فەرید ئەسەسەرد

نەوت و قەرزەكان

  2019-07-29 16:07      366 جار بینراوە        کۆمێنت

دوو ئاڵنگاری گەورەی بەردەم كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسەلەی نەوت و گرفتی قەرزەكانە. ئەم دوو مەسەلەیە بەیەكەوە بەستراونەتەوەو هەر لەسەرەتاوە بەهاوتەریبی سەریان هەڵداوە. ناوەندە سیاسییەكانی هەرێم باس لەئاستێكی بەرزی قەرزی كەڵەكەبووی سەر هەرێم دەكەن و دەڵێن هەرێم 30 ملیار دۆلار قەرزارە. ئەم ژمارەیەش ژمارەیەكی ترسناكەو لێكەوتەی خراپی لێ كەوتۆتەوە كە گرنگترینیان ئەوەیە كە حكومەت بەدرێژایی سێ ساڵ نەیتوانیوە مووچەی فەرمانبەرەكانی خۆی بداو ناچار بووە ئاستی پەرەپێدان و خزمەتگوزاریی گشتی دابەزێنێتە ئاستێكی پێوانەیی كە %10 تا %20ی ئاستی پێش قەیرانەكەیە.
مافی هاووڵاتییە بزانێ بۆچی هەرێم لەوڵاتێكی خاوەن ئابوورییەكی گەشەسەندووەوە، لەماوەی پێنج ساڵدا، بۆتە وڵاتێكی قەرزارو گەشە چەقبەستوو. ئەگەر كابینەی هەشتەم نهێنییەكانی ئەم شكستەی لەهاووڵاتییانی خۆی شاردبێتەوە، كابینەی نۆیەم كە یەكێ لەئەركە هەرە گرنگەكانی، دانانی ستراتیجێكی گشتگیرە بۆ چارەسەركردنی كێشەی قەرزەكان، نابێ شوێن پێی كابینەی پێشوو هەڵگرێ و هۆكانی كارەساتەكە لەهاووڵاتییەكانی بشارێتەوە.
كوردستان بەبەراورد لەگەڵ ژمارەی دانیشتووانی و ئاستی گەشەی ئابووریی و جۆری پڕۆژەو خزمەتگوزارییەكانی، زیاد لەپێویست قەرزارە، بەڕادەیەك كە ئاستی قەرزەكانی لەئاستی قەرزی زۆر وڵات بەرزترە. هەر بۆ نموونە، كوردستان لەهەریەك لەسعودیەو ئێران و ئوردن قەرزارترە كە ئەم سێ دەوڵەتە یەك لەدوای یەك 14 و 9 و 8 ملیار دۆلار قەرزارن و هەرسێكیان پێكەوە 31 ملیار دۆلار قەرزارن. مەسەلەكە هەربەوە داناكەوێ كە وڵات قەرزارە، بەڵكو ئەم قەرزاربارییە كاریگەریی لەسەر پشكی هەر هاوڵاتییەك لەو قەرزە هەیە. بۆیە، لەكاتێكدا هەر هاووڵاتییەك لەئوردن 9.3 دۆلاری لەقەرزی وڵاتەكەی دەكەوێتە ئەستۆ، لەئێران 170 دۆلارو لەسعودیە 3176 دۆلاری دەكەوێتە ئەستۆ. كەچی لەكوردستاندا هەر هاووڵاتییەك 6000 دۆلاری لەو قەرزانە دەكەوێتە ئەستۆ. حكومەتی فیدراڵی عیراق لەحكومەتی هەرێم قەرزارترەو ئاستی قەرزەكەی گەیشتۆتە 54 ملیار دۆلار، بەڵام توانای دانەوەی قەرزەكانی لەحكومەتی هەرێم باشترەو پشكی هەر هاووڵاتییەكی عیراقی لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵ زۆر لەوەی هەرێم نزمترەو دەگاتە 1641 دۆلار، بەڕەچاوكردنی ئەوەی كە ئیدارەدانی 30 ملیۆن كەس لەئیدارەدانی 5 ملیۆن كەس قورسترە.
بەس نییە هەر ئەوە بوترێ كە حكومەتی مالیكی بەرپرسە لەسەرهەڵدانی كێشەكە، چونكە بودجەی هەرێمی بڕیوە. لەڕاستیدا سیاسەتی ئابووریی سەربەخۆ كە لەكوردستان پیادەكراوە، هەر لەدەستپێكەوە بەچەوتی دەستی پێكردووەو هەر لەسەرەتاشەوە ئامانجە سیاسییەكان بەسەر ئامانجە ئابوورییەكاندا زاڵ بووەو لەسەر دەستی كەسانێكی بێ ئەزموون بەڕێوەچووە.
كابینەی نۆیەم بەسەرەتایەكی باش دەستی پێكرد، كاتێك بایەخێكی تایبەتی بەیەكلاكردنەوەی دۆسێی نەوتی دا لەگەڵ بەغداو ئامادەییەكی شایستەی بەپابەندبوون بەجێبەجێكردنی یاسای بودجەی ساڵی 2019 نیشان دا. ئەمە، لەڕوانگەی بەغداوە، بەدوو مانا دێ. یەكێكیان، ئامادەیی هەرێمە بۆ رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت لەڕۆژێكدا بەكۆمپانیای سۆمۆ، ئەوی تر ئامادەیی هەرێمە بۆ هاوكاریكردنی حكومەتی فیدراڵ بۆ رێكخستنی پرسی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لەچوارچێوەی ئەنجومەنی فیدراڵی نەوت و گازو یاسای فیدراڵی نەوت و گاز لەئایندەدا.
ئەركی كابینەی نۆیەم لەئەركی كابینەی پێشوو قورستر دەبێ، چونكە دەبێ خەریكی راستكردنەوەی ئەو چەوتییانە بێ كە كابینەی پێشوو ئەنجامی داون و ستراتیجی چارەسەر پیادە بكات. بەدڵنیاییەوە، كابینەی نۆیەم سەرقاڵی دانوستانێكی دژوار دەبێ لەگەڵ بەغدا كە ئامانجەكەی ئەوەندەی هەوڵدان دەبێ بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانی هەرێم، ئەوەندە دەستەبەركردنی تەواوی بەرژەوەندییەكانی هەرێم نابێ. لەدۆخێكی وادا گەیشتن بەڕێكەوتنێكی مامناوەنجی و تەنانەت كەمتریش لەمامناوەنجی، دەشێ باشتر بێ لەدرێژەپێدانی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكان.
چارەسەركردنی سەركێشییەكانی پێشوو پێویستی بە دانایی و مامەڵەیەكی نەرم و نیانە، هەروەك پێویستی بەدروستكردنەوەی متمانەیە. لەكابینەی پێشوودا بەوەی كە هەولێر نەیتوانی پابەند بێ بەڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت لەڕۆژێكدا بە بەغدا، هیچ بوارێك بۆ سەقامگیركردنی متمانە لەنێوان هەرێم و بەغدا نەما. ئەو پرسیارەی لێرە دێتە پێش ئەوەیە كە ئایا هەرێم لەسەردەمی كابینەی پێشوودا بۆچی نەیتوانیوە یان نەیویستووە 250 هەزار بەرمیل نەوت لەڕۆژێكدا رادەستی سۆمۆ بكات؟ ئەگەر هەرێم ئەوسا نەیتوانی بێ و ئێستا بتوانێ ئەو بڕە دیاریكراوە بدا بە سۆمۆ، ئەمە بەڵگەی شكستێكی گەورەی كابینەی پێشوو دەبێ. ئەگەر ئێستاش نەتوانێ، هیچ بابەتێك نامێنێ وتوێژی لەگەڵ بەغدا لەسەر بكرێ و دەبێ چاوەڕێی رۆژگارێكی ناخۆشتر لەڕۆژگاری كابینەی پێشوو بكەین.
سەركەوتنی كابینەی تازە بەندە بەدۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاو بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوو ئاڵنگارەكەی نەوت و قەرزەكان، ئەگەر نا كابینەی تازە هیچی بەهیچ ناكا.

وتاری زیاتر








یاریكردن بەكارتی حزبی بەعس‬ فەرید ئەسەسەرد
2021-02-22 19:15      234 جار بینراوە



عەللاوی و كابینەكەی‬ فەرید ئەسەسەرد
2020-02-17 17:54      447 جار بینراوە







كوردو په‌یمانی ناتۆ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-11-11 18:05      478 جار بینراوە







ئیسرائیل بەرەو پاشاگەردانی ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-09-23 16:50      430 جار بینراوە






نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو