یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لەسەرەتاكانەوە مەسەلەی كوردستانیبوونی شاری كەركوكی لەلا مەسەلەیەكی چارەنووسسازو سەرەكییە، لەهەموو گفتوگۆكانی كۆنو نوێ، تەنانەت دوای حوكمی دیكتاتۆرییش، تۆزقاڵێك سازشی لێ نەكردووە. سەرۆك مام جەلال-ی مەزن، داڕێژەرو بنیاددانەری ئەو سازشنەكردنەیە لەكوردستانییبوونی كەركوك بەگوێرەی هەموو سەرچاوە مێژووییەكان، تا ببێتە شاری پێكەوەژیانو تەباییو عیراقێكی بچووككراوە، هەموو رۆژەكانی رۆژژمێری خەباتی سەرۆك تاڵەبانی و (ی.ن.ك) ئەم راستییە مێژووییەی تیادا تۆماركراوە، بەڵام رۆژی 9ی فێبرایەر (شوبات) بۆ كەركوكو كەركوکییەكانو تەواوی گەلەكەمان رۆژێكی تایبەتو مێژووییە، كە لاپەڕەیەكی تری خستەسەر راستییە مێژووییە درەوشاوەكانی كوردستانییبوونی كەركوك، لاپەڕەیەكی سەروەریی تریشە بۆ سەرۆك مام جەلال-ی مەزن بۆ داكۆكیكردن لەو هەقیقەتە حاشاهەڵنەگرە، كە هەمووی بەبەڵگەی مێژووییو جوگرافیایی سەلماندو خستیە بەردەم سیاسییەكانی عیراقو چارەسازانی وڵات، تا پەی بەو راستییە ببەن بێ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، سەقامگیریی سیاسیو حوكمڕانی لەعیراقدا مەحاڵە. هەر ئەو رۆژە مەزنە بوو كە زەمینەی خۆشكرد بۆ چەسپاندنی ماددەی 58 لەقانوونی بەڕێوەبردنی دەوڵەتو ماددەی 140 لەدەستووری نوێی عیراقدا.
ئەمڕۆ بەداخەوە رەوتی رووداوەكان بەجۆرێكە كەركوك لەهەر وەخت زیاتر كەوتۆتەبەر مەترسیو هەڕەشەی داڕمانی ئەو ماڵە پڕ لەئاشتیو پێكەوەژیانەی پێكهاتەكان بێ جیاوازی، كە سەرۆك مام جەلال-ی مەزن بناغەكەی بە چەپكەگوڵەكەی باخچەی تەبایی كوردستانیو عیراقی بەتۆكمەیی؛ گوڵڕێژ كردبوو.
ئەو هەلومەرجە نەخوازراوەی، كە بەهۆی هەڵەیەكی نەشتەرگەرییە دەماغییەكەی مەسەلەی كەركوك، هاتە پێشەوە، وا دەخوازێت بەپسپۆڕیی شارەزایانەتر برینەكە ساڕێژبكرێت، چونكە حاڵەتەكە زۆر ناسكەو تەواو چاكبوونەوەی بارودۆخی كەركوك بەرگەی هەڵەیەكی تر ناگرێت. وەك سەرۆك مام جەلال؛ بەر لەمورافەعە گەورەكەی نۆی فێبرایەرو دواتریش فەرمووی چارەسەری كێشەكانی كەركوك بەژیرییو وردبینیو شارەزاییانە دەكرێت بەهەمان شێوەی نەشتەرگەریی مێشك، بۆیە پێویستە ئەم جارە بەو گیانو بیركردنەوەو ئیرادەیەوە بكرێت، كە كەركوك موڵكی هەمووانەو دەبێت لەهەر هەنگاوێكدا بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی كەركوك بەكوردو توركمانو عەرەبی رەسەنو كلدۆ ئاشووریو ئەوانیتریش، لەبەرچاوبگیرێتو هەریەكە بەپێی مافو شایستەی خۆی مامەڵەی لەتەكدا بكرێت. واتە بەو جۆرەی، كە سەرۆك مام جەلال-ی مەزن، هەمووانی رازیكردووەو نەخشەی رێگەكەی بۆ داڕشتووە، رێگەی چارەسەركردنەكەی كردۆتە رێگەی پڕ لەگوڵو گوڵزار، نەك مینو تەقەمەنی.
بۆ بەرزڕاگرتنی هەوڵە بەردەوامو لێبڕاوە سیاسیو دیپلۆماتییەكانی سەرۆك تاڵەبانی (شەڕەكانی لەسەر كەركوك) پێویستمان بەدانوستانی پشوودرێژو دیپلۆماتییە لەهەموو ئاستەكاندا، سوودوەرگرتن لەپەیوەندییە شەخسییەكانو عەشائیرییەكانیشی لەگەڵدابێت، رەنگە پێویست بەسازش بكات بۆ بەدەستهێنانو پاراستنی دەستكەوتەكان. وەك نووسەری سیاسی كاك ستران عەبدوڵڵا سەرنووسەری رۆژنامەی كوردستانی نوێ ئاماژەی بۆ كردووە «كەركوك پێویستی بەنەرمونیانیو رێبازی فابیزمە لەچارەسەركردنی هەندێك لەناكۆكییەكانی»، نەك دروشمی بریقەدارو تۆراندنو قوشقی كردنی ئەمو ئەو.