پاش ته‌قینه‌وه‌ی جبه‌خانه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی لەعیراق، ترسی ئه‌وه هه‌یه بازنه‌ی گرژییه‌كانی ناوچه‌كه فراوانتر بێ. زۆربه‌ی زانیارییه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه رووداوه‌كه ده‌ستی ئیسرائیلی تێدایه. ئاماژه‌كانی ناو ئیسرائیلیش ئه‌م شرۆڤه‌یه پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه. به‌ڵام به‌كرده‌وه، ئه‌نجامدانی ئه‌م جۆره ئۆپه‌راسیۆنانه له‌ناو عیراق، به‌قازانجی ئیسرائیل ناشكێته‌وه. یه‌كه‌م، لەڕووی تاكتیكییه‌وه، ئه‌م گورزانه زیانێكی گه‌وره به‌تواناكانی حه‌شد ناگه‌یه‌نن و دووه‌م، ئه‌م گورزانه ده‌شێ ببنه زیاتر به‌ستنه‌وه‌ی عیراق به‌ئێرانه‌وه. پێناچێ ئه‌مه‌ش دوور بێ لەبیركردنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی ئیسرائیل. كه‌واته ئه‌وه‌ی زۆرتر رێی تێده‌چێ ئه‌وه‌یه كه هه‌نگاوه‌كه كورتبینی تێدایەو زۆرتر په‌یوه‌ندی به‌گه‌ڕی دووه‌می ئیسرائیله‌وه هه‌یه كه تێیدا بنیامین نتنیاهۆ هیوا له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی هه‌ڵده‌چنێ و بۆ راكێشانی سه‌رنجی ده‌نگده‌ران پێویستی به‌كرده‌وه‌یه‌كی نائاسایی هه‌یه.
ئه‌گه‌ر ئه‌م گورزانه ببنه هۆی زیاتر لێك نزیكبوونه‌وه‌ی عیراق و ئێران، ئه‌مه به‌م مانایه دێت كه ئێران سه‌ركه‌وتنێكی تری به‌ده‌ستهێناوه، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران لەماوه‌ی دوو مانگی رابردوودا چه‌ند سه‌ركه‌وتنێكی به‌رچاوی به‌ده‌ستهێناوه. چه‌سپاندنی رۆڵی خۆی لەكه‌نداوو ئازادكردنی كه‌شتییه نه‌وتهه‌ڵگره‌كه‌ی له جه‌به‌ل تارق، بەسه‌ركه‌وتنی باش بۆ ئێران ده‌ژمێردرێن. به‌ڵام سه‌ركه‌وتووترین ده‌ستكه‌وت كه له‌م دواییه‌دا ئێران به‌ده‌ستی هێناوه، بێلایه‌ن كردنی ئیماراته به ئه‌ندازه‌یه‌ك كه ئێستا په‌یوه‌ندیی ئێران و ئیمارات له‌وه تێپه‌ڕیوه كه به‌گرژو دوژمنانه بژمێردرێ. ئه‌مه‌ش وای لەئیمارات كردووه نه‌ختێك خۆی لەسه‌ركێشییه‌كانی سعودیه دووربخاته‌وه.
ئیمارات ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتووی له په‌ره‌پێداندا هه‌یه، به‌ڵام لەسیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا زۆر سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه. له‌به‌ر هۆیه‌كی نه‌زانراو، ئیمارات له‌م دواییه‌دا به‌لای ئه‌وه‌دا دایشكاند كه رۆڵێكی گه‌وره‌تر لەتوانای خۆی لەبواری په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تیدا بگێڕێ. ئه‌مه‌ش لە دوو مه‌سه‌له‌دا تووشی تێوه‌گلانی كرد. یه‌كێكیان، لە دژایه‌تیكردنی ئێران و ئه‌وی تر له پشتگیریكردنی سعودیه له یه‌مه‌ن. ئێستا دروستكه‌رانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیمارات لەهه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه وڵاته‌كه‌یان لەهه‌ردوو تێوه‌گلان رزگار بكه‌ن.
ئیماراتییه‌كان ده‌زانن لەكاتی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر روبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی چه‌كدار لەكه‌نداو، كه‌س به‌قه‌د ئه‌وان زیانمه‌ند نابێ. ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی حوسییه‌كان سه‌باره‌ت بەگواستنه‌وه‌ی شه‌ڕ بۆ ناو ئیمارات، هاوشێوه‌ی سعودیه، ئیماراتی تۆقاند.
له هه‌لومه‌رجی ئێستادا سیاسه‌تی ئیمارات له یه‌مه‌ن، ته‌واو جیاوازه له سیاسه‌تی سعودیه، ئیمارات پشتیوانی له سه‌رۆك عه‌بد ره‌ببو مه‌نسور هادی ناكا كه ئاواره‌یەو له ئوتێلێكی ریازه‌وه سه‌رۆكایه‌تی یه‌مه‌ن ده‌كات، له‌كاتێكدا سعودییه‌كان بەهه‌موو قورساییه‌وه پشتگیریی هادی ده‌كه‌ن. ستراتیجی ئیمارات له‌م رووه‌وه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی سعودییه‌كانه. ئیمارات پشتیوانی لەئه‌نجومه‌نی راگوزه‌ری باشوور ده‌كات. ئه‌مه‌ش به‌م واتایه دێت كه ئیمارات پشتیوانی دروستكردنه‌وه‌ی كۆماری باشووری یه‌مه‌ن ده‌كات كه پایته‌خته‌كه‌ی عه‌ده‌ن بوو.
ئیمارات له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا له‌گه‌ڵ ئێران و حوسییه‌كان یه‌كده‌گرێته‌وه. ئێران بوونی یه‌مه‌نێكی یه‌كگرتووی به‌لاوه گرنگ نییه، چونكه شیعه زه‌یدییه‌كان تێیدا نابنه گروپێكی زاڵ. ئیماراتیش پێیوایه گه‌ڕانه‌وه بۆ سیستمی دوو یه‌مه‌ن (یان سێ) ده‌رفه‌تی جێگیركردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی لەباشوور بۆ ده‌ڕه‌خسێنێ. بوونی دوو یه‌مه‌ن، له قازانجی حوسییه‌كانیشدایه، چونكه ده‌رفه‌تی فه‌رمانڕه‌وایی كردنی باكووریان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێ.
دروستبوونی درز له په‌یوه‌ندی نێوان ئیمارات و سعودیەو پشتگیریكردنی ئیمارات لەهێزه‌كانی ئه‌نجومه‌نی راگوزه‌ری باشوور، گۆڵێكی تره كه ئێران له سعودیه‌ی ده‌كات.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له‌كۆتاییدا سعودییه‌كانیش پشتیوانی لەسیستمی دوو یه‌مه‌ن بكه‌ن، كه ئه‌مه‌ش به‌كرده‌وه به‌م مانایه دێت كه ده‌بێ ره‌زامه‌ند بن بەڕاده‌ستكردنی باكووری یه‌مه‌ن به حوسییه‌كان.
له‌ڕاستیدا ستراتیجی ئیمارات لەستراتیجی سعودیه روونتره، ئیمارات ده‌ربازبوون لەجه‌نگی یه‌مه‌ن و تێوه‌گلانی هاوپه‌یمانیی سعودیه – ئیمارات، به‌دابه‌شكردنه‌وه‌ی یه‌مه‌نه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌رچوونێكی شه‌رافه‌تمه‌ندانه له یه‌مه‌ن هه‌م بۆ ئیمارات ده‌سته‌به‌ر ده‌كات هه‌م بۆ سعودیه. به‌ڵام ئه‌م ستراتیجه‌ی ئیمارات به‌نده بەڕاگه‌یاندنی كۆماری باشووری یه‌مه‌ن. به‌بێ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی باشووری یه‌مه‌ن، ئیمارات هیچی چنگ ناكه‌وێ.
به‌كرده‌وه، ئه‌مه لەبه‌رژه‌وه‌ندیی سعودییه‌كانیشدایەو رێ‌یان پێ ده‌دا وا خۆیان نیشان بده‌ن كه لانی كه‌م توانیویانه به‌شه گه‌وره‌كه‌ی یه‌مه‌ن له حوسییه‌كان رزگار بكه‌ن. ئه‌وه‌ی ئه‌وسا به‌لای سعودییه‌كانه‌وه گرنگ ده‌بێ، دوو مه‌سه‌له‌یه: یه‌كێكیان دوورخستنه‌وه‌ی باكووری یه‌مه‌نه له ئێران و ئه‌وی تر هێشتنه‌وه‌ی بچووكترین رووبه‌ری زه‌وییه بۆ حكومه‌تی سه‌نعا. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باكووری یه‌مه‌نیش په‌یوه‌ندییه به‌هێزه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران بهێڵێته‌وه، سعودیه ده‌توانێ خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بگونجێنێ.
ئه‌م سیناریۆیه‌ی ئیمارات چاكترین خزمه‌ت به سعودیه ده‌گه‌یه‌نێ و جه‌نگێكی له‌كۆڵ ده‌كاته‌وه كه چوار ساڵه تێوه‌ی گلاوەو هێشتا سه‌ركه‌وتنی تێدا به‌ده‌ست نه‌هێناوه.