ئەردەڵان عەبدوڵڵا

جۆرج بوش ئەو پیاوەی رابەرایەتی سیستەمی نوێی جیهانی کرد

  2018-12-06 20:20      375 جار بینراوە        کۆمێنت

رۆژی شەممە (1-12-2018) جۆرج بوشی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەتەمەنی 94 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، ئەمەش چ لەئەمریکاو چ لەجیهانیشدا کاردانەوەی گەورەی لەناو ناوەندە سیاسییەکان و میدیاکاندا دروستکرد. هیچ سەرکردەیەکی ئەمریکا هێندەی ئەو رۆڵی لەگۆڕانکارییە گەورەکانی جیهاندا نەبووە، بەتایبەتی لەسەدەی بیستەمدا، گرنگترینیان رووخانی دیواری بەرلین و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیاو هەڵوەشاندنەوەی بلۆکی رۆژهەڵات و پاشانیش رووخانی یەکێتی سۆڤێت، هەروەها رابەرێتیکردنی جەنگی رزگارکردنی کوێت و دامەزراندنی سیستەمی نوێی جیهانی، هەموو ئەمانە لەسایەی جۆرج بوشدا روویدا، هەرئەمەش وایکردووە کەجیهان بەگرنگییەوە سەیری بکەن.

پیاوێک لەباشوورەوە

جۆرج وۆکەر بوش لەساڵی 1924 لەدایک بووە، باوکی بازرگان بووەو پاشانیش بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا. جۆرج بوش چۆتە ناو هێزی ئاسمانی ئەمریکاو لەکاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا فرۆکەوان بووە، پاش تەواوبوونی جەنگ، لەولایەتی تەکساس خەریکی بارزگانی نەوت بووە. دواتر ساڵی 1962 تێکەڵی ژیانی سیاسی دەبێت.

لەتەکساسەوە بۆ ناو ژیانی سیاسی

بوش لەساڵی 1962 تێکەڵی ژیانی سیاسی دەبێت و دەکرێتە ئەندامی سەرکردایەتی پارتی کۆماری لەولایەتی تەکساس، لەهەڵبژاردنی ساڵی 1966 پشتگیری سەرۆک ریتشارد نیکسۆنی کرد، پاشانیش بووەوە نوێنەری ولایەتی تەکساس و ئەندامی کۆنگرێس.

ژیانی دیپلۆماتی

بوش زیاتر تێکەڵی ژیانی سیاسی و ئیداری و دیپلۆماتی دەبێت و ساڵی 1971 دەبێتە باڵیۆزی ئەمریکا لەڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پاشان لەناوەڕاستی حەفتاکاندا، کاتێک تازە پەیوەندی نێوان چین و ئەمریکا باش دەبێتەوە، دەکرێتە سەرۆکی شاندی دیپلۆماتی ئەمریکا لەوڵاتی چین، لەمەشدا رۆڵێکی بەرچاوی دەبێت، لەپێشخستن و دانانی بەردی بناغەی نێوان چین و ئەمریکا، کە تا ماوەیەکی زۆر، دوو دوژمنی سەرسەختی یەکتری بوون.

سەرۆکی CIA

لەساڵی 1976 لەسەردەمی سەرۆک جێراڵد فۆردا، دەکرێتە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا کە بە CIA ناسراوە، لەم پۆستە دەمێنێتەوە هەتاوەکو ساڵی 1978. ئەمەش ئەزموونی زۆرباشی لەبارەی سیاسەتی جیهانەوە پێ دەبەخشێت.

خەونی گەیشتن بەکۆشكی سپی
 
پاش ئەزموونێکی بیست ساڵە لەناو حزبایەتی و حکومەتدا، لەساڵی 1978 ەوە خۆی وەکو کاندیدی سەرۆکایەتی بۆ ئەمریکا هەڵدەبژێڕێت و دەستدەکات بەهەڵمەتێکی گەورە بۆ خۆی، بەڵام پاشان دەچێتە ناو تیمی رۆناڵد ریگن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و لەساڵی 1980، دواتر کاتێک ریگن هەڵبژاردنەکە دەباتەوە، دەبێتە جێگری و بۆ ماوەی 8 ساڵیش لەم پۆستەدا دەمێنێتەوە.

خەونی سەرۆکایەتی

لەهەڵبژاردنی ساڵی 1988دا جۆرج بوش هەڵبژاردنەکان دەباتەوە، بەمشێوەیەش لەپاش 150 ساڵ بۆ یەکەمجار جێگری سەرۆکێک دەتوانێت ببێتەوە بەسەرۆکی ئەمریکا. لەساڵی 1989 ەوە تاوەکو 1993 دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا، لەو ماوەیەشدا جیهان کۆمەڵێک گۆڕانکاری سیاسی گەورەی تێیدا روودەدات، کە مێژووی مرۆڤایەتی بەتەواوی گۆڕیی و لەقۆناغێکەوە چووە قۆناغێکی تر.

رووخانی سیستەمی کۆن 

لەساڵانی حوکمڕانی بوشدا، جیهان هەنگاوی بەرەو قۆناغێکی نوێ دەنا، بەتایبەتی لەئەوروپادا. لەو کاتەدا لەزۆربەی وڵاتە سۆسیالیستەکانی ئەوروپای رۆژهەڵاتدا، شۆڕش و خۆپیشاندان بەردەوام بوو، ئەمەش سەرەتای لەدایکبوونی قۆناغێکی نوێ بوو، هەروەها کۆتایی ئەو قۆناغە بوو کە پێیان دەگووت سیستەمی (دوو جەمسەری) دوای جەنگی دووەمی جیهانی و کۆتایی بلۆکی رۆژهەڵات. لەم قۆناغەشدا پیاوێک لەمۆسکۆوە بانگهێشتی ریفۆرم و کرانەوەی دەکرد، کە ئەویش رۆڵی گەورەی لەم سیستەمە نوێیەدا هەبوو، ئەویش میخایل گۆرباتشۆف سەرۆکی یەکێتی سۆڤێتی جاران بوو. پێکەوە لەگەڵ جۆرج بوشدا، رۆڵی گەورەیان لەڕووخانی هێمنانەی سیستەمە کۆنەکە بینی.

رووخانی دوژمنە سەرسەختەکەی ئەمریکا

نزیکەی چل ساڵێک دەبوو جەنگێکی سارد، جاراجاریش گەرم دەبوو، لەنێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤێت دا هەبوو، تاکە دوژمنی ئەمریکا یەکێتی سۆڤێت بوو. جۆرج بوش بووە میراتگری ئەو جەنگەو دواجار توانی تەپڵی سەرکەوتنی ئەمریکا بەسەر نەیارەکەیدا لێبدات و کۆتایی بەسیستەمی سۆسیالیستی و یەکێتی سۆڤێتی هێنرا، ئەمەش سەرەتای سیستەمی نوێی جیهانی بوو کە ئەمریکا پێشڕەوی دەکرد.

دۆستی ئەڵمانیا

هیچ سەرکردەیەکی ئەمریکا هێندەی جۆرج بوش لەلای ئەڵمانەکان خۆشەویست نییە، ئەوەش لەبەر دوو هۆ: یەکەمیان ئەو رابەرێتی رووخانی یەکێتی سۆڤێتی کرد، کە بەدوژمنی سەرەکی ئەڵمانەکان دادەنرا. دووەمیان: لەسەردەمی ئەودا دیواری بەرلین رووخا، کە هەردوو ئەڵمانیای کردبوو بەدوو بەشەوە، هەروەها ئەو پشتگیری تەواوی یەکبوونی ئەڵمانیای کرد، زۆربەی مێژوونوسان پێیان وایە، گەر جۆرج بووش نەبوایە، ئەوا هیچ کاتێک ئەڵمانیا یەکگرتنی بەخۆوە نەدەبینی، چونکە لەو کاتەدا جگە لەیەکێتی سۆڤێت هەریەک لەفەرەنساو بەریتانیاش دژی یەکبوونی ئەڵمانیا بوون و بەترسێکی گەورەیان بۆ خۆیان دادەنا.

جەنگی کوێت

خاڵێکی گرنگی تری ئەم پیاوە، رابەرێتیکردن گەورەترین جەنگی ئەمریکا بووە لەپاش جەنگی ڤێتنام، کە ئەویش جەنگی رزگارکردنی کوێت بوو لەچنگی رژێمی سەدام حسێن، زۆربەی چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە گەر ئەمریکا نەبوایە، ئەوا هیچ هێزێکی تر نەیدەتوانی سوپای عیراقی لەکوێت دەربکات. لەلایەکی ترەوە بەهاتنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناڤین، قۆناغێكی نوێ دەستیپێکرد، کە بەقۆناغی زاڵبوونی ئەمریکا دادەنرێت لەڕۆژهەڵاتی ناڤین.

سیستەمی نوێی جیهانی 

بەگشتی ئێمەی چەپ رقمان لەم سەرۆکەی ئەمریکا بوو، چونکە ئەو کۆتایی بەقۆناغی سۆسیالیزم هێناو لەتەواوی جیهاندا رابەرێتی سیستەمێکی نویێ جیهانی کرد کە دوو سیمای سەرەکی هەبوو کە ئەوانیش بریتی بوون لە: یەکەم: زاڵبوونی ئەمریکا بەسەر جیهاندا، ئەمریکا وەکو سیستەمی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی خۆی بەسەر جیهاندا زاڵ کرد. دووەم: جاڕدان بەنەمانی بیری کۆمۆنیزم و سۆسیالیزم و لەبەرامبەریشدا بڵاوبوونەوەی هزری لیبڕالیزم، لەم قۆناغەدا بیرمەندێکی ناسراوی وەکو « فۆکۆیاما» ئیعلانی « کۆتایی مێژوویی» کرد، کە ئامانج لێی ئەوەبوو کە چیتر فکری کۆمۆنیزم لەوڵاتێکدا جێبەجێ ناکرێت و جیهان ناچارە کە پێڕەوی فکری لیبڕاڵیزمی ئەمریکا بکات.

کوردو حاجی بۆش

هیچ سەرکردەیەکی ئەمریکا هێندەی جۆرج بوش کاریگەری بەسەر کوردەوە نەبووە، لەسەردەمی ئەودا بوو، کە کۆتایی بەدڕندەترین و خوێناویترین سەرۆکی عیراق هێنا کە ئەویش سەدام حسێن بوو، هەروەها لەسایەی ئەودا بوو کە ناوچەی دژە فڕین بۆ کورد دانرا، کە ئەمەش گەورەترین دەستکەوت بوو بۆ کوردو توانرا لەسایەی ئەو دژە فڕینەدا کورد خۆی حکومی خۆی بکات، جا حکومەکە هەرچۆنێک بێت، گرنگ ئەوەیە خۆی حوکمی خۆی بکات. هەربۆیە لەناو کورد نازناوی « حاجی بوش» یان لێنا.

دەرئەنجام
بەدڵنیاییەوە جۆرج بوش ناسراوترین و گرنگترین سەرکردەی ئەمریکا بووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەو ساڵانەی کە ئەو حکومی ئەمریکای کرد، جیهان رووبەڕووی کۆمەڵێک رووداوی گەورە بۆوە، دەشتوانم بڵێم جگە لەهەلومەرجی مێژوویی، کەسایەتی خۆشی، کاریگەری گەورەی هەبووە لەو شۆرەتە گەورەیەدا. لەهەمانکاتیشدا، ئەو توانی رابەری وڵاتێکەی بەباشی بکات، توانی ئەمریکا بکاتە تاکە زلهێزی جیهان، جا لەوانەبێت ئەوەش بەدڵی زۆر نەتەوەو گەلانی جیهانیش نەبێت.
سەرچاوە: کەنالی بی بی سی 
دۆیتچە ڤێلە، سایتی شپیگل

وتاری زیاتر



کاریزماو سیاسەت‬ ئەردەڵان عەبدوڵڵا
2021-10-14 22:25      122 جار بینراوە















نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو