دهامی شەهید سمكۆ

یەکێتی لەڕۆژی شەھیدانیدا!

  2018-11-22 10:51      305 جار بینراوە        کۆمێنت

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، وەک ھەمیشە کە چۆن پێشڕەوو پێشەنگە لەکاری سیاسی و ڕێکخراوەیی، بەھەمان شێوە بۆ ئەرزش و پێزانینی یادەوەری و مێژووی شەھیدانی حزبەکە، کە بەشێکە لەشانازی میللەتەکەمان، ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی کەڵە شەھیدانی داھێنەری کۆنسێپتی: کەم ژیان و کەڵ ژیان، سەروەران (شیھابی شێخ نوری، جەعفەر عەبدولواحید، ئەنوەر زۆراب)ی کرد بەڕۆژی شەھیدانی یەکێتی، ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە یەکێتی، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، لەترۆپکیاندا شەھیدانی، بەخاوەنی ڕاستەقینەی خۆی دەزانێت، کەم ھێز ھەیە ھێندەی یەکێتی خۆی بەقەرزارباری شەھیدان و خەڵک بزانێت، واوەتر چ لەڕووی ژمارەوە لەنێوانیشیان شەھیدانی سەرکردەو فەرماندەکانی، پێشڕەوی ھێزە کوردستانیەکانە، ھاوکات زۆرترین کتێب و نامیلکە، مەراسیمی شکۆدارو ساڵیادی وەبیر ھێنانەوە، پەیکەرو تابلۆ، دیکۆمێنتاری و ڕیپۆرتاژ لەسەر شەھیدانی ئامادەکردووە، ھێز ھەیە نایەوێ خۆی بخاتە ژێر باری خۆ بەقەرزار زانینی کۆمەڵانی خەڵک و شەھیدان، بۆیە ھەمیشە ھێزی دەرەکی رادەکێشت بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکان، ئەمە لای کۆمەڵانی خەڵک ڕوونەو یەکێکە لەخاڵە ھەرە گەش و جیاوازەکانی یەکێتی.
ئێمەی کەسوکاری شەھیدان ھەمیشە ئەم کەم و کوڕیانەمان دیوەو دەنگمان گەیاندووە، بەڵام کەمترین بەدەنگەوە ھاتنمان ھەبووە لەلایەن کاربە دەستانی یەکێتیەوە، لەبەر ھۆکار گەلێک زۆر ھەڵوێستمان دواخستووە، لەھەڵبژاردنەکان ھەموو تواناکانمان خستۆتە کار بۆ سەرخستنی یەکێتی، بەڵێ ئێستاش کاتی ئەوەیە ڕەخنە بگرین و باری لاسەنگی حزبەکەمان، کە بەخوێن بەخشین و ئارەق ڕشتن بۆی کاری گەورەمان بۆی کردووە، ڕاستی بکەینەوە، دیارە ئێمە لەبەر ئەم ئازادییەی ھەمانە لەڕەخنە گرتن یەکێتین، ئەگەر ئەمەش نەمێنێ کە لێرەوەو لەوێ دەبیستین ڕێگری دروستدەکرێت و دەنگمان کپ دەکرێت، ئیتر بۆ یەکێتین؟
ھەروەھا وەک بە بەرچاومانەوە پۆلێک لەھەڤاڵانمان لە ئۆڕگانەکانی حیزب و حکومەتیش، کارەکانیان نا دیدە دەگیرێت و بەربەست و ئاستەنگمان بۆ دروستدەکرێت و دەردەکرێین، چۆن دەکرێ بێ دەنگ بین!
بۆیە دەکرێ ئەم یادە بکەین بەپێوانەی لێپرسینەوە، لەسەرکردەکان و لێپسراوانی یەکێتی بەرانبەر بەشەھیدان و کەسوکاریان و کۆمەڵانی خەڵک، بەڵێ:
- سەرکردەی یەکێتی ھەبوون و ھەن، کە بەرانبەر بەیادەورەی و بنەماڵەی شەھیدان بێ وەفا بوون.
- کاربە دەستانی یەکێتی لەئۆرگانەکانی حزب و لە حکومەت ھەبوون و ھەن، کە بەرانبەر بەمێژووی ھاوڕێ شەھیدەکانیان و کەسوکاریان بێ بەڵێن بوون.
- سەرکردە ھەیە ھاوڕێی گیانی بەگیانی شەھیدێک بووە، کە لەھەمان شانەو رێکخستنی نھێنی لەگەڵی بووە، لەپێش ئەودا بەرەو پەتی سێدارە ڕۆیشتووە، کەچی ئێستا ئەم ئەوەندەی بیری لای ئاودیوکردنی تەنکەرە نەوت، کۆمپانیاکانی، زیاد کردنی ھەژماری بانکی، بیری لای کەسوکاری ئەو شەھیدانە نییە!
- سەرکردەی یەکێتی ھەیە ھاوڕێکانی دژی خیانەتکارێکی مێژوویی گەلەکەمان خۆی خستە پێش دەبابەکانی دوژمن، لەپێش چاوی ئەوان سەدان ھاوڕێی شەھید بوون، کەچی ئێستا سەفەقەی ژێر بەژێری لەگەڵیان ھەیە.
- ھەزاران کەسوکاری شەھیدان ھەن کە تائێستا سوودمەند نەبوون و لەدۆخێکی خراپ دەژین، لەبەرانبەردا زۆرینەی سەرکردەو لێسپراوانی یەکێتی، لەو پەڕی خۆشگوزەرانی دەژین و ھیچ باکیشیان بەم بارە خراپەی بنەماڵەی شەھیدان نییە!
- بەھۆی نەبەستنی کۆنگرەوەو نەبوونی لێپرسینەوە لەنوێنەرانی لەحکومەت و دامودەزگا حزبیەکانی، دەرفەت ڕەخساوە بۆ خۆپەرستان و لادەران لەڕێبازی یەکێتی، کە تەنیا بیریان لای خۆیان و بنەماڵەکەیان بێت، کە بوونەتە ھۆی ناشرینکردنی سەروەرییەکانی یەکێتی.
بۆیە لێرەوەو لەم یادو ڕۆژە شکۆدارە، ئێمەی کەسوکاری شەھیدان بەمافی خۆمان دەزانین، بپرسین چۆن دەکرێ دۆخی یەکێتی بەم جۆرە درێژە بکێشێت، ئێمەش دۆشدابمێنین و سەیری پووکانەوەی یەکێتی بکەین، بۆیە دەڵێین؟
- دەبێ گوشار بخرێتە سەر ئۆرگانە باڵاکانی یەکێتی بەتایبەت مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند بۆ بنڕکردنی کێشە ناوەخۆییەکان و بەهێزکردنەوەی (ی. ن. ک).
- دەبێ کار بۆ بە دام و دەزگاییکردنی ئۆڕگانە ناوەخۆییەکانی (ی. ن. ک) و ڕەچاوکردنی پڕەنسیپەکانی دیسپلینی کاری ڕێکخراوەیی بەتایبەت كاركردن بەچەمكی پادشت و سزا.
- هێنانە پێشەوەی گەنجان و دەموچاوی نوێ وەک ھۆکارێکی بەھێزو کاریگەر بۆ نوێبوونەوەو بەهێزبوونەوەی (ی. ن. ک)، لەپاڵ تێکەڵکردنی حیکمەت و ئامۆژگاری و ئەزموونی نەوەی پێشوو، ئەوانەی لەپڕەنسیپ و بەھا بەرزەکان لایەن نەداوە.
- ھاوکاریکردن و بەرزکردنەوەی گیانی خۆ بەختکردنی ڕۆڵەو نەوەو کەسوکاری شەهیدان بۆ کوردستان و بۆ (ی. ن. ک)، ھەروەھا سازدانیان و پەروەردە کردنیان بەشێوەیەکی یەکێتیانەو بۆ پێشکەوتنی یەکێتی وزەو ھەوڵەکانیان بخرێتە گەڕ.
- پاککردنەوەی (ی. ن. ک) لەکەسانی بەرژەوەندیخوازو گەندەڵ و مشەخۆر، کە بوونەتە هۆکاری بێهێزبوونی گیانی کاری رێکخراویی، کە ئەمەش بەهۆکارێکی دەزانین بۆ بێ ئومێد کردنی کادیران و ئەندامان لەچاکسازی و پاکسازی و نوێبوونەوە.
- کارکردن و گەڕانەوە بۆ پێڕەوو پڕۆگرامی (ی. ن. ک) کە لەکۆنگرەی سێیەمی یەکێتی بڕیاری لەسەر دراوە.
- کار کردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوەخۆییەکانی (ی. ن. ک) و کەمکردنەوەی هەژموونی تەکەتول و دەستەگەری و باڵباڵێن کە ئەم حیزبەی داڕزاندووە، بەمەش خەریکە هیچ هێلێکی هەڤاڵانەو یەکێتیانەی لەناو نامێنێت و هەموومانی لاواز کردووە.
- کارکردن بۆ بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی، بە شێوەیەک کەهاوسەنگی دەنگ و ڕەنگە جیاکان ڕابگرێت و لەژێر تێزی چەپکە گوڵەکەی پێشەوامان جەنابی مام جەلال بنەما بنەڕەتییەکانی کۆنگرە دابڕێژرێت و کەس پەراوێز نەخرێت.
- هێنانە پێشەوەی گەنجی بەتوانا و دەموچاوی نوێ لەناو حزب و نوێنەرانی یەکێتی لەناو حکومەت، بەتایبەت ئەوانەی کە ڕۆڵیان هەبوو لەسەرکەوتنەکانی یەکێتی لەهەڵبژاردنەکاندا.
- کارکردن بۆ بەدەستهێنانی کورسی بۆ نەوەو کەسوکاری شەهیدان، لەمەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندو مەڵبەندو مەکتەبەکان و ئۆرگانەکانی تری یەکێـتی و هەروەها لەناو حکومەتیش.
- لەکاتی خۆپاڵاوتنی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنەکان و ئۆرگانەکانی حزب و پۆستەکانی حکومەت، پشکی تایبەت بۆ نەوەو کەسوکاری شەهیدان تەرخان بکرێت.
 

وتاری زیاتر




نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو