وا ناكۆكی و ململانێكانی نێوان هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریكا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هەڵكشان بەخۆیەوە دەبینیت هەر لەكشانەوەی ئەمریكا لەدوای دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەكو سەرۆك لە ڕێككەوتنامەی ( 5+1) ی تایبەت بەبەرنامە ئەتۆمییەكە ی ئێران و دواتر سەرلەنوێ سەپاندنەوەی سزای ئابووری قۆناغ بەقۆناغ تا لە5ی ئەم مانگی تشرینی دووەمەدا بەشی دووەمی سزاكان خرایە بواری پراكتیكیەو هەرچەندە هەشت وڵات بووراون لەو سزایانە تا ماوەیەكی كورت .
ئەوەی تایبەتە بەم باسەو تایتڵی ئەم وتارە كورتەشە ڕۆڵی عیراق و كاریگەرییەكانی ئەو سزایانەیە لەسەر عیراق كەهەردوو لایەنی ئەو هاوكێشە لەهەوڵدان لەبەرژەوەندی خۆیان بەكاری بهێنن و پێدەچێت خاكی عیراقیش ببێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ئەو قەیرانە قورسە كە تەمەنی 40 ساڵە هەر لەساڵی 1979 ەوە دەستبەكاربوونی ڕژێمی كۆماری ئیسلامیەوە لەئێران سەری هەڵداوەو تائێستا درێژەی هەیە .
هەرچەندە تائێستا عیراق لەناو ئەو هەشت وڵاتەدایە كە بووراون لەسزاكان بۆماوەی 45 ڕۆژ ئەویش بەهۆی ئەوەی عیراق پشت بەگاز ئۆیلی ئێرانی دەبەستێت بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەباو جگەلەوەش بەشێكی زۆر كارەباش لەئێرانەوە هاوردە دەكات كە ناكرێت وا بەخێرایی و ئاسانی ئەڵتەرناتیفیان بۆ پەیدابكرێت، ئەمریكیەكان ڕەچاوی ئەوەیان كردووەو لەڕابردوودا عەرەبستانی سعوودیە ئامادەنەبوو ئەو پێداویستیانە بۆ عیراق پڕبكاتەوە، بەڵام لەئێستادا ئامادەیی پیشانداوەو ئیتر ئەو بیانووەی عیراقیش دەبڕێت كە ناچارە بەردەوامیی بەئەو پەیوەندییانە بدات .
یەكەم ئاماژەی فشاری ئەمریكا بۆ عەبدولمەهدی
كاتێك دووشەمەی ڕابردوو 19/11/2018 وەزیری گەنجینەی ئەمریكا ( ستیفن منوشین ) پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ئەنجامدا هەرچەند بەدرێژی باسی وتوێژەكانیان نەكراوە بەفەرمی، بەڵام سەرچاوە كان باس لەوە دەكەن كە ئەمریكا خوازیارە عیراق پابەندی تەواوی سزاكان بێت بۆسەر ئێران و هەروەها عیراقی لەوە ئاگادار كردۆتەوە كە لیستێكی درێژی لایە لەو كەسایەتی و بانك و دامودەزگا عیراقیانە كە لەژێر چاودێری وردی ئەمریكادان كەسزاكانی ئەمریكا نەبەزێنن .
عیراق چارەكێكی كارەبای پێویستی ڕۆژانەی لەڕیگای ئێرانەوە دابین دەكات بۆیە عەبدولمهدی داوای ئەوەی لەوەزیرەكەی ئەمریكا كردووە ئەو ماوەیان بۆ درێژبكاتەوە تاوەكو ئەڵتەرناتیفێكی بۆ دەدۆزنەوە، بەڵام وەزیرەكە وەڵامێكی ڕاستەوخۆی نەداوەتەوە .
عیراق ئێستا لەنێوان فشارێكی دووسەرەدایە ئەوا ئەمریكیەكان دەخوازن عیراق تەواو پابەند بێت بەسزاكانەوەو ئێرانیش دەخوازێت عیراق دەروازەیەك بێت بۆی بۆ دەربازبوون لەو سزایانە لەڕێگەی ئەو دۆستایەتی و پەیوەندییانەی كە لە گەڵ زۆر ڕەوت و لایەنی سەر گۆڕەپانی عیراق هەیەتی لەهەموو پێكهاتەكانی .
هەرچەندە عادل عەبدولمهدی وتی: ئێمە نابینە بەشێك لەدوژمنكاری هیچ وڵاتێك بۆسەر وڵاتێكی دی و ئاماژەی بەو هەوڵ و كۆششانەدا كە بۆ ڕوونكرنەوەو ڕاگەیاندنی هەڵوێستی عیراق لەم كێشەو ململانێانە داویانە چ لەگەڵ لایەنی ئەمریكی و ئێرانی پێیان ڕاگەیاندوون كە ئەمان پارێزگاری لەخاك و بەرژەوەندی گەلی عیراق دەكەن و زیان و ئازار بەكەس ناگەیەنن، ئەمەش بە ڕوونیی لەسەردانەكەی سەرۆك كۆماری عیراق بۆ ئێران بەڕاشكاوی باسكراوە یەكێك بەندە سەرەكیەكانی سەر خشتەی كارو كۆبوونەوەكانی بووە بەهامەهەنگی لەگەڵ سەرۆك وەزیراندا پلانی بۆ دانراوە .
لەكۆتاییدا ئەوەی ئەمریكییەكان كاری بۆ دەكەن توندكرن و جێبەجێ كردنی سزاكانەو لەدوا گۆڕانكاریشدا باڵوێزێكی نوێ دەستنیشانكرا بۆ عیراق ئەویش ماسیۆ تولەرە كە لە یەمەن بووە پێشترو یەكێكە لەهەڵۆ توندڕەوەكانی ئیدارەی ئەمریكاو زۆر توندە بەرامبەر بەئێران و ڕەخنەی ئەوە لەستافی پێشووتری وڵاتەكەی لەعیراق دەگرێت كە لاواز بوون بەرامبەر بەئێران .