مردنی كتوپڕی سه‌رۆكی پێشووی میسر محه‌مه‌د مورسی لەكاتی دادگایی كردنی، مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌وڵه‌ت و ئیسلامی هێنایه‌وه به‌ر باس.
لەیه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ئازاد‌دا له‌وه‌ته‌ی رژێمی پاشایه‌تی لەمیسر لەساڵی 1952 رووخاوه، كاندیدی ئیخوان موسلمین محه‌مه‌د مورسی لەساڵی 2012 دا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناو بووه یه‌كه‌م سه‌رۆكی مه‌ده‌نیی هه‌ڵبژێردراو بەشێوه‌یه‌كی دیموكراتییانه لەمێژووی میسردا.
پاش حه‌وت ساڵ له‌م ئه‌زموونه دراماتیكییه، ئێستا ده‌رده‌كه‌وێ كه له‌و كاته‌دا هێشتا میسر نه بۆ ئه‌زموونی دیموكراسی له‌بار بوو نه بۆ ئه‌زموونی هاتنه سه‌ر كاری ئیسلامییه‌كان. محه‌مه‌د مورسی بەشێوه‌یه‌كی دیموكراتییانه گه‌یشت بەده‌سه‌ڵات، هه‌رچه‌ند ئیسلامییه‌كان لەڕووی فیقهییه‌وه باوه‌ڕیان بەدیموكراسی نییه.
هه‌ره‌سهێنانی رژێمی حوسنی موباره‌ك لەساڵی 2011، بۆشایی ده‌سه‌ڵاتی لەمیسر هێنایه ئاراوەو كۆمه‌ڵگەی توشی شۆك كرد، بەتایبه‌تی كه هیچ ئه‌لته‌رناتیڤێكی شایستەو به‌هێز نه‌بوو، به‌ڵام ته‌وژمی ئیسلامگه‌را په‌ره‌ی سه‌ندو ئیسلامییه‌كان باوه‌ڕی ته‌واویان به‌وه هه‌بوو كه میسری تازه له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان له‌دایك ده‌بێ.
لەگه‌ڕی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردندا پێشبینی ده‌كرا ركابه‌رایه‌تی بكه‌وێته نێوان محه‌مه‌د مورسی و عه‌بدولمنعم ئه‌بولفتوح كه هه‌ردووكیان ئیسلامی بوون، به‌ڵام یه‌كه‌میان شارستانیتر هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌كردو ئه‌وی تر سه‌له‌فییانه. لەگه‌ڕی یه‌كه‌مدا هیچ كام له 9 كاندیده‌كه زۆرینه‌ی ره‌های به‌ده‌ست نه‌هێنا، ئه‌نجامی راگه‌یه‌ندراویش ده‌ریخست كه ئیخوان ئه‌و هێزه‌یان نییه كه بیری لێ ده‌كرایه‌وه، چونكه لەهه‌ر چوار ده‌نگده‌ر، یه‌ك ده‌نگده‌ر ده‌نگی پێ داون. هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وت كه كاندیدی عه‌لمانییه‌كان ئه‌حمه‌د شه‌فیق ده‌نگێكی زۆری به‌ده‌ستهێناوه. جیاوازیی نێوان ده‌نگه‌كانی مورسی (%24) و شه‌فیق (%23) زۆر كه‌م بوو. لەگه‌ڕی دووه‌مدا مورسی بردییه‌وەو %51ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا. ئه‌م رێژه‌یه‌ش نیشانی ده‌دا كه مورسی بەجڕه‌جڕ ده‌رچووه. عه‌لمانییه‌كان هه‌ردوو گه‌ڕیان دۆڕاند، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لەئه‌نجامی گه‌ڕی یه‌كه‌م وردبینه‌وه، ده‌بینین عه‌لمانییه‌كان لەپێشه‌وه‌ن، چونكه مورسی و ئه‌بولفتوح سه‌رجه‌می %41ی ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ستهێناوەو شه‌فیق و حه‌مدین سه‌بباحی و عه‌مرو مو‌سا سه‌رجه‌می %54ی ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ستهێناوه. ئه‌م ئه‌نجامه نیشانی داوه كه هه‌ر لەسه‌ره‌تاوه پێشبینی ده‌كرا ئیسلامییه‌كان زۆر به‌ربه‌ست و ئاڵنگارو ته‌گه‌ره بێته به‌رده‌میان.
لەهه‌ڵسه‌نگاندنێكی گشتیدا، چه‌رده‌یه‌ك تێبینی له‌سه‌ر ئه‌زموونی یه‌ك ساڵه‌ی حوكمی ئیخوان هه‌یه. به‌ر لەهه‌موو شتێك، مورسی بژارده باشه‌كه‌ی ئیخوان نه‌بوو، چونكه هه‌ر لەبنه‌مادا مه‌رجه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی تێدا نه‌بوو و شایسته‌ی ئه‌وه نه‌بوو كه ببێ بەده‌مڕاستی ئیسلامییه‌كانی میسر. له‌ڕاستیشدا ئیخوان چاویان له‌وه بوو خیره‌ت شاتر كاندیدیان بێ نه‌ك مورسی، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی دڵنیا نه‌بوون شاتر هه‌موو مه‌رجه یاساییه‌كانی تێدایه، ئه‌و و مورسییان (وه‌ك یه‌ده‌ك) كاندیدكرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر شاتر په‌سه‌ند نه‌كرا، كاندیدی یه‌ده‌كیان نوێنه‌رایه‌تییان بكات. به‌مجۆره، چانس نه‌ك لێوه‌شاوه‌یی، مورسیی گه‌یاند بەكورسی سه‌رۆكایه‌تی.
ئه‌زموونی یه‌ك ساڵه‌ی ئیخوان نیشانی دا كه میسر دوو سه‌رۆكی هه‌یه: مورسی وه‌ك سه‌رۆكی فه‌رمی و محه‌مه‌د به‌دیع رابه‌ری ئیخوان وه‌ك سه‌رۆكی نافه‌رمی، چونكه لەماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت لەكۆشكی سه‌رۆكایه‌تی دانه‌ده‌نرا، به‌ڵكو لەكۆبوونه‌وه‌كانی سه‌ركردایه‌تیی ئیخوان داده‌نرا. ئه‌مه‌ش سیستمێكی نیمچه تۆتالیتاری هێنایه كایه‌وه كه تێیدا حزب و ده‌وڵه‌ت تێكهه‌ڵكێشی یه‌كتری ده‌كرێن و بەئه‌سته‌م لێك جیا ده‌كرێنه‌وه.
لەتاكه ساڵی حوكمڕانییاندا ئیخوان زۆر بەهه‌ڵپه بوون بۆ ئیسلامیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگە. ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی توندی لەدژیان دروستكرد. به به‌راورد، ئیسلامییه‌كانی توركیا لێزانانه‌تر كاریان كرد‌و سه‌ركه‌وتوو بوون لەڕاماڵینی به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م ئیسلامیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگە، بەشێنه‌یی و به‌ره به‌ره، به‌بێ هه‌ڵپه و بەخشكه‌یی و بەشێوه‌یه‌كی یاسایی و لەچوارچێوه‌ی پلانێكی درێژخایه‌نداو بەكه‌مترین هانا بردن بۆ فشار‌و تۆقاندن، به‌رنامه‌ی خۆیان جێبه‌جێ كرد‌و هاووڵاتیانیان لەدژی خۆیان نه‌وروژاند. هه‌ر به‌هۆی ئه‌مه‌وه، كاردانه‌وه‌ی توند لەدژیان سه‌ری هه‌ڵنه‌داو له‌ڕێی به شارستانی كردنی ئیسلام و مۆدێرنیزه‌كردنی شێوه‌ی جێبه‌جێ كردنی شه‌ریعه‌ته‌وه توانییان پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی توندوتۆڵ و تۆكمه بۆ خۆیان دابین بكه‌ن.
به‌شێك لەهۆكانی شكستی ئه‌زموونی حوكمڕانیی ئیخوان لەمیسر، بۆ توندڕه‌ویی سه‌له‌فییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه. سه‌له‌فییه‌كان كه تێڕوانینی پارێزگارانه‌ترو جیهانبینییه‌كی داخراوتریان هه‌یه، هه‌لی هاتنه سه‌ر كاری ئیسلامییه‌كانیان قۆسته‌وه و ته‌نگیان به ئازادیی تاك و ئافره‌تان هه‌ڵچنی و كۆمه‌ڵگەیان له به‌رده‌وامبوونی فه‌رمانڕه‌وایی ئیسلامی تۆقاند. نه مورسی و نه ئیخوان به‌رپه‌رچی سه‌له‌فییه‌كانیان نه‌دایه‌وه، به‌ڵكو به‌و چاوه سه‌یریان ده‌كردن كه له‌شكره یه‌ده‌كه‌كه‌ی رۆژی ته‌نگانه‌ن و ئه‌ركێك جێبه‌جێ ده‌كه‌ن كه شایانی رێزلێگرتنه. به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه پێچه‌وانه كه‌وته‌وه، چونكه سه‌له‌فییه‌كان ئه‌زموونی ئیخوانیان ناشیرین كرد و بوونه هۆی دروستبوونی به‌ره‌یه‌كی به‌هێز له دژیان.
هه‌رچه‌ند نكوڵی له‌وه ناكرێ كه میسرییه‌كان به گشتی گه‌لێكی دیندارن، به‌ڵام كه‌لتووری كۆمه‌ڵایه‌تیی میسرییه‌كان كه‌یفی به ئیسلامی سیاسی نایه و زۆرتر به لای ئیسلامێكی میانڕه‌ودا داده‌شكێنێ.
ئه‌مریكییه‌كان زۆر مه‌به‌ستیان بوو ئه‌زموونی ئیخوان سه‌ركه‌وتوو بێ و خوازیار بوون ئیسلامی دیموكرات بكه‌نه ئه‌لته‌رناتیڤی ئیسلامی ئوسامه بن لادن و قاعیده، به‌ڵام هاوپه‌یمانه‌كانیان له كه‌نداو، به تایبه‌تی سعودیه و ئیمارات، زۆر دژی ئه‌زموونی دیموكراتیزه‌كردنی ئیسلام بوون و ئه‌وه‌نده‌ی له توانایاندا بوو دژی ئه‌زموونه‌كه وه‌ستانه‌وه و كاریان بۆ له‌باربردنی كرد.
له به‌ره‌نجامی كۆتاییدا، ئه‌زموونی ئیخوان له میسر له‌به‌ر هه‌ڵه گه‌وره‌كانی ئیخوان و سه‌له‌فییه‌كان و دژایه‌تیی كه‌نداو، شكستی هێنا. ئه‌گه‌ر ئه‌و سیستمه سیاسییه‌ی كه ئیخوان دایاننا، به سیستمی سه‌رۆكایه‌تی ده‌ستی پێ نه‌كردایه، به‌ڵكو به سیستمی په‌رله‌مانی ده‌ستی پێ بكردایه، ره‌نگه چانسی به‌رده‌وامبوونی زیاتر بوایه، به تایبه‌تی كه سیستمی په‌رله‌مانی میكانیزمی گونجاوتر بۆ به‌شداریی سیاسی، هه‌م له ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندندا هه‌م له ده‌سه‌ڵاتی یاساداناندا و هه‌م له پێگه‌ی ئۆپۆزسیۆندا، ده‌ڕه‌خسێنێ و رێ له دیكتاتۆریای تاك ده‌گرێ و زۆرتر به‌كه‌ڵكی ئه‌و گه‌لانه دێت كه تازه به‌ره‌و دیموكراسی ده‌چن. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له بیركردنه‌وه‌ی ئیسلامی‌دا ((سه‌رۆك)) زۆرتر له چه‌مكی مێژوویی ((خه‌لیفه))وه نزیكتره، زۆربه‌ی ئیسلامییه‌كان سیستمی سه‌رۆكایه‌تی له سیستمی په‌رله‌مانی به باشتر ده‌زانن.