ماوەی چەند ساڵێكە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی وەك ئەمنستی ئینتەرناشیوناڵ و هیوومان رایتس وۆچ راپۆرتی خراپ لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان بڵاو دەكەنەوە، بەتایبەتی سەبارەت مامەڵەكردن لەگەڵ مەسیحییەكان. گومان لەوەدا نییە كە ئەو راپۆرتانە ناوبانگی كوردو هەرێمی كوردستان لەكەدار دەكەن و وێنەی كورد وەك چەوساوەو شەیدای ئازادی دەشێوێنن و وێنەیەكی پێچەوانە پێشكەش دەكەن.
ئەو رێكخراوانەی ئەمڕۆ باسی رەوشی خراپی مەسیحییەكان دەكەن لەهەرێمی كوردستان، هەر ئەوانەن كە لەساڵانی رابردوودا بەرگرییان لەكورد كردووەو مەینەتیی كوردیان بەجیهان ناساندووە. ئەم رێكخراوانە هیچ بەرژەوەندییان لەوەدا نییە كە درۆ بكەن و راپۆرتەكانیان لەسەرانسەری جیهان بەڕێزەوە وەردەگیرێن. مەسەلەی كورد قەرزارباری ئەو رێكخراوانەیە كە لەكاتی شەڕی جینۆسایدی كوردو كیمیابارانكردنی كوردستاندا قسەی خۆیان كردووەو بەبڵاوكردنەوەی راپۆرتی دیكۆمێنتار سەرنجی جیهانیان بەلای نەهامەتیی كوردا راكێشاوە.
ئەو رێكخراوانە هیچ ئەجیندایەكی سیاسییان نییەو ئامانجی سەرەكییان دروستكردنی فشارە لەسەر حكومەتە پێشێلكەرەكانی مافی مرۆڤە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بەڕەوشی مافی مرۆڤدا بكەن و مافە مەدەنییەكانی هاووڵاتییانی خۆیان بسەلمێنن.
زۆربەی راپۆرتەكانی ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییانە تیشك دەخەنە سەر ئەوەی كە ناویان ناوە "پێشێلكاری" دژی مەسیحییەكان، بەتایبەتی لەهەولێرو دهۆك و دەشتی نەینەوا. زیادبوونی ژمارەی ئەو راپۆرتانە، حكومەتی هەرێمی ناچاركرد دامەزراوەیەك بەناوی لیژنەی باڵای بەداواچون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بەلێپرسراوەتیی بەڕێز دیندار زێباری پێكبێنێ. ئەركی ئەم دامەزراوەیە رەتكردنەوەو وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانە. بوونی دامەزراوەیەكی سەربەخۆ بۆ وەڵامدانەوەی راپۆرتەكانی تایبەت بەپێشێلكردنی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان، خۆی لەخۆیدا بەڵگەی زۆریی ژمارەی راپۆرتەكانەو هەروەها بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ نیشانەی بونی پێشێلكاریشە.
لەدوایین لێدوانیدا بۆ "رووداو" زێباری لەڕەوتی وەڵامدانەوەكانیدا بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێ، هەموو رەخنەكانی ناو راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی پشتراستكردەوە. دانی بەوەدا ناوە كە حكومەتی هەرێم دەستی بەسەر زەویی مەسیحییەكانی عەنكاوەدا گرتووەو فڕۆكەخانەی لەسەر دروستكردووەو هێشتا قەرەبووی نەكردونەتەوە. لێدوانەكە لەكاتێكدا كە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بە "ناواقیعی" ناو دەبات، دان بەوەدا دەنێ كە لەسەرجەمی 223 كەس كە مافی قەرەبووكردنەوەیان هەیە، تەنها 40 كەس قەرەبوو كراونەتەوە كە دەكاتە 18% ی سەرجەمی ئەوانەی كەمافی قەرەبووكردنەوەیان هەیە.
لەمەوبەر لیژنەی فەتوا لەهەرێمی كوردستان لەهەوڵێكی جوامێرانەدا بۆ تۆكمەكردنی گیانی برایەتی و تەبایی لەنێوان موسڵمان و مەسیحییەكاندا فەتوای دەركرد كە بەزۆر داگیركردنی زەوی و زاری مەسیحییەكان حەرامە. بێگومان خودی فەتواكە رەنگدانەوەی واقیعە. مەسەلەكە زەیرەكیی ناوێ. فەتواكە بەڵگەی ئەوەیە كەزەویوزاری مەسیحییەكان داگیر دەكرێ. راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە مەسیحییە گرفتارەكان بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەكانیان، هانایان بۆ دادگاكان بردووەو سكاڵایان تۆمار كردووە. لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دان بەوەدا دەنێ كە سكاڵا لەدادگاكان تۆمار كراوە، بەڵام هەوڵدەدا كێشەكە بچووك بكاتەوەو دەڵی ژمارەی سكاڵا تۆماركراوەكان "زۆر كەمە" و پاشان حكومەتی هەرێم لەمەسەلەكە دەردێنێ و دەڵێ سكاڵاكان لەدادگا گیریان خواردووەو حكومەتی هەرێمی لەم بارەیەوە هیچی پێناكرێ، چونكە دەسەڵاتی دادوەری دەسەڵاتێكی سەربەخۆیە". لەبەرپەرچدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكاندا، لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە 127 كەنیسەو 37 زیارەتگاری ئایینی لەهەرێمی كوردستاندا هەیە. بەڵام ئەمە هیچ ناگەیەنێ. بوونی كەنیسە بەڵگەی ئەوە نییە كە دەست بەسەر زەویوزاری مەسیحییەكاندا ناگیرێ. لیژنەكە داننانی حكومەتی هەرێم بە جەژنی مەسیحییەكان و كردنی بەپشووی فەرمی، وەك نیشانەی لێبوردەیی حكومەتی هەرێم دەناسێنێ. بەدڵنیاییەوە ئەمە وایە. حكومەتی هەرێم لەم خاڵەدا زۆر لێبوردەیەو هەموشمان شانازی بەو لێبوردەییەوە دەكەین. بەڵام كردنی جەژنی مەسیحییەكان بەپشووی فەرمی رێ لەداگیركردنی زەوی و زاریان ناگرێ. ئاشكراشە كە داننانی رژێمی پێشوو بەجەژنی نەورۆزدا وەك جەژنی نەتەوەیی كورد، نەبووەتە مایەی رێگرتن لەبەكارهێنانی چەكی كیمیایی بۆ لەناوبردنی كورد.
پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان زۆر بەهەند وەرگرێ و هەموو رێوشوێنێكی پێویست بۆ رێگرتن لەتەنگ هەڵچنین بەمەسیحییەكانی كوردستان بگرێتە بەر. رەتكردنەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان هیچ لەمەسەلەكە ناگۆڕێ. سەقامگیركردنی پێكەوە ژیانی برایانەی نێوان موسڵمانان و مەسیحییەكان لەهەرێمی كوردستان بەوەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان نایەتە دی، بەهەنگاوی كاراو راستەقینە بۆ راگرتنی پێشێلكاریی دژ بەمەسیحییەكان دێتە دی.