فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق عادل عەبدولمەهدی، بەلاغێكی وردو ئومێدبەخشی دەركردووە لەسەر دۆخی هێزەكانی عیراق بەهی هەموو ئاراستەو ناونیشانەكانییەوە. كورتەكەی ئەوەیە دوای نەمانی داعش و نزیكەی دوو دەیە لەكەوتنی سەدام، كاتێتی هێزە چەكدارەكانی عیراق رێكبخرێنەوە و وا بن كە لەهەموو وڵاتێكی سەنگین و شایاندا هەیە: سنوورداركردنی چەك بەدەست دەوڵەت و ژێر سایەی ئەمری فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی وڵات.
فەرماندەی گشتی كە بەگوێرەی دەستوور هەر خۆشی سەرۆك وەزیرانی عیراقە، دوو تێبینی جوانی لە بەلاغەكەی تۆماركردووە؛ یەكێكیان سڵاوكردنە لەهەموو ئەو هێزانەی بەناونیشانی جیاجیاوە لەچەند ساڵی رابردوودا شەڕی ئیرهاب و داعشیان كردووەو دەستخۆشییان لێدەكات.
دووەمیان: ئاماژە بەوە دەكات هەموو شتێك بەیەكجارو بە یەك هەنگاو ناكرێت. سەبرو تەگبیرو شێنەیی دەوێت.
راست دەكات، لەبەرئەوەی راست دەكات و نیەتی باشە، پێشنیازی بۆ دەكەین كە لەشوێنێكەوە دەستپێبكات: كەركوك.
كەركوك ئەو شارەیە كەجاران پێیان دەوت بەرمیلە باروتەكەو بۆ خۆشەویستی نازناوی عیراقە بچووكەكەیان لێنابوو، چونكە پڕیەتی لە ئەتنیك و گروپی جیاجیا. كەركوك شوێنێكی باشە بۆ مسۆگەركردنی سەركەوتنی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان لەپڕۆژەكەیدا.
ئێستا كە پێشمەرگەی كوردستانی لێ نییەو هەنجەتی هەستیاری دۆخی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان رەچاو ناكرێت، باشترین شوێنە كە بیرۆكەكانی سەرۆك وەزیرانی تێدا تاقیبكرێنەوە. فەرموون كۆتایی بەدۆخی بەسەربازگەكردنی كەركوك بهێنن، لەحەشدەوە تا سوپای هەمە بنەچە كە هیچ رەگێكی رەواییان لەشارەكە نییە، مەگەر رەگی دیفاكتۆی هێزو دەستبەسەراگرتن نەبێت. سەرۆك وەزیران دەزانێ هێزی پێشمەرگە كە دەبووایە رەواترین هێزی ئەوێ بێت، ئێستا لەوێ نییەو هەموو جومگەكان دیارە لای حكومەتی ئیتحادییە كە بەداخەوە رەفتاری وەك حكومەتی مەركەزییە.
كەركوك وەكو هەر كراوەتە نیشانی تاقیكردنەوەی جیاجیا، با بكرێتە شوێنی تاقیكردنەوەی بیرۆكەی مەدەنی و ئاشتیخوازانەش. ئەوێ تاقیكردنەوەیەكی باشە بۆ یاساو هێزو بیرۆكەی فیدرالی.
بەوە رێگە خۆش دەبێت بۆ مادەی 140 و ئاشتبوونەوە لەگەڵ لایەنێكی هەرە سەرەكی پرۆسەی رزگاریی عیراق كە كوردو كوردستانە.
كەركوك دەبێتە تاقیكردنەوە بۆ خۆڕاگریی بیرۆكە چاكسازییەكانی سەرۆك وەزیران كە تائێستاش لە ئەدەبیاتی كورددا بە «دۆستی كورد» ناوی دێت و هیوامانە تا سەر وا بێت و وای پێبوترێت.