داعش ناوی ئەو گرووپە چەتەگەرییە تیرۆریستییە یە کە ماوەی چەند ساڵێکە هەموو جیهانی تووشی شۆکێکی گەورە کردووە. دیارە نەک لەبەرئەوەی کە لە مێژوودا، مرۆڤایەتی دڕندەی لەم شێوەی بەخۆوە نەدیوە، بەڵکە زیاتر لەبەرئەوەیە کە لە سەدەی نوێدا ، وەحشیگەری لەو شێوەیە کەم ڕوویداوە. دیارە بۆ ئێمەی کورد بوونی داعش ئاساییە، چونکە پێش داعشیش سووپا دڕندەکانی تورک و بەعس، ئەنفال و ماڵوێرانیان کردووین.
پاش نزیکەی چوار ساڵێک لە حوکمی نەگریسی ئەم گرووپە چەتەیە، ئەمساڵ ناوچەکە و جیهان، قەڵەمڕەوی داعشیان لەسەر جوگرافیای سوریا و عیراق کۆتایی پێ هێنا، دیارە ئەوەش پاش کوشتنی هەزاران کەسی مەدەنی و بە کۆیلەکردنی ژنان و کچانی ئێزدی و لەدەستدانی رۆحی پاکی هەزاران گەنج و لاوی ناوچەکە ، بۆئەوەی کۆتایی بە حوکمی نەگریسی ئەم چەتانە بهێنن و رووبەرویان بوەستنەوە.
راستە حوکمی داعش لەسەر سنوورێکی جوگرافی نەماوە، لێ ئەمە مانای لەناوچوونی تەواوەتی ئەو گرووپە نییە، چونکە هێشتا لەناوچەکە و جیهانیش، چەندین شانەی نوستوی هەیە.
ئێمە لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین لە نزیکەوە هۆکاری دروستبوون و لەناوچوونی ئەم گرووپە تیرۆریستییە باسبکەین، لەهەمانکاتیشدا، پاشماوەو کاریگەرییە خراپەکانی لە ناوچەکە دەخەینە روو.
سەرەتاکانی دروستبوونی داعش
داعش کورتکراوەی ناوی « دەوڵەتی ئیسلامیی لە عیراق و شام» ، ئەم ڕێکخراوە لە چاو ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی تر بۆ نموونە ئیخوان موسلمین، مێژوویەکی هێندە درێژی نییە. مێژووی دروستبوونی ئەم ڕێکخراوە بۆ ساڵانی 2000 دەگەڕێتەوە، وە بەتایبەتیش بۆ ساڵی 2003 ، ئەو کاتەی ئەمریکا عیراقی داگیرکرد. دیارە داعش پێشتر چەند گرووپێکی توندڕەی ئیسلامی بوون، پاشان ساڵی 2013 ناوی خۆیان دەگۆڕن بۆ داعش.
زەرقاوی باوکی رۆحی داعش
ساڵی 2000 جیهادی و سەلەفییەکی توندڕەوی ئوردونی بەناوی « مسعەب زەرقاوی» ، ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بەناوی « جماعە التوحید و الجهاد» دروستدەکات. ئەندامانی ئەم رێکخراوە بریتی بوون لە سەلەفییە توندڕەوەکانی ئورودن و فەلەستینیەکان و ئەو عەرەبانەی کەلە ئەفگانیستان گەڕابوونەتەوە ئوردون.
پاش ئەوەی ساڵی 2001 لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، ڕێکخراوەی قاعیدە لە ئەفغانیستان دەردەکرێت، زەرقاوی و هاوڕێکانی لە ئەفغانیستان ڕادەکەن و دێنە کوردستانەوە ، پاشتر کەس نازانێت چۆن ئەم پیاوە خۆی گەیاندۆتە ئوردون. جێگەی ئاماژەیە ئەوکاتە لە کوردستاندا لە ناوچەی هۆرامان « ئەنسار السنە» هەبوون، کە ئەمانیش ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ئیسلامی بوون، ماوەیەکی زۆر دژی یەکێتی نیشتمانی کاری تیرۆریستییان دەکردو نیمچە خەلافەتێکی ئیسلامییان لە دەڤەری هۆرامان دامەزراندبوو، ئەم جەماعەتە لەلایەن مەلا کرێکارەوە رابەرایەتی دەکران.
داگیرکردنی عیراق و هەلی زێڕین بۆ زەرقاوی
داگیرکردنی عیراق لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی 2003، وەکو دیارییەکی خودا وابوو بۆ هەموو جیهادیستەکان و دەوڵەتە عەرەبییەکان. جیهادیستەکان لە خوایان دەویست دەستیان بگاتە ئەمریکییە کافرەکان، تا تۆڵەیان لێبستێننەوە، دەوڵەتە عەرەبییەکانیش بۆ ئەوەی هەرچی جیهادیی و ئیسلامی توندڕەوی خۆیان هەیە، فڕێیان بددەنە عیراق و بەمشێوەیە بە بەردێک دوو چۆلەکە دەکوژن، لەلایەک تیرۆریستەکان لە خۆیان دووردەخەنەوە، لەلایەکی تریشەوە ، ناهێڵن ئەمریکیەکان بە ئاسانی پرۆژەکانی خۆیان لە عیراقدا بچەسپێنن.
زەرقاوی ئەمیری قاعیدە لە عیراق
زەرقاوی و ڕێکخراوەکەی بوونە ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستی جیهانی « قاعیدە» کە ئەوکاتە ئوسامە بن لادن سەرپەرشتی دەکردو پاشانیش زەواهیری جێگەی گرتەوە. زەرقاوی و ڕێکخراوەکەی وەکو لقێکی قاعیدە ، لە عیراقدا دەستیانکرد بە کاری تیرۆریستی و مرۆڤ سەربڕین لەم وڵاتەدا، دیارە زیاتر کارەکانی ئەم ڕێکخراوە دژی خەڵکی سیڤیلی عیراقی بوو تا لەشكری ئەمریکی .
کوشتنی زەرقاوی 2006
لە ساڵی 2006 زەرقاوی « ئەنجومەنی شواری موجاهدین « دروستدەکات، ئەم ئەنجومەنە وەکو دەستەیەکی باڵای ئیداری و سیاسی ئەم ڕێکخراوە وابوو، لە هەمانساڵدا زەرقاوی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەکوژرێت، لەپاش ئەمە ئەنجومەنی شوراوی موجاهدین « ئەبو حەمزە المهاجر و « وەکو ئەمیر و «عومەر ئەلبەغدادی « وەکو جێگری دادەنێن. پاشتریش ناوی ڕێکخراوە بۆ « دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق « دەگۆڕێت.
لە ئەپریلی ساڵی 2010 لە هێرشێکی سووپای ئەمریکیدا، لە ماڵێکدا ئەبو حەمزە و عومەر بەغدادی دەکوژرێن. پاش ماوەیەک ئەنجومەنی شورای موجاهدین « ئەبوو بەکر بەغدادی « دەکەنە ئەمیری خۆیان. لێرەشەوە مرۆڤایەتی تووشی خوێنمژترین مرۆڤی سەدەی نوێ دەبێتەوە.
ئەبو بەکر بەغدادی کێیە؟
إبراهیم بن عواد بن إبراهیم البدری لە ساڵی 1971 لە شاری سامەرا لەدایک بووە. دیارە ئەو چەندین نازناوی هەبووە لەوانە (علی البدری السامرائی»، « أبو دعاو «، الدكتور إبراهیم، «الكرار ) لە کۆتایشدا « ئەبو بەکر بەغدادی» .
ئەو لە زانکۆی بەغدا کۆلیژی شەریعەتی ئیسلامی خوێندووەو پاشانیش ماجستێر و دکتۆرای هێناوە. پاشتر وەکو مامۆستایەکی ئاینی و داعییەی ئیسلامی کاریکردووە. ئەو لە بنەماڵەیەکی سەلەفی و تەکفیری لەدایکبووە، باوکی « شێخ العواد» کەسێکی سەلەفی و تەکفیری بووە لەهەمانکاتیشدا یەکێک بووە لە پیاوماقووڵانی عەشیرەتی « البوبدری» مامەکانیشی هەموویان مەلا و داعییەی ئیسلامین و هەڵگری بیری سەلەفی و تەکفیرین.
یەکگرتن لەگەڵ بەرەی نوسرە
« بەرەی نوسرە»، کە لە لایەن سەلەفییەکی توندڕەوی سووریەوە رابەری دەکرێت بەناوی « أبو محمد الجولانی، « کە کۆمەڵێک کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد لە سووریا ئەنجامداوە.
لە نۆی ئەپریلی ساڵی 2013 لە شریتێکی تەلەڤزیۆنیدا ئەبوبەکر بەغدادی ئیعلانی دروستکردنی « دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام» ڕاگەیاند ، ئەم ڕێکخراوە نوێیە لە ئەنجامی تێکەڵبوونی « دەوڵەتی ئیسلامی عیراق و بەرەی نوسرە» پێکهات. لێرەشەوە مێژووی خوێناوی داعش دەستیپێکرد.
بۆچی داعش دروستبوو
دیارە کۆمەڵیک هۆکاری سیاسی و مێژوویی و کولتووری وئابووری هەن کە بوونە هۆی دروستبوونی ڕێکخراوێکی مەرگدۆستی وەکو داعش، لێرەدا هەوڵ دەدەین بە کورتی باسی هەندێکیان بکەین.
1/ هۆکاری سیاسی
پشێوی سیاسی لە عیراق و سووریا
ئەم دوو دەوڵەتەی رۆژهەڵات، ماوەیەکی زۆرە تووشی پشێوی و نائارامییەکی سیاسی بوونەوە. عیراق لەپاش داگیرکردنی ئەمریکا لە ساڵی 2003 وە، بۆتە مۆڵگەی هەموو گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان. لەلایەکی تریشەوە هەرچی بەعسی و عەرەبی سوونە فاشیست و سەلەفی توندرەو هەیە، خۆیان خزاندۆتە ژێرباڵی فکری تەکفیری و چەتەگەری داعشەوە.
بە واتایەکی تر داعش هەڵگری هەمان بیری ناسیۆنالیزمی توندڕەوی عەرەبی بەعسییە، کە پێشتر دژی مەزهەب و نەتەوە جیاکانی عیراق هەیانبوو.
لە سووریاش ماوەی چەندین ساڵە ئەم وڵاتە خۆی لەبەردەم جەنگێکی ناوخۆیی دەبینێتەوە، کە ڕژێمەکەی ئەسەد بە هیچ شێوەیەک ئامادەنییە، واز لە کورسی دەسەڵات بهێنێت. هەرئەمەش وایکردووە، کە ئەم وڵاتە ببێتە مۆڵگەیەکی گەورە بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانی جیهان.
جەنگی ئیقلیمی نێوان هیلالی شیعی و سوونی
ئەمڕۆ رۆژهەڵات بەسەر دوو جەمسەری دژ بەیەک دابەشبووە، جەمسەری شیعی کە بریتییە لە «ئێران، سووریا، عیراق، حزب اللهی لوبنانی، حوسیەکانی یەمەن». لەبەرامبەریشدا جەمسەری سوونی کە بریتین لە « تورکیا، عەرەبستانی سعودی، کوەیت، قەتەر، ئیمارات، داعش «.
دیارە دابەشبوونی رۆژهەڵات بەسەردوو جەمسەردا کە سیمایەکی مەزهەبی هەیە، وایکردووە، ئەم ناوچەیە ببێتە گۆڕەپانی ململانێی مەزهەبی گەورە، کە قەسابخانەیەکی گەورەی بۆ گەلانی رۆژهەڵات دروستکردووە. هەرلایەکی ئەم دوو جەمسەرە، بەهەموو شێوەیەک، دەیەوێت لاکەی تر بێهێز و لاوازبکات، بە هیچ شێوەیەکی بیر لە ژیان وماڵی خەڵكی ئەم ناوچانە ناکەنەوە، چونکە جەنگەکە لەدەرەوەی ماڵی خۆیانە.
جەنگی رووسی و ئەمریکی
ڕۆژهەڵاتی ناڤین جارێکی تر بەسەر هەردوو زلهێزی جیهانی «رووسیا و ئەمریکا» دابەشبووە. ئەم دوو زلهێزەش هەریەکەیان بەهەموو شێوەیەک پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن. رووسیا پشتگیری هیلالی شیعی دەکات و ئەمریکاش پشتگیری هیلالی سوونی دەکات. ئەمەش هێندەی تر ناوچەکەی بەرەو پشێویی و ئاڵۆزی گەورەبردووە،، کە وایکردووە لەم فەوزا گەورەیەدا، هێزێکی وەحشی وەکو داعش پەیدابێت.
داعش و سووپای ئینکشاری
ساڵی 1324 سوڵتان ئورخانی یەکەم،،کە یەکێکە لە سوڵتانە خوێناوی و دڕندەکانی عوسمانی، بڕیاری دروستکردنی سووپای «ئینکشاری، واتە سووپای نوێ» ی دا. ئەم سووپایە، لەو منداڵە مەسیحییە ئوروپیانە دروستکران، کە سووپای عوسمانی بە زۆر لە باوک و دایکەکانیانی دەفڕاندن و دەیانهێنانە ناو مەعسکەرێکی تایبەتییەوە، کە تەنها کاری کوشتن و جەنگیان پێدەکرا. ئەو منداڵانە تەمەنیان لە نێوان 8 بۆ 10 ساڵ بوو. لەناو مەعسکەری تایبەتیتیدا گەورە دەکران، کە تەنها فێری کوشتنی خەڵکی و تاڵانی دەکران، تەنها و تەنهاش وەلایان بۆ سووڵتانی عوسمانی هەبوو.
ئەم سووپایە ڕۆڵێکی ئێجگار گەورەی هەبوو، لە پەلاماردان و داگیرکردنی شارو شارۆچکەکانی ئوروپا و ئاسیا. ئەمەش یەکێکە لە داهێنەن جوانەکانی تورک کە پێشکەشی مرۆڤایەتییان کرد.
ئەمڕۆش هەرچەند سەیری سووپاکەی داعش دەکەم، بیری ئەنکشاریەکان دەکەمەوە، چونکە لە رووی پێکهاتە و عەقڵیەت و شێوازی شەڕکردنەوە لەیەک دەچن، داعش لە کۆمەڵێک کەسی توندڕەو شەرەنگێز پێکهاتووە، کە هەریەکەیان لە وڵاتێکەوە هاتووە، هیچ وەلایەکیان نییە تەنها بۆ خەلیفە نەبێت، بە ووتەی هەموو چاودێرانی بیانیش، داعش سوودی زۆر بە تورکیا گەیاند.
2. هۆکاری مێژوویی
دیارە دروستبوونی هێزێکی وەحشی وەکو داعش، شتێکی نامۆ نییە لە مێژووی ناوچەکەدا، چونکە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین، بە درێژایی مێژوو، جێگەی تەراترێنی زلهێز و هێزی وەحشی و مەرگدۆستی زۆربووە. هەربۆیە دروستبوونی هێزێكی مەرگدۆست و وەحشی وەکو داعش، شتێکی نامۆ نییە بە ناوچەکە.
3.هۆکاری کولتووری
هەمیشە لە دروستبوونی هەر دیاردەیەکدا، تەنها یەک فاکتەر یان دووان هۆکاری سەرەکی نین بۆ ئەم دیاردەیە، بەڵکە کۆمەڵێک فاکتەری تریش هۆکاری گرینگن، لەپێش هەمووشیانەوە فاکتەری کولتووری.
دیارە نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کە داعش هەڵگری بیرێکی تەکفیرییە، کەئەم بیرەش مێژوویەکی درێژی هەیە. «ابن التمیمە/ لە ساڵی 1263. دایکبووەو ساڵی 1388 مردووە.» ئەم پیاوە بە باوکی سەلەفی توندڕەو دادەنرێت، کتێبەکانی بە سەرچاوەی بیری توندڕەوی ئیسلامی دادەنرێت. واتە بیری سەلەفی توندڕەو، مێژوویەکی ئێجگار درێژتری هەیە و بە شێوەیەکی فکریش تیۆریزەی بۆ کراوە. هەروەها بیری وەهابیەتی سعودیی و ئیخوان موسلمینیش، بە سەرچاوەی بیری داعش دادەنرێت.
4. هۆکاری ئابووری و نەوت
نەوت وەکو هەمووکاتێک، رۆلێکی سەرەکی دەگێڕێت لەم جەنگەدا. ئەوەی سەرنجێکی ووردی ئەو ناوچانە بدات کە داعش داگیرکردبوون، بۆی دەردەکەوێت کە بەشێکی زۆریان ناوچەی نەوت و غازن. لێرەدا دیسانەوە تورکەکان گەورەترین سوودمەندبوون، چونکە ئەوان لە ڕێگەی داعشەوە، نەوتی هەرزان و زۆرجاریش بەلاشیان دەستدەکەوت. بۆ نموونە نرخی نەوت لە جیهاندا 55 دۆلاربوو، کەچی داعش بە 10 دۆلار بە تورکیای دەفرۆشت. ئەم بازرگانیەش بە شێوەیەکی قاچاخ دەکرێت، بەڵام هەموو جیهانیش ئاگادارە.
5. هۆکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی
فەیلەسووفی نێوداری ئینگلیزی « تۆماس هۆبز»، 400 ساڵ لەمەوپێش دەڵێت: (مرۆڤ گورگە بۆ برای خۆی، لەناخی هەموو مرۆڤێکدا، هەستێکی شەڕەنگێز و کوشتن و بڕینی تێدا هەیە، هەروەها هەستێکی زۆر بۆ دەسەڵات و سامانی تێدا هەیە.) بە بڕوای تۆماس هۆبز تاکە چارەسەر بۆ نەهێشتنی ئەم ناخە شەرەنگێزیەی مرۆڤیش، بوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی ڕەهایە، کە بتوانێت ئاشتی ناوخۆیی بەرقەرار بکات و کۆمەڵگاکان لە ترسی دەرەکی ڕزگار بکات.
ئەوەی کە ئەمڕۆ دەیبینین ئەم ناوچانە هیچ دەسەڵاتێکی ناوەندی تێدا نەماوە، ئەمەش وایکردووە کە هەستی شەرەنگێزی برەوی پێبدرێت و مرۆڤەکان بکرێنە گورگ و پەلاماری خەڵکی تر بددەن.
داعشیش زۆر بەباشی توانیویەتی سوود لەو هەستە شەرەنگێزی و تاوانکاریەی ناو مرۆڤەکان وەربگرێت و هەموو مرۆڤەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بکاتە گورگ و لەهەموو بەهایەکی مرۆیی بە دووریان بخاتەوە.
رۆڵی کورد لە جەنگی دژ بە داعش
یەکێکە لە خاڵە پرشنگدارەکانی خەباتی گەلی کورد بە تایبەتی لە رۆژئاواو باشووردا ، بەشداریبوون لە جەنگی دژ بە داعش بوو، کە ئەمە لەجیهاندا کوردیان وەکو هێزێکی ژیان دۆست و ئازادیخواز ناسی، ئەمەش بۆ ئێمە گرنگ بوو، چونکە ماوەی سەدان ساڵە، داگیرکەرەکانی کوردستان، ویستویان وێنەیەکی ناشیرین بە خەباتی گەلەکەمان بددەن.
کورد چ لە باشوروی کوردستان و چ لە رۆژئاوادا، خوێنێکی زۆری بەخشیوە، لە باشووری کوردستاندا 1726 لە هێزەکانی پێشـمەرگە و پۆلیس و دژە تیرۆر لە پێناوی گەل و نیشتماندا گیانیان بەختکردووە، هەروەها 42 پێشمەرگەش ، هێشتا چارەنووسیان دیار نییە، هەروەها نزیکەی 10720 پێشـمەرگەش بریندار و کەم ئەندام بووە، هەرچەندە بە پێی پێویست یارمەتی خێزانی شەهیدان و بریندارەکان نەدراوە
لەهەمووشێ گرنگتر، بوونی هەزاران ژنی شەڕڤان بوو کە دژی داعش دەجەنگان ، ئەمەش تەواوی جیهانی تووشی سەرسامی کرد، هەروەها کاریگەری گەورەشی هەبوو بۆ سەر تێکشکانی سەربازی داعش.
ئاسەوارە خراپەکانی داعش
خراپترین کاریگەری و ئاسەواری داعش، بەجێهێشتنی سەدان و بگرە هەزاران منداڵە لە پاشخۆی، جگە لە هەزاران ژنی داعشی، کە مێردەکانیان کوژراون و خۆشیان ئێستا لە ئوردوگاکان دەژین. بەشێکی ئەمانەش هەڵگری ناسنامەی بیانین بەتایبەتی ئەوروپی، کەچی ئەو وڵاتانەش ئامادە نین ئەم پاشمـاوانەی داعش لە خۆبگرن. هەندێک چاودێری داعش، ئەمانە بە شانەی نووستو یان بۆمبی چێنراو وەسف دەکات .
بە دڵنییایەوە داعش یەکێکە لە قۆناغە ناخۆش و پڕ ئازارەکانی مێژووی گەلەکەمان لەسەدەی نوێدا، حوکمی چوار ساڵەی داعش لە هەندێک ناوچەی عیراق و سوریا، کاریگەری ئێجگار خراپی لە رووی ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی بەجێهێشتووە.
تەنها لە عیراقدا جەنگی داعش بووە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 5 ملیۆن کەس، کە ئەمەش لە رووی کۆمەڵایەتی و ئابووریی و دەروونییەوە، ئازارێکی زۆرە بۆ جەستەی ئەم وڵاتە. بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە کە رزگارکراون، بەتەواوەتی وێران بوون بەتایبەتی لە موسڵ و کۆبانیی و رەقە و ئەنبار و باغوز.
لە رووی ئابووریشەوە هاتنی داعش زەرەری زۆری لە ئابووری عیراق داوە، هەندێک چاودێر پێیان وایە عیراق لە ئەنجامی جەنگی دژ بە داعش و داگیرکردنی ئەو ناوچانە بۆ ماوەی چوار ساڵ، نزیکەی 300 ملیارد دۆلاری زەرەری کردووە، نزیکەی 200 ملیاردی وەکو خەرجی جەنگ و هاوکاریکردنی ئاوارەکان و لەدەستدانی سامانی نەوت و گاز زەرەر کردووە، هەروەها بەپێی ئامارێکی وەزارەتی پلاندانی عیراقی بێت، عیراق پێویستی بە 100 ملیارد دۆلارەوە، تاوەکو ئەو ناوچانە ئاوەدان بکاتەوە، کە جەنگی دژ بە داعش وێرانیکردوون .
وێرانکردن و دزینی سامانی نیشتمانی و خاپوورکردنی شوێنەکۆنەکان و کوشتن و بڕین و بەکۆیلەکردنی مرۆڤەکان، سیما ناشیرینەکانی حوکمی داعش بوون.
پێش کۆتایی
لە پاش نەمانی و لەناوچوونی تەواوی قەڵەمڕەوی داعش لە سوریاو عیراق، زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و لەو باوەڕەدان، کە جارێکی تر داعش ناتوانێت وەکو جاران ناوچەیەکی فراوان داگیر بکات، گەرچی هەندێک چاودێری تر بە پێچەوانەوە پێیان وایە، هێشتا داعش گڕوتینی ماوە، چونکە زۆرێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی داعش بەتەواوەتی لەناونەچوون و کێشە ئابووری و مەزهەبیی و سیاسییەکان چارەسەر نەکراوە.
بە داخەوە لە حکایەتی پڕ ئازار و ترسناکی داعش دا، گەلی کورد چ لە باشوور و چ لەرۆژئاوا قووربانی یەکەم بوو، هەروەها قووربانی زۆریشدا تاوەکو ناوچەکە و جیهانیش لەم گرووپە وەحشییە رزگار بکات، بەڵام جیهان بەپێی پێویست یارمەتی ئێمەیان نەدا.
گرنگ ئەوەیە لایەنە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژئاواش بەگرنگییەوە چاودێری ئەو گرووپە تیرۆریستانە بکەن و نەهێڵن جارێکی تر ، گەلەکەمان تووشی هەمان نەهامەتی بێتەوە کە بەدەست داعش و هاوشێوەکانییەوە چەشتمان.
سەرچاوەکان
1.www.bpb.de Der Islamische Staat im Irak und Syrien (ISIS
2.من هی «داعش»؟ وما هی اهدافها؟ www.alalam.ir
3.هەمان سەرچاوە.
4.فرقة الانکشاریة نشآتها ودورها في الدولة العثمانیة من خلال المصادر
الترکیة/ترجمة وتالیف سونیا محمد سعید البنا.- القاهرة: ،6. ص518
5.روبرت دیرفوس. لعبة الشیطان. دور الولایات المتحدة فی نشأە التطرف الاسلامي. ترجمة مراجعة. مصطفی عبدالرزاق. الطبعة الاولی. مرکز دراسات الاسلام والغرب. سنة 2010
6. كیف یحصل داعش علی الملایین یومیا؟ الإجرام والتهریب وأغراف من دول مثل تركیا وقطر. سایتی CNN
7. دکتۆر نەبیل عەبدولحەمید. تۆماس هۆبز و ڕێبازە ئاکاری و ڕامیارییەکەی. وەرگێڕانی. دکتۆر محەمەد شوانی. چاپی یەکەم. چاپخانەی ڕۆژهەڵات. هەولێر.2012
8. هەمان سەرچاوە.
9. العراق اعدة الاعمار و الاستثمار.مجموعة بنک دولي. الجزء الثاني. تقیم الاضرار و الاحتیاجات للمحافظات المتضررة. 2018