست ناكاو ده‌ست لەپشتگیریكردنی گروپه به‌رهه‌ڵستكاره‌كان هه‌ڵده‌گرێ.
دووه‌میان، ده‌بێ ناوچه‌كانی رۆژئاوای فورات له جه‌رابلسه‌وه تا عه‌فرین چۆڵ بكات و هه‌ر هه‌مووی راده‌ستی حكومه‌تی سوریا بكاته‌وه.
سێیه‌میان، ئه‌وه‌یه كه به‌ره‌و ئاشتبوونه‌وه له‌گه‌ڵ دیمه‌شق هه‌نگاو ده‌نێ و هه‌وڵده‌دا رێكه‌وتنامه‌ی ساڵی 1998 ی ئه‌ده‌نه جێبه‌جێ بكا، كه مایه‌ی هێنانه كایه‌ی هاوكارییه‌كی ئه‌منییه له‌گه‌ڵ سوریا بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی سنوور.
ئاشكرایه كه توركیا به خۆده‌ربازكردن لەقه‌یرانی سوریا، لێپرسراوێتییه‌كی گه‌وره‌ی له‌كۆڵ ده‌بێته‌وه، به‌ڵام له‌وه گرنگتر ئه‌وه‌یه كه ئه‌مه به‌م واتایه دێت كه توركیا پێداچوونه‌وه به سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا ده‌كات و ده‌ستبه‌رداری پرۆژه‌ی عوسمانیزمی نوێ ده‌بێ و زۆرتر بایه‌خ بەناوه‌وه ده‌دا نه‌ك بەده‌ره‌وه.
ئه‌مه به‌م مانایه نییه كه ده‌ربازبوونی توركیا لەقه‌یرانی سوریا، هه‌موو كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر ده‌كا. ده‌ربازبوونی توركیا لەقه‌یرانی سوریا خۆی لەخۆیدا سه‌ره‌تای قۆناغێكی تری گیروگرفت و گێچه‌ڵه له ناوخۆدا، كه كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر پاشه‌كشه‌ی رۆڵی ناوچه‌یی توركیا ده‌بێ و له ناوخۆشدا ئاستی ناسه‌قامگیری به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌بات.