هه‌رچه‌نده دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی لەسوریا ده‌كێشێته‌وه دوای ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر تیرۆریستانی داعشدا به‌ده‌ستهێناو ئه‌و ئامانجه‌ی كه بۆی هاتبوون بەدهستیان هێنا، به‌ڵام له‌سه‌ر زه‌وی راستییه‌كان شتێكی ترمان پێده‌ڵێن هێشتا له‌زۆر شوێن و ناوچه‌ی سوریا‌و عیراق جموجووڵ و چالاكی یان هه‌یه.
به‌ڵێ راسته ره‌قه‌ی پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی لەعیراق و شام ئازادكرا‌و ئه‌و ئیستراتیجیهتهی كه هه‌ردوو سه‌رۆكی ئه‌مریكا باراك ئۆباما‌و دواتر دۆناڵد ترامپ سەركردایهتیانكرد بۆ له‌ناوبردنی تیرۆریستانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بەشێوه‌یه‌كی كاتی و نیمچه ناته‌واو سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام گه‌لێك فاكته‌ر هه‌بوون كه زه‌مینه‌یان خۆشكرد بۆ سه‌رهه‌ڵدانی بیر‌و ره‌وتی توندڕه‌وی لەناوچه‌كه‌دا هه‌موو ئه‌و فاكته‌رانه به‌ئێستاشه‌وه ماون و زه‌مینه زیاتر لەباره بۆ گه‌شه‌كردن و نهشونماكردنیان .
وڵاتێكی وه‌كو سوریا كه هه‌شت ساڵی ره‌به‌قه شەڕو شۆڕه نزیكه‌ی دوازده ملێۆن كه‌س لەدانیشتوانهكهی ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ری وڵاتانی جیهان بوون كه به شی زۆریان لەتوركیاو لوبنان و ئوردن و عیراق و به‌شیكیشی لەوڵاتانی ئه‌وروپان بەتایبه‌تی ئه‌ڵمانیا كه راوێژكاره‌كه‌ی خاتوو ئه‌نگیلا مێركڵ ده‌رگای بۆكردنه‌وه سه‌رەڕای ره‌خنه‌و گله‌یی زۆرێك لەخهڵك و حزبه ئۆپۆزهسیۆنهكانی وڵاته‌كی خاوه‌نی ئه‌و وته به‌ناوبانگه‌یه وتی خه‌ڵكی لەسوریاو عیراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوینه‌وه دێن بۆ لای ئێمه ده‌رگایان لێنه‌كه‌ینه‌وه لەكاتێكدا ناڕۆن بۆ مه‌ككه‌و مه‌دینه .هه‌روه‌ها زیاتر لەنیو ملیۆن كه‌س بوونه‌ته قوربانی و كوژراون جگەلهوهی به‌شێكی زۆر شاره گه‌وره‌كانی ئه‌و وڵاته خاپورو وێران بوون و ژێرخانی ئابووری داڕووخاوه بەتایبه‌تی .
لەڕووی سیاسییه‌وه بوونی هێزی دهەركی روسی و ئێرانی و توركی لەسه‌ر خاكی سوریا مایه‌ی نیگه‌رانییه بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی لەكاتێكدا زۆربه‌ی عه‌ره‌بی سوریا سوونی مه‌زهه‌بن و بوونی هێزی ئێرانی شیعه مه‌زهه‌ب بەشهرمهزارییهكی گه‌وره ده‌زانن و بوونی سوپای توركیا لەناوچه كوردنشینه‌كانی سوریا بەههمانشێوه بۆ كورده‌كانی سوریا مایه‌ی نیگه‌رانی و بێزارییه لەلایه‌كی تره‌وه بوونی هێزه‌كانی حزبوڵا‌و ئێران لەنزیك سنووره‌كانی ئیسرائیل مایه‌ی نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تی ئیسرائیل و ئه‌مریكاشه، چونكه یه‌كێك لەئامانجهكانی بوونی ئه‌مریكا لەڕۆژههڵاتی ناوین پاراستنی ئاسایش و به‌رژه‌وندییه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیله .
هه‌موو ئه‌و هۆكارو فاكته‌رانه یارمه‌تیده‌ر ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وتێكی توند ئاژۆی تر به مۆدێل و ریتمێكی نوێتر‌و توندڕه‌وتر لەداعش و ئه‌لقاعیده سه‌رهه‌ڵبده‌ن و كار‌و كرده‌وه‌ی زۆر له‌وانی پێش خۆیان ئه‌نجامبده‌ن.
لەهه‌مانكاتدا بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی لەسوریا هه‌رچه‌نده تا ئێستا كشانه‌وه‌یه‌كی زۆر كه‌م بەژمارهو ئامێره‌كان كراوه‌و بەههوڵی به‌شێكی زۆر لەوهزیرو راوێژكارانی ئیداره‌ی ئهمریكاو ته‌نانه‌ت كۆنگریسمانهكانیش پێناچێت وا بەخێرایی رووبدات بەتایبه‌تی لەدوای گه‌شته‌كانی جۆن پۆڵتن و مایك پۆمپیۆ بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه دڵنییان دا كه دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانیان بەته‌نیا جێناهێڵن، به‌ڵام لەحاڵهتێكیشدا ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا بەته‌واوی هێزه‌كانی بكێشێته‌وه ئه‌وه هێنده‌ی دی دۆخه‌كه ناله‌بارتر ده‌بێت و هێزه‌كانی به‌شار ئه‌سه‌د بەهه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت وه‌كو خۆیان وتیان بەشهڕ بێت یان به ئاشتی ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ هه‌موو ناوچه‌و شاره‌كان .
له‌لایه‌كی تره‌وه هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) كه تاكه هاوپه‌یمانی سه‌ره‌كی ئه‌مریكا بوون له سوریا به‌ر شاڵاوێكی توندی سوپای توركیا ده‌كه‌ون و هەڕه‌شه‌كانی وه‌زیری به‌رگری توركیا خه‌لوسی ئاكار لەچه‌ند رۆژی رابردوودا باشترین به‌ڵگه‌ن .
تا ئێستا زۆر بەكورتی باسی داعشمان كرد لەسوریا، به‌ڵام وه‌كو دیاره هه‌ر بەناوهكهیدا ده‌وڵه‌تی ئیسلامی لەعیراق و شامەو یه‌كه‌مجاره لەدوای سه‌د ساڵ له سایكس بیكۆ هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی داعش قوولهكانی چاودێری سنووری نێوان عیراق و سوریایان تێكدا‌و لەبهریهكیان ههڵوهشاندهوەو ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی خه‌لیفه‌یان لەمزگه‌وتی نور له موسڵ ده‌وڵه‌ته‌كه‌یانی راگه‌یاند .
به‌ڵی داعش له‌ماوه‌ی رابردوودا جموجوڵی خێرا‌و به‌رچاویان له‌زۆر لەناوچهكانی باشووری كه‌ركوك و دیاله‌و حه‌مرین و بیابانه‌كانی رومادی خۆرئاوای عیراق موسڵ ده‌ستپێكردووه ته‌نانه‌ت باسی سه‌رهه‌ڵدانی ره‌وتێكی نوێ ده‌كه‌ن به‌ناوی (حراس ا‌لدین) كه له داعشه ئیگۆرو بیانییه‌كان بەزۆری پێكهاتوون .
دۆخی سیاسی عیراق لەدوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 15-5-2018، زۆر ئاڵۆزتر‌و پڕ قهیرانتر بووه حكومه‌تی نویَ دوای چه‌ند مانگێك هێشتا وه‌زاره‌ته‌كانی پڕنهكردووەتهوه دۆسیه‌كانی گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ندی و جێبه‌جێ نه‌كردنی ده‌ستوورو بوونی میلیشیا جیاجیا وئاوهداننهكردنهوهی ناوچه وێران و خاپوربووهكانی شه ری داعش و بوارنه‌دان بەگەڕانهوهی ئاواره‌كانی ناوچه سوونییه‌كان لەلایه‌ن میلیشیاتهكانی حه‌شدی شه‌عبی و به‌تایبه‌تی پشتێنه‌ی به‌غدا هه‌موو ئه‌مان هۆكارو پاڵپشتن بۆ سه‌رله‌نوێ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و لەداعش دڕندهتریش .
لەههمووی گرنگتر‌و مه‌ترسیدارتر شكستی حزب و لایه‌نەكانی ئیسلامی سیاسی بەشیعهو سوونه‌وه لە بەڕێوه‌بردنی وڵاتدا‌و داننه‌نان به‌و راستییهداو پشتبەستن بەگزی و فرت‌و فێڵ لەههڵبژاردنهكان و هه‌موو ئاوات و ئومێدێكی خه‌ڵكی عیراقیان زیندهبەچاڵ كرد تا كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی شارێكی زیندووی وه‌كو به‌غدا كه‌متر له سه‌دا سی به‌شداری هه‌ڵبژاردنیان كرد.
خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی چه‌ند مانگی پێشووی به‌سره‌ی دووه‌م گه‌وره شاری عیراق باشترین گه‌واهین بۆ بێزاری و نیگه‌رانی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته بۆیه پێشبینی ده‌كرێت ئهگهرچاكسازی خێرا‌و گوێ لەگلهیی و گازنده ره‌واكانی خه‌ڵك نه‌گیرێت ئه‌وا زۆر ره‌وتی توندئاژۆ مه‌ترسیدار سه‌رهه‌ڵبده‌ن و ئه‌و كات تەڕو وشك به‌یه‌كه‌وه بسوتێنن .
لەكۆتاییدا راستییه‌ك هه‌یه ده‌بێت هه‌موو كاربه‌ده‌ستانی ناوچه‌كه‌و زلهێزه‌كانیش په‌ی پێ ببه‌ن و بیزانن ئه‌وه‌یه كه لەناوبردنی تیرۆر‌و توندڕه‌وی هه‌ر بەسوپاو رۆكێت و فڕۆكه‌و تانك ناكرێت، به‌ڵكو ریفۆرم و چاكسازی پێویسته لەهه‌موو سێكته‌ره گرنگه‌كانی بەڕێوه‌بردن چ دادپه‌روه‌ری و شه‌فافیه‌ت و مافی كه‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و ئتنیكهكان و دابینكردنی هه‌لی كار‌و خزمه‌تگوزاری ئاسایش و سه‌قامگیری پاراستنی شكۆ‌و كه‌رامه‌تی ئینسان بەیهكسانی.