بورهان شێخ رەئوف

سەردانەكەی عەبادی بۆ توركیا

  2018-08-23 14:33      398 جار بینراوە        کۆمێنت

عەبادی لەكاتێكدا سەردانی ئەنقەرە دەكات كە كۆتایی خولی حوكمڕانییەكەیەتی و وەكو سەرۆك وەزیرانێكی كاربەڕێكەرە لەوانەیە لەچەند ڕۆژو هەفتەی داهاتوودا كابینەیەكی نوێ‌ لەعیراقدا دەستبەكاربێت لەهەمانكاتدا حكومەتەكەی ڕووبەڕووی گەورەترین قەیران بووەتەوە كە لەبەشێكی زۆری شارەكانی باشوورو ناوەڕاستی عیراق خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی گەورە بەڕێوەدەچێت دژ بەگەندەڵی و شكستی حكومەت لەدابینكردنی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەكانی خەڵك كە ئاوی خواردنەوەو كارەبایە .
لەهەمان كاتیشدا حكومەتی توركیاو سەرۆك كۆمارەكەشی حاڵیان لەعەبادی باشتر نییەو لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی تێكچوونی پەیوەندییەكانی ئەمریكاو توركیاوە ئابووری توركیا گەورەترین گورزی بەركەوت بەجۆرێك بارودۆخی وڵات شڵەقاوە كە پێ ناچێت وا بەئاسانی ئاسایی ببێتەوە ئەو سزایانەی ئەمریكا بەهۆی زیندانیكردنی قەشە ئەندرۆ برانسۆنەوە بەسەر توركیای دا سەپاندوهەروەها سزا بەسەر دوو وەزیری كابینەكەی ئەردۆغان ئەوانیش وەزیرەكانی دادو ناوخۆو زیادكردنی باج لەسەر ئاسن و فافۆن وایانكرد لیرەی توركی داڕمان و هەرەسێكی گەورەو كتوپڕو چاوەڕوان نەكراو لەلایەن ئەردۆغان و حكومەتەكەیەوە بەخۆیەوە ببینێت كە توركیا بەدوای ڕێگاو فریادڕەسدا بگەڕێت .
عەبادی دەتوانێت چی بدات بە ئەردۆغان ؟
هەرچەندە وەكو پێشتر ئاماژەم پێدا ڕوون نییە عەبادی لەكابینەی داهاتووی عیراقدا ڕۆڵی دەبێت یان دەبێتەوە بەسەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام ئەگەر چانس یاوەری بێت ئەوا دەتوانێت بەهانای توركیاوە بچێت لەكاتێكدا دیناری عیراقی ئەمڕۆ بەهاكەی لەزۆربەی دراوی وڵاتانی دراوسێ‌ بەهێزترە بەتایبەتی ئێران و توركیا بەهەرحاڵ ئێستا كە سزاكانی ئەمریكا وا بەسەر ئێراندا جێبەجێ‌ دەكرێت عەبادی دەخوازێت ئەو هەلە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی ئەو فشارانەی كە لایەن حكومەتی ئێرانەوە كرایە سەر حكومەتەكەی و كارەبایان لەعیراق بڕی و عەبادی ئەمە بەفاكتەرێكی سەرەكیی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكانی باشووری عیراق دەزانێت، بۆیە دەخوازێت ئەو پەیوەندی و ئاڵوگۆڕییە بازرگانیانەی كە ساڵانە بە 6 ملیار دۆلار لە گەڵ ئێراندا دەكرا جگە لەداهاتی غازو بەرهەمە نەوتییەكان بگوێزێتەوە بۆ توركیا، چونكە توركیا بەڕای ئەو نایەوێت ئەو پەیوەندییانە وەكو كارتی فشار بۆ سەر حكومەتی عیراق بەكار بهێنێت وەكو ئەوەی ئێرانیەكان دەیكەن.
لەهەمانكاتدا عەبادی بەنیازە ئەگەر ببێتەوە بەسەرۆكی حكومەت بۆندی كڕینی وزەی كارەبا لەگەڵ توركیادا واژۆ بكات و هەروەها دەست بەناردنەدەرەوەی نەوت لەبۆری جیهان كەركوكەوە بكرێتەوە وەكو لەسەردانەكەدا پێداگیری لەسەر كرا پێداویستیەكانی توركیا لە نەوت دابین بكات كە ئەمەش لەمكاتەدا پاڵپشتی و كۆمەكیەكی گەورەیە بۆ حكومەتی ئەنقەرە .
ئەردۆغان دەتوانێت چی بدات بە عەبادی ؟
لەبەرامبەردا عەبادیش پێویستی بەپشتیوانی ئەردۆغان هەیە بۆ ئەوەی خولێكی تر ببێتەوە بەسەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئەویش بەزیادكردنی بەشە ئاوی عیراق لەهەردوو ڕووباری دیجلەو فورات لەكاتێكدا عیراق بەسەختترین وشكەساڵی و كەم ئاوییدا دەڕوات بەهۆی تەواوبوونی كارەكانی بەنداوی ئەلیسۆی توركیاوەو دەستكردنی بی گلدانەوەی ئاو. كە ئەمەش ڕەزامەندی توركیای لەسەر كرا كە خاڵێكی بەهێزە بۆ عەبادی .
توركیا دەتوانێت بۆشایی هەژموونی ئێرانی بەسەر عیراقەوە پڕبكاتەوە بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە كە عەبادی وتی هەرچەندە سزاكان ناڕەواو نا مرۆڤانەن، بەڵام بەرژەوەندی عیراق وا پێویست دەكات و ڕێگایەكی ترمان نییە لەبەردەماندا جگە لەپابەندبوون پێیەوە لەكاتێكدا زۆر لایەن و گروپی تری شیعەی عیراق ناڕەزایەتی كاردانەوەی توندییان هەبوو بەرامبەر بەهەڵوێستی عەبادی .
بەهەرحاڵ توركیا دەتوانێت زۆر شت بۆ عەبادی و عیراق بكات لەوانە هەموو پێداویستییەكانی عیراق لەخۆراك و كەرەسەی پیشەسازی و پێداویستی ڕۆژانەی خەڵكی عیراق دابین بكات، هەروەها وزەی كارەباو بەشداریكردنی كۆمپانیا توركییەكان لە ئاوەدانكردنەوەو بنیاتنانەوەی عیراقدا كە ئەمەش سوودو قازانجی باشی بۆ توركیا دەبێت و جێ‌ پێی خۆی لەعیراق بەهێز دەكات و جێ‌ بەئێران لێژ دەكات .
لە كۆتاییدا دەپرسین ئایا هەموو ئەو ڕێككەوتنانە دەچنە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە یان هەر بەحبری لەسەر كاغەز دەمێننەوە بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بەپاراستنی سنووری توركیاوە هەیە، چونكە عەبادی توانای پاراستنی كورسیەكەی خۆی نییە ؟
دەڵێم ئەوانەی پەیوەندی بەبازرگانی و جموجووڵی هاووڵاتیان و كردنەوەی دەروازەیەكی تری سنوورییەوە هەیە جێبەجێ‌ دەكرێت، بەڵام ئەوانی دی پێویستی بەخولێكی ترو ویلایەتێكی تری حوكمڕانی عەبادییەوە هەیە .

وتاری زیاتر




شایی‌ بگێڕین یان شین؟‬ بورهان شێخ رەئوف
2021-12-19 17:31      104 جار بینراوە



























نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو