سه‌ره‌ڕای پێنج خولی دانوستان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم، هێشتا هه‌واڵه‌كان بەئاكامی خوازراو نه‌گه‌یشتوون. بەدڵنیاییه‌وه ئه‌م دۆخه دۆخێكی نموونه‌یی نییه، به‌ڵام ده‌بێ دان به‌وه‌شدا بنرێ كه مه‌رج نییه پێكهێنانی كابینه‌ی تازه هه‌موو جار بەئاسانی به‌ڕێوه‌بچێ. ئه‌وه بۆ خۆی به‌ڵگه‌یه كه پێكهێنانی كابینه‌ی چواره‌می ئه‌نگیلا مێركل لەئه‌ڵمانیا، شه‌ش مانگی خایاند. كابینه‌ی ئه‌م دوواییه‌ی سه‌عد حه‌ریریش له لوبنان پاش زیاتر لەهه‌شت مانگ لەدانووستان پێكهێنرا. لەهه‌ندێ هه‌لومه‌رجدا ده‌بێ دانوستانكاران پشوو درێژبن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن كابینه‌ی تازه له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كی پته‌و پێكبهێنن.
دروست نییه به‌و جۆره سه‌یری پێكهێنانی كابینه بكرێ كه ته‌نها دابه‌شكردنی پۆسته وه‌زارییه‌كانه به‌سه‌ر لایه‌نه پێكهێنه‌ره‌كاندا. دیاره مه‌سه‌له‌كه له‌وه ئاڵۆزترەو پێویستی بەكۆششی زۆرتره. هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌شدار ده‌بن لەپێكهێنانی كابینه‌ی تازه‌دا مافی خۆیانه داوای به‌شدارییه‌كی ڕاسته‌قینه لەپرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیاری سیاسی و ئابووریدا بكه‌ن و ڕۆڵێكی كارایان لەداڕشتنی سیاسه‌ته گشتییه‌كاندا هه‌بێ، هه‌روه‌ك مافی خۆیانه گه‌ره‌نتیی له‌م ڕووه‌وه به‌ده‌ست بێنن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵەو كه‌موكوڕییه‌كانی كابینه‌ی هه‌شته‌م دووباره نه‌بنه‌وه.
ده‌بێ سڵ له‌وه نه‌كه‌ینه‌وه كه هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ڕه‌خنه‌گرانه‌مان بۆ كابینه‌ی پێشووی لایه‌نێكی سیاسی به‌شدار لەكابینه‌دا بەشێوه‌یه‌كی نایاسایی دوور خرایه‌وەو په‌رله‌مان بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ په‌خرا، هه‌ر وه‌ك كابینه‌ی هه‌شته‌م له‌ناو هه‌موو كابینه‌كاندا تاكه كابینه بووه كه نه‌یتوانیوه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كانی بدات و بەدڵنیاییه‌وه لەدوای خۆی قه‌رزێكی بۆ كابینه‌ی نۆیه‌م به‌جێ دێڵێ.
كابینه‌ی تازه پێویستی به په‌یكه‌ركردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی گشتی و داموده‌زگا حكومییه‌كان هه‌یه كه ئه‌مه‌ش ده‌بێ پێشوه‌خت بەتێرو ته‌سه‌لی تاووتوێ بكرێ و ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر بكرێ.
لایه‌نه پێكهێنه‌ره‌كان بۆ ماوه‌ی چوار ساڵی داهاتوو پێكه‌وه وڵات به‌ڕێوەده‌به‌ن و پێكه‌وه سیاسه‌ته گشتییه‌كان داده‌ڕێژن و پێكه‌وه جێبه‌جێی ده‌كه‌ن، بۆیه ده‌بێ هه‌م له‌وه دڵنیابن كه به‌شداری ڕاسته‌قینه ده‌بن له لێپرسراوێتیدا هه‌م ده‌بێ له‌وه دڵنیابكرێنه‌وه كه سیاسه‌تی په‌یڕه‌وكراوی كابینه‌كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی گیانی لێپرسراوه‌تی هاوبه‌ش ده‌بێ و داهاته‌كان بەشێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كاندا دابه‌ش ده‌كرێن. ئه‌مه‌ش به‌م واتایه دێت كه ده‌بێ هه‌مووان ڕۆڵێكی ڕاسته‌قینه‌یان هه‌بێ لەداڕشتنی سیاسه‌تی په‌ره‌پێدانداو هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ناوه‌ند چڕنه‌كرێنه‌وه. بەدڵنیاییه‌وه زۆر گرنگه هه‌موو ناوچه‌كان به‌شداربن له لێپرسراوه‌تی هاوبه‌ش لەبواری په‌ره‌پێدان.
هێنانه دی كابینه‌یه‌كی به‌هێز ده‌وه‌ستێته سه‌ر ئه‌ندازه‌ی ته‌بایی لایه‌نه پێكهێنه‌ره‌كان. جوگرافیای ته‌باییش ته‌نها هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ناگرێته‌وه، به‌ڵكو سه‌رتاسه‌ری هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمیش ده‌گرێته‌وه، بەتایبه‌تی ناوچه جێناكۆكه‌كان. فراوانكردنی جوگرافیای ته‌بایی بەچه‌شنێك كه هه‌رێم و كه‌ركوك و به‌غدا بگرێته‌وه، مه‌رجی سه‌ره‌كی هاتنه دی كابینه‌یه‌كی به‌هێزو تۆكمه‌یه و لەهه‌مانكاتدا مه‌رجی سه‌ره‌كی سه‌ركه‌وتنی كابینه‌كه‌شه، بەتایبه‌تی كه ئه‌زموونی كابینه‌ی هه‌شته‌م نیشانی داوه كه كێشه‌ی نێوان لایه‌نه پێكهێنه‌ره‌كان لەهۆڵی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سه‌رهه‌ڵناده‌ن، به‌ڵكو لەده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌كه دروستده‌بن، لەشه‌قامداو لەناو داموده‌زگاكاندا، لەناو سه‌ندیكاكان و زانكۆكاندا، هه‌روه‌ها لەكه‌ركوك و به‌غدا. پاشان سنووری جوگرافی خۆیان ده‌به‌زێنن و له‌ناو هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ڕه‌نگده‌ده‌نه‌وه.
ناتوانرێ نكوڵی له‌وه بكرێ كه دواكه‌وتنی پێكهێنانی كابینه‌ی تازه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی قه‌یرانی بێ متمانه‌ییه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بەچاویلكه‌یه‌كی گه‌شبینه‌وه سه‌یری مه‌سه‌له‌كه بكه‌ین، ده‌توانین وا لەدۆخه‌كه بڕوانین كه سه‌ركه‌وتنی لایه‌نه‌كان لەگه‌یشتن بەفۆرمێكی گونجاو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م، خۆی لەخۆیدا و لەهه‌مان كاتدا دۆخێكه بۆ گێڕانه‌وه‌ی متمانەو چه‌سپاندنی و ره‌واندنه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه به‌شداره‌كان پێكه‌وه لێپرسراوه‌تیه‌كه بەهاوبه‌شی بگرنه ئه‌ستۆ.
ڕێگای كابینه‌ی نۆیه‌م مینڕێژكراو نه‌كراوه، به‌ڵام ته‌گه‌ره‌ی له‌به‌رده‌مدایه. ئه‌و ته‌گه‌رانه ته‌نها بەده‌سته‌به‌ركردنی به‌شدارییه‌كی ڕاسته‌قینه لەده‌سه‌ڵات و بڕیاڕو به‌ڕێوه‌بردن و په‌ره‌پێدان ڕاده‌ماڵدرێن.