فەرید ئەسەسەرد

دەستپێكی وەرزێكی تر لەكەیسی جەمال خاشقچی

  2018-11-28 11:49      410 جار بینراوە        کۆمێنت

بەدرێژایی حەفتا ساڵی رابردوو، هیچ كات بەقەد ئێستا میدیاكانی سعودیە باسی ئەو زوڵم ‌و زۆرەیان نەكردووە كە ئەمڕۆ لەتوركیا لەكورد دەكرێ‌. ئەو وتارانەی ئەمڕۆ لەسعودیە لەسەر كوردی توركیا لەمیدیاكان بڵاودەكرێنەوە، گوزارشت لەپشتگیریكردنی مەسەلەی كورد ناكەن، نە لەتوركیا نە لەهیچ وڵاتێكی تر، سەدەی رابردوو و هەردوو دەیەی بەرایی ئەم سەدەیە نیشانی دەدەن كە سیاسەتی دەرەوەی سعودیە لەهیچ قۆناغێكدا ئەو نەریتەی تێدا نەچەسپاوە كە مەسەلەی كورد یەكێك لەمەسەلە جێبایەخەكانی ئەم دەوڵەتە بێت وروژاندنی رەوشی خراپی كورد لەتوركیا لەو ماوەیەدا تەنها بەڵگەی ئەوەیە كە هەوڵەكانی سعودیە بۆ بێدەنگ كردنی توركیاو هاندانی بۆ دەست هەڵگرتن لەكەیسی جەمال خاشقچی، هەر هەمووی شكستی هێناوە. 
لە كۆنفرانسی "دەستپێشخەریی ئایندەی وەبەرهێنان" كە مانگی رابردوو لەسعودیە بە ناوی كۆنفرانسی بیابان بەسترا، میر محەمەدی كوڕی سەلمان هاواری كرد: تا مەلیك سەلمان ‌و جێنشینەكەی ‌و سەرۆك ئەردۆغان مابن، جیهانی ئیسلام هەر بەسەربەرزی دەمێنێتەوە. فڕوفێڵی بەستنەوەی ناوی مەلیك سەلمان ‌و جێ‌نشینەكەی ‌و ئەرۆدغان بەیەكترییەوە، بەسەر میدیاكاندا تێنەپەڕی ‌و بەدڵنیاییەوە بەسەر ئەردۆغانیشدا تێنەپەڕیوە.
توركیا تاكە لایەنە كە كەیسی خاشقچیی بەزیندوویی هێشتۆتەوەو تائێستا هیچ ساتوسەودایەكی لەسەر نەكردووە. ئەمەش سعودییەكانی تەنگاو كردووە، بەتایبەتی پاش سووتانی دوو كارتی گرنگ، یەكێكیان كارتی كۆمەكی دارایی سعودیەیە بۆ توركیاو دووەمیان كارتی ئەمریكایە، كە سعودیە چاوەڕوان بوو كاریگەریی لەسەر خاوكردنەوەی توندیی ئەنكەرە هەبێ‌.
گرنگترین پێشهات لەمبارەیەوە ئەوەیە كە دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا مەسەلەی تێوەگلانی میر محەمەدی لەكوشتنی خاشقچیدا یەكلاكردۆتەوەو ئەمەی بەسەرۆكی ئەمریكا ترەمپ گەیاندووە. رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" ناوەڕۆكی راپۆرتی هەواڵگریی ئەمریكای بڵاوكردووەتەوە.
دزەكردنی راپۆرتەكە بۆ میدیا نیشانەی ئەوەیە كە هەواڵگریی ئەمریكا هەمان رای ترەمپیان نییەو میر محەمەد بەشایستەی ئەوە نازانن كە ئەمریكا پشتی پێ ببەستێ‌، ئەوەی كە لە "واشنتۆن پۆست" بڵاوكراوەتەوە، رەنگە رێ‌ بۆ ئەوە خۆش بكات كە ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەبەری هەواڵگری بانگهێشت بكات ‌و داوای بەڵگەكانی لێ‌ بكات، ئەمەش هەڵوێستی ترەمپ زۆر لاواز دەكا.
بەڵام ئەمە نیوەی چیرۆكەكەیە، نیوەكەی تر ئەوەیە كە هەواڵگریی ئەمریكا بۆی دەركەوتووە كە باڵیۆزی سعودیە لەواشنتۆن پێشتر بەمۆبایل قسەی لەگەڵ قاشقچی كردووە، ئەمەش ئەو گومانەی لەسەر دروست دەكا كە رەنگە دەستی لەسازكردنی تەڵەكەدا هەبوو بێ‌. لمەسەلەیەكی وادا وەزارەتی دەرەوە هیچ رۆڵێكی نابێ‌، بەڵام باڵیۆز لەسەر خاكی ئەمریكا تێوەگلاوە یاخود گومانی تێوەگلانی لێ‌ دەكرێ‌، بۆیە پۆلیسی فیدرال دەسەڵاتی بەدواداچوونی هەیەو تەنانەت دەسەڵاتی بانگهێشتكردنی باڵیۆزیشی هەیە. ئەوەی كە گومانەكە نزیك دەكاتەوە لەڕاستی، ئەوەیە كە باڵیۆزی سعودیە لە واشنتۆن خالیدی برای میر محەمەدە.
ئەم هەموو پێشهاتە بەرەی دۆستانی میر محەمەد لەئەمریكا، لەسەرووی هەموویانەوە ترەمپ، لاواز دەكاو بەرەی نەیارانی میر محەمەد، لەسەرووی هەموویانەوە زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران ‌و دەزگای هەواڵگری بەهێز دەكات.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی تواندنەوەی تەرمی خاشقچی لەناو تێزاب كە هەواڵێكە سەرچاوەكەی توركیایە، كاریگەریی زۆری لەسەر رای گشتیی جیهان ‌و فشارێكی قورسی لەسەر پارێزەرانی میر محەمەد دروستكردووە.
جیهان خەریكە زۆر لەو بۆچوونە نزیك دەبێتەوە كە مانەوەی كەسانی هەڵەشەو كەللە رەق ‌و بوغراو خۆبەزلزان ‌و سەرەڕۆی وەك میر محەمەد لەناوچەیەكدا كە هەر لەبنەڕەتدا پڕ گێرمەو كێشەو تەنگژەیە، یارمەتیی سەقامگیریی ناوچەكە ناداو پاشاگەردانیی زۆرتر دەنێتەوە. دیارە ئەمەش لەبەرژەوەندیی كەیسی خاشقچی دایە.

وتاری زیاتر








یاریكردن بەكارتی حزبی بەعس‬ فەرید ئەسەسەرد
2021-02-22 19:15      224 جار بینراوە



عەللاوی و كابینەكەی‬ فەرید ئەسەسەرد
2020-02-17 17:54      437 جار بینراوە







كوردو په‌یمانی ناتۆ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-11-11 18:05      465 جار بینراوە







ئیسرائیل بەرەو پاشاگەردانی ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-09-23 16:50      422 جار بینراوە



نەوت و قەرزەكان‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-07-29 16:07      355 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو