جاران هەرکەسێک لەسیاسەتدا زیرەک بوایە، دەیانووت: هێندە زیرەکە دەڵێیت ئینگلیزە. لەسەردەمانی پێشوودا ئینگلیز نموونەی کەسانی سیاسیی و زیرەک و لێهاتووبون، پێدەچێت ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە ئەوان ماوەیەکی زۆر زلهێزی جیهان بوون و بەشێکی تەواوی بڕیارە سیاسییەکانی جیهان بەبێ رەزامەندی ئینگلیز سەری نەدەگرت و زانیاریی زۆریان لەبارەی رەوشی جیهانەوە هەبوو. لێ پاش نەمانی هێزە جیهانییەکەیان و بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی پێشوودا، وردە وردە خەریکە ئینگلیزەکان ئەو ئیماجەی پێشوویان دەدۆڕێنن.
ماوەی چەندین ساڵە تەواوی ئەوروپاو جیهانیش بە پرسی " بریکسیت" واتە دەرچوونی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپاوە سەرقاڵ بووە. پێش چەند ساڵێک بەریتانییەکان لەڕاپرسییەکدا دەنگیان بەدەرچوون لەیەکێتی ئەوروپا دا، ئەمەش شتێکی ئاساییەو مافێکی دەستووریی و یاسایی هەموو کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و ئازادە. لێ کێشەکە لەوەدایە لەوکاتەوە هەتاوەکو ئەمڕۆش، بەریتانییەکان بەتایبەتی ئینگلیزەکان، چونکە ئەوان زیاتر دەنگیان بەدەرچوونی بەریتانیا داو سکۆتلەندییەکان داوای مانەوەیان دەکرد، لەو ساتەوە خۆشیان نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم مەسەلەیەو دەرهاویشتەکانی بکەن. وا بۆ سێ ساڵ دەچێت چ لەناو بەریتانیاو چ لە دەرەوەی، بەتایبەتی لەئەوروپا گەورەترین نیقاش و مشتومڕی گەورەی سیاسی و فکریی لەبارەی ئەم مەسەلەیە کراوە.
دەیڤید کامیرۆن کە عەرابی مەسەلەی راپرسییەکە بوو، پاشئەوەی زانی چ کەتنێکی کردووەو شكتستی هێنا، وازی لەپۆستەکەی هێناو کێشەکەی بۆ پارتەکەی بەجێهێشت. وا نزیکەی دوو ساڵێکیش دەبێت تیریزا مای سەرۆک وەزیران، خەریکی دانوستان و دیالۆگە لەگەڵ سەرانی یەکێتی ئەوروپا، پاش ماوەیەکی زۆر ئینجا لەسەر چۆنێتی دەرچوونی بەریتانیا رێکەوتنێکیان مۆرکردووە، بەڵام دوێنێ پەرلەمانی بەریتانیا ئەو رێکەوتنەشی رەتکردەوە.
لەکاتێکدا بەریتانییەکان دەنگیان دا بەدەرچوون لەیەکێتی ئەوروپا ئەوەش بەهۆی بوونی ترس لەتەوژمی کۆچەران و بێگانەکان، هەروەها ترس لەهەژموونی ئەڵمانەکان، بەڵام دواجار بۆیان دەرکەوەت کە دەرچوونیان لەیەکێتی ئەوروپا لەچەند لایەکەوە زەرەریان پێدەگەیەنێت. هەندێکیش پێیان وایە گەر رێژەی دەنگدان بەبەڵێ یان نەخێر زۆر بوایە، ئەم نیقاشە گەورەیە دروست نەدەبوو، چونکە بەجیاوازییەکی زۆر کەم، زۆرینەی راپرسییەکەی 2016 دیاریکرا.
لەلایەکی ترەوە ئەوەی دوێنی روویدا بەریتانیا رووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیاری جددی دەکاتەوە: ئایا دووبارە راپرسی دەکەنەوە، یان هەڵبژاردنی پێشوەخت، یان دەرچوون بەبێ رێککەوتن. هەموو ئەمانەش بژاردەی قوورسن.
گەر دووبارە راپرسی بکەنەوە هەر سوودی نییە، چونکە گەر ئەمجارە زۆرینە بە بەڵێ بۆ مانەوە دەنگ بدەن، ئەوکاتە ئەوانەی دژن، دووبارە رێگری دەخەنە بەردەم پرۆسەکە. گەر هەڵبژاردنیش بکرێتەوە، کە ئەمەش وەکو راپرسییەکەی لێدێت، هیچ سوودی نییە، چونکە هەر حکومەتێک بێت، ئەوا لایەنی ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت هەمان سیاسەتی پارتی کرێکاران و نەیارانی تیریزا مای بگرێتە بەرو شکست بەحکومەتە نوێیەکە بێنێت.
ئەو هەڵوێستەی پەرلەمانی بەریتانیا تەواوی ئەوروپای تووشی شڵەژان کردو هەرئەمەش وایکرد کەسەرانی ئەوروپا هۆشداری لەدروستبوونی ئاژاوە بددەن، ژان کلۆد سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا لەتویتێکیدا رایگەیاند: داوا لەبەریتانیا دەکەین بەزووترین کات، هەڵوێستی خۆی رابگەیەنێت و پێمان بڵێت بەنیازی چین. دەشڵێت: ئەو رێککەوتنە تاکە رێگایە بۆ دەرچوونێکی رێکوپێک بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا.
ئەم کێشەیە رووبەروی کۆمەڵێک پرسیاری جددیی و گرنگمان دەکاتەوە: ئایا چیتر راپرسی وەکو جاران گرنگی ماوە؟ ئایا سیستەمی دیموکراسی دەتوانێت کێشە قوورس و ئاڵۆزەکان چارەسەر بکات ؟ ئایا ئەوەی عەرەب پێی دەڵێن" حوکمی رەشید" دەتوانێت جێگەی سیستەمی دیموکراسی بگرێتەوە؟
هەروەها ئایا ئەوەی پێیدەڵێن رای گشتی، تاچەندە دەتوانێت پرسە گەورەو ئاڵۆزەکان چارەسەر بکات؟ دەکرێت بپرسین ئایا هەموو بڕیارێکی دیموکراسیانە راست و دروستن؟ ئایا کی بەرپرسە لەدروستبوونی رای گشتی ؟ چۆنیش دەبێت لەمەولا مامەڵە لەگەڵ رای گشتی بکەین. ؟
گەر ئەمە وەزعی بەریتانیا بێت کە سیستەمی دیموکراسی ماوەی سەدان ساڵە تێیدا جێگیرەو هاووڵاتیانیشی هۆشیارییەکی سیاسیی گەورەیان هەیە، ئاخۆ وەزعی وڵاتانی گێتی سێهەم دەبێت چۆن بێت؟!
هەموو چاودێرانی سیاسیی جیهان لەو باوەڕەدان، لەئێستادا بەریتانییەکان لەناو گێژاوێکی قووڵدا دەژین، ئەمەش وایکردووە کە سەر لەخۆیان و جیهانیش بشێوێنن، چونکە هەتاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بەیەکجارەکی خۆیان بەلایەکدا راستبکەنەوەو پەیامی خۆیان بەڕوونی بەجیهان بگەیەنن.