مستەفا محەمەد

سیناریۆی عەفرین لەخۆرهەڵاتی فوراتدا

  2019-01-23 11:59      424 جار بینراوە        کۆمێنت

سیناریۆی عەفرین لەخۆرهەڵاتـی فوراتدا دووبارە دەبێتەوە؟
ساڵێک بەر لەئێستا سوپای تورکیا بەهاریکاری چەند باڵێکی تیرۆریستی ئۆپۆزسیۆنی سوریی بەزەبری هێزو بەکوشت و بڕێکی کەموێنە، هێرشی کردە سەر « عەفرین و ئیعزازو جەڕابلوس» و بەبیانووی لێدانی گروپەکانی نزیک لەپارتی کرێکاران و دوورخستنەوەی مەترسییەکان لەسەر ئەمنیەتی قەومی تورکی ئەو ناوچانەی داگیر کرد، لەوساوە تا ئەمڕۆش حوکمی ئەوسێگۆشە جوگرافیەی بەدەستەوەیەو حزوری سەربازیی تیایدا تۆکمەیە .
لەڕابردوودا ئەو ناوچانە هێزەکانی هەسەدە کۆنتڕۆڵی کردبوون و لەژێر سایەی هەژموونی روسیادا پارێزراو بوو، بەڵام بۆ پارێزگاری لەمانەوەی حکومەتەکەی ئەسەدو بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی هەرێمایەتی وەک دیاریەک مۆسکۆ پێشکەشی ئەنکەرەی کرد، لەئەمڕۆشدا دوای ساڵێک لەڕووداوەکانی عەفرین ، باس و خواسی کشانەوەی ئەمریکا لەخۆرهەڵاتی فورات گەرمە ، لەم نووسینەدا دەمەوێ شرۆڤەی ئەو گریمانەیە بکەم کە ئایە هاوشێوەی عەفرین، ئەمریکا ئامادەیە خۆرهەڵاتی فورات بۆ ئەجندای تورکی جێبهێڵێ .
لێندسی گراهام « کۆنگرێسمانی کۆماریی کە بە داڕێژەری سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەشی لە ئەنجومەنی سینات لە قەڵەم دەدرێ، لەسەروبەندی بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسوریادا ڕایگەیاندکە بڕیارەکەی ترەمپ دەبێتە مایەی خۆڕێکخستنەوەی داعش و گروپە تیرۆریستیەکان و هاتنەناوەوەی ئەندامی تازەو دروستبوونی ڕێکخراوو گروپی هاوشێوەی داعش، هاوکات دەروازەی ئاشوبێکی گەورەش بەڕووی ڕۆژهەڵاتی فوراتدا دەکاتەوە، بەتوندیش دژی هێرشی تورکیا لەدژی ڕۆژئاوا وەستایەوە، تەقینەوەکەی مەنبەجیش بەڵگەیەکی زیندوو بوو کە هێشتا داعش وەک گراهام ئاماژەی بۆ کرد دوا هەناسەکانی نەداوە، بەڵکو جموجۆڵەکانی لەسوریاو بەشێکی ناوچەکانی عێراقیش تا ئەوپەڕی چالاکن.
ئەم سیاسەتوانە ئەمریکیە بۆ سەلماندنی سەرنجەکانی هیچ کاتی بەفیڕۆ نەداو دوای گفتوگۆیەکی دوورو درێژ توانی ترەمپ لەکشانەوەیەکی بەپەلە لەسوریا پاشگەز بکاتەوە، هەر وەک لەچەند ڕۆژی ڕابردووشدا سەردانی تورکیای کرد بۆ دانانی نەخشەڕێیەکی زیرەکانە بۆ کشانەوەیەکی بەبەرنامەی هێزەکانیان لەسوریادا تا لە ئاییندەدا ئەجندای ئەمریکی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لەبەریەک هەڵنەتەکێ کە چەندین ساڵە بودجەیەکی زەبەلاح و قوربانیەکی بێشوماری لەپێناودا دراوە .
سەردانەکەی گراهام لەلایەک بۆ دانانی چوارچێوەی نەخشەڕێیەکی تازەیە لەقۆناغی دوای کشانەوەی ئەمریکا، لەلایەکی تریشەوە بۆ خوێندنەوەی نییەتی تورکیا بوو لەچۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە کە بەهاوپەیمانی ئەمریکا ناسێندراون و لەخۆرهەڵاتی فوراتدا بڵاوبوونەتەوە، ئەم مەسەلەیە بەنیسبەت ئەمریکاوە بابەتێکی جدیەو ئیدارەکەی ترەمپ دەیەوێ بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکا، چونکە هاوبیرانی گراهام نەیانشاردۆتەوە کە جێهێشتنی تەواوەتی ئەو ناوچانە بەمانای کارەسات و تراژیدیا دێ بەسەر پێکهاتەیەکی گرنگی سوریا کە کوردە ، هەر بۆیە بەدوای پلانی ( ب) دا دەگەڕێن کە لانیکەم نیگەرانییەکانی ئەنکەرەشی تێدا ڕەچاوبکرێ.
نەخشەڕێگەکەی ئەمریکا هەر چیەک بێ ، ئەکید دەبێ لەموعادەلە گشتییەکەدا ناکۆک نەبێ لەگەڵ خواستی زلهێزەکانی تردا بەتایبەت روسەکان، ئەویش بەو ئومێدەی کە هاوشێوەی عەفرین ئاشوبێکی تر لەخۆرهەڵاتی فوراتدا دووپات نەبێتەوە، پێشم وایە ئەو مەراییەی گراهام لەئەنکەرەوە بۆ تورکیای دۆستی کرد لەبارەی ئەوەی باڵی سیاسی یەکینەکانی پاراستنی گەل گرێدراوی پارتی کرێکارانن، لەو سۆنگەیەوە دێ کە تورکیا ئەگەرچی لەڕواڵەتدا بەهاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکاو کاراکتەرێکی بەهێزی حیلفی ناتۆ دەزانرێ، بەڵام لەولاشەوە لەگەڵ ئێران و روسیادا هەماهەنگی بەهێزی هەیەو لەئاییندەدا دەشێ ببێتە مایەی تەنگژەو ئاڵۆزیی بۆ بەرژەوەندیەکانی واشنتۆن، هەر لەبەر ئەو فاکتەش نەخشە ڕێگەکەی ئەمریکا بەباشی دەزانێ بۆ دوورخستنەوەی مەترسی پێکدادانی سەربازیی حزوری هێزە کوردییەکان لەسنوورەکانی تورکیا دووربخاتەوە، دواجاریش بۆ ڕازیکردنی ئەنکەرە ئەگەر پێویست بکا چەکی قورسیش لەبن دەستی هێزە کوردیەکان دەربهێنرێ !
ئەگەرچی تا ئێستا جەنەڕاڵ دانفۆرد میکانیزمی کرداریی گوێزانەوەی هێزە کوردیەکانی بۆ هاوپەیمانەکانی لەناوچەکەدا ڕوون نەکردۆتەوە و رەزامەندی هێزە کوردیەکانیش بۆ وەرنەگیراوە، بەڵام پرسیاری جدی ئەوەیە لەئەگەری گوێزانەوەی هەسەدە لەو ناوچەیە، ئەمریکا بەخواستی ئەنکەرە رازی دەبێ لەپڕکردنەوەی جێگەی هەسەدە بەهێزە مەشق پێکراوەکانی سوپای سوریای ئازاد؟ بەبڕوای من وڵامەکەی نەخێرە، هەربۆیە ئەم پێشهات و ئەگەرانە دەیسەلمێنن پڕۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا زۆر خاو دەکرێتەوە، تا نەخشەڕێیە تازەکە زامنی پاراستنی کوردەکانی خۆرئاوا نەکاو هەژموونی ئەمریکاو دۆستەکانیشی لەناوچەکەدا پارێزراو نەبێ ئەستەمە ترەمپ چنگی لەسوریا وا بەئاسانی بەربدا.
گۆڕانکاری لەهەڵوێستی ئیدارەی ئەمریکا لەبارەی کوردەوە پێشهاتێکی دڵخۆشکەرەو لەجوڵە دیبلۆماسیەکانی ئەم دواییەشدا ڕەنگی داوەتەوە ، تیمی ئەمریکی لە  جۆن بۆڵتۆنەوە بۆ لینزی گراهام  مەبەستیەتی لەگەڵ تورکیادا بۆ پارێزگاری لە کورد لەڕۆژهەڵاتی فورات بگاتە ڕێکەوتن، ئەگەرچی لەمڕۆدا کورد دەتوانێ سوود لەم کرانەوەیە وەربگرێ و خوێندنەوەیەکی وردو واقعی بۆ دۆخەکە بکات، بەڵام بەداخەوە تائێستا خاوەنی پڕۆژەیەکی تەبەننی کراوی جدی نییەو نازانێ چی دەوێ!
بەبڕوای من ئەگەر هێزە کوردیەکان تاک لایەنە لەسەر حیسابی دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکە دۆستایەتی کوێرانە لەگەڵ ئەمریکادا هەڵبژێرنەوە زیانمەندی سەرەکی دەبن، چونکە درەنگ یان زوو ئەمریکا لەوناوچانە دەکشێتەوەو داهاتووش میللەتی کورد بێ ناونیشان دەمێنێتەوە، کەواتە کورد پێویستە نەخشی لەئاڵوگۆڕی بەرژەوەندی زلهێزەکاندا هەبێ و پەیوەندیەکانیشی لەگەڵ هیچ کام لەجەمسەرە سەرەکییەکانی کەی سەرەکیەکانی کەیسی سوریدا نەپچڕێنێ و هاوکێشەکە بەستراتیژیەتێکی گشتی ڕوونەوە لە بۆتەی بەرژەوەندی هاوبەشدا هاوسەنگانە لەقازانجی خۆیدا رابگرێ، خۆ ئەگەر ئەمە نەکرێ دواجار کورد سفر بەدەستەوە لەهاوکێشەکە دەکرێتە دەرەوە، ئەوساش هیچ جێگەو پێگەیەکی خۆرهەڵاتی فورات لەهەوڵی پاوانخوازیی تورکیاو هاوپەیمانەکانیدا هێڵی سوور نابێت.

وتاری زیاتر





ئیرادەی کوردانە، یان سەپاندن‬ مستەفا محەمەد
2022-01-29 18:23      123 جار بینراوە








عیراق وەک ئەفغانستانی لێدێت؟‬ مستەفا محەمەد
2021-08-19 10:56      163 جار بینراوە


















نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو