مت شتێك بڵێ یان «شتێك بكە»، یان وەك چارەسەری مامناوەندی (مت شتێك بنوێنە)، ناوی شانۆگەرییەكی عەزیز نەسینە. كە بۆ دۆخی مت و مات و مەیوی عیراق دەست دەدا. هەموو وشەكان دۆست و خزمی یەكتریشن. «مت» ناوی شانۆگەرییەكەیە كە بۆ نموونە هێناومەتەوە و ناوەڕۆكەكەی لەسەر ئەو دۆسێیە نییە كە لەعیراق هەیە، بەڵام «مت» بەعەرەبیش بەواتای ئەمرو راسپاردەی (بمرە) دێت كە خزمی «مات» و مەلولی و (مت) بوونیشە.
دۆخەكە لەكوردستان و لەبەغدا كە پایتەختی مات و متی عیراقی تائێستا فیدرالییە. لەدۆخی پێكوتەیەكی مت و مەییندایە. حكومەتی عیراق هێشتا تەكامولی نەكردووەو لەنۆبەتی سوێندی یەكەمی وەزیرەكاندا گیری خواردووە و ئیتر (مت) بووە. حكومەتی كوردستانیش دوای هەڵبژاردن لەدۆخی كاربەڕێكردندا ماوەتەوەو سەرەڕای جموجۆڵی لایەن و هێزەكان، هێشتا پێكهاتەی نوێی متەو نەمەییوە.
ئەم مت و ماتی و مەینە هەر لە پایتەختەكاندا نییە كە كاتی دەوێت لەنێوان كوردو شیعەو سوننەدا، بەڵكو لەسێ وێستگەی گرنگیشدا هەروایە:
لەكەركوك كە جێی داخوازیی كوردە، چەقی بەستووەو مات و مت و مەلولیشە.
لەموسڵ كە جێی داخوازیی سوننەیە، لەوەتەی داعش دەركراوە، پێكوتەی چارەسەری سیاسی دەكاو هیچ دیارنییە قۆناغی پۆست داعش چۆن دەبێ؟ ئاوسە بە موسڵێكی نوێ، یان داعشێكی نوێ، جێی كۆنەكە دەگرێتەوە؟.
لەبەسرە كە قیبلەی مورادی ناڕەزایی شیعەیە، هێشتا باعیسی تەنگژەی داخوازییەكانی خەڵك چارەسەر نەكراوەو دیارنییە ئاییندەی بەندەری نەوت لەكام بەندەر دەگیرسێتەوە؟.
دیمەنەكە وایە: دوو پایتەختی وڵات داخۆ چی گرێبەستێك دەبەستن و سێ كوچكەی سۆپەر پارێزگاكانیش لەكەركوك و موسڵ و بەسرە، چۆن قۆناغی شۆك تێدەپەڕێنن؟.
مت شتێك بڵێ (قل شیئًا یا مت)
Bir şey yap met