كانگای بەرەكەتی رۆژنامەگەریی عەرەبی لە میسر و لوبنان بوو. دوای داكشانی ئەزموونی ناسریزم و ئینجا شەڕی ناوخۆی لوبنان، باڵندەكان بۆ كەنداو كۆچیان كرد.
لەپێشدا كوێت باخچەی پشتەوەی رەوتی عروبەی گەنجانە بوو، بۆیە خوێندكارەكانی هەیكەل چوونە ئەوێ. دوایی سعودیە بۆری نەوتی بۆ رۆژنامەگەریی تاراوگە كردەوە. میدیای عەرەبی كەوتە دەستی ئەزموونی شام و میسر. عەقڵ هی وان و گیرفان هی میرەكانی كەنداو بوو.
وتیان ئەم عەقڵە سەرەنجام كار لەو گیرفانەش دەكا و سعودیەش رەوتێكی لیبرالی بۆ پەیدا دەبێ كە دەبنە پێشەنگەكانی گۆڕانكاریی ناوخۆیی لە سعودیە و ئامۆزاكانی كەنداو.
رەوتێك كە بە پارەی نەوت، رەونەقی بۆ سیاسەتی موحافەزەكاری پەیدا دەكرد شەو و رۆژ ماشێنی لەكایەدا بوو. ئەوی بە پارەی بەغدای سەدام و لیبیای قەزافیش پایەدار بوون، ئەركیان كەوتە سەر شانوشەوكەتی میرانی ریاز.
جا كە نرخی نەوت كەوتە تەنگژەوە، پڵنگی كاغەزین شەمزا، كە چی پڵنگی رەسەنی ئاسیا زوو خۆی گرتەوە. رۆژنامەی كاغەزینی لەندەن و پاریس گەڕانەوە خەرجی كەمی ماڵە باوان. لە نووسینگەكانی كەنداو و بەیروت، بە ریال لە جێی دۆلار، گیرسانەوە.
كە سعودیە لە گێژاوی هەڵمەتی رۆژاوا گیری خوارد، دەركەوت ماشێنی میدیای پارەداریش ناتوانێ سیاسەتی كۆنەپەرستی تیفتفە بدات. كە پارەپارەكردنی خاشقچیش بۆتە باسی باسان، روون دەبێتەوە كەلتووری خەنجەر هەر بە نیەتی باش، یان شوكری فەزلی وتەنی «هەر بە دوعا و نوێژ»، نابێتە ئەفەندی لیبراڵ.
نێوانی پارەداركردن و پارەپارەكردن دەرسێكە بۆ زۆر مەملەكەت.