هەر چوار ساڵ جارێك، ماددەی 76ی دەستووری عیراق و دەستەواژەی «فراكسیۆنە پەرلەمانییە بەژمارە زۆرەكە» پاش هەر هەڵبژاردنێكی ئەنجومەنی نوێنەران دێتەوە بەر باس. بایەخی ئەم مەسەلەیە لەوە دایە كە فراكسیۆنە پەرلەمانییە بەژمارە زۆرەكە لەسیستمی سیاسی عیراقدا بەگرنگترین بنچینەكانی پرۆسەی سیاسی دەژمێردرێ، چونكە ئەركی پێكهێنانی حكومەت بەو فراكسیۆنە دەسپێردرێ. بەپێی دەستور، فراكسیۆنە پەرلەمانییە بە ژمارە زۆرەكە ئەو فراكسیۆنە نییە كە لەهەڵبژاردندا زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، بەڵكو ئەوەیە كە لەلیستەكانی تر دەنگی زۆرتری هێناوە.
بەپێی ئەو شرۆڤەیەی كە دادگای فیدرال لەساڵی 2010 پێشكەشی كردووەو ئەمڕۆ كاری پێدەكرێ، فراكسیۆنە پەرلەمانییە بەژمارە زۆرەكە دەشێ ئەو لیستە بێ كە لەهەڵبژاردندا زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوەو هەروەها دەشێ ئەو فراكسیۆنە بێ كە پاش هەڵبژاردنو لە یەكگرتنەوەی چەند لیستێك پێكهاتبێ. ئەمەش ئەوە بەبیردێنێتەوە كە لەساڵی 2010 دا لیستی نیشتمانیی عەللاوی 91 كورسیی بەدەستهێناو دەبوایە پێكهێنانی حكومەتی پێ راسپێردرێ، بەڵام لیستی دەوڵەتی یاسا (89 كوردسی)و لیستی ئیئتیلافی نیشتمانی (70 كورسی) یەكیان گرتەوەو فراكسیۆنی هاوپەیمانیی نیشتمانیان پێكهێنا كەبووە فراكسیۆنە پەرلەمانییە بەژمارە زۆرەكە. لەئەنجامدا عەللاوی مافی پێكهێنانی حكومەتی لێ سەنرایەوەو داوا لەهاوپەیمانیی نیشتمانیی كرا كابینەی تازە پێكبهێنێت.
بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەم دواییە، لیستی موقتەدا سەدر زۆرترین كورسیی بەدەستهێناوەو ئەگەر تا یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی تازە، لیستی لەو گەورەتر پەیدا نەبێ، كاندیدی لیستی سەدر رادەسپێردرێ حكومەت پێكبهێنێت.
سەدر سەرودەر لە فڕۆفێڵەكانی ماددەی 76 دەركا. بۆیە ئەگەر دەستپێشخەری نەكاو هاوپەیمانی لەگەڵ چەند لیستێكی تر دروست نەكاو بەهەمان دەردی عەللاوی دەچێ. هەرچەند لیستەكەی سەدر دەبێتە گەورەترین فراكسیۆنی ناو ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام لەناو ئەنجومەنی نوێنەران بەتەنها هیچی پێ ناكرێ، چونكە تەنها 16% ی ئەنجومەنی نوێنەران پێكدێنێ. ئەمەش هانی دەدا سەرگەرمی دروستكردنی هاوپەیمانییەكی فراوان بێت.
سەدر لەدەرەوەو لەناوخۆدا نەیاری هەیە. ئێرانییەكان پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵدا نییەو ئەمریكییەكانیش لێی نیگەرانن. لەو سەردەمەی كە ئەمریكییەكان لەعیراقدا بوون، سەدر لەڕێگای سوپای مەهدییەوە تەنگی بەئەمریكییەكان هەڵچنی بوو و لەو كاتەوە تائێستا ناتوانێ ئەمریكییەكان بەدۆست بزانێ. ئەمریكییەكانیش لێی رانابینن ئاستی دژایەتی كردنیان كەمبكاتەوە. ئێرانییەكان سەدر بە یاخیو سەركێش دەزاننو پێیان وایە كۆنترۆڵكردنی كارێكی زەحمەتە، سەرباری ئەوەی كە بەگومانەوە دەڕواننە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعودیە.
لەسایەی دۆخێكی وادا ئەمریكییەكانو ئێرانییەكان، هەریەكەیان لەئاستی خۆیەوە، سەرقاڵی یارمەتیدانی دۆستەكانیانن بۆ دروستكردنی فراكسیۆنە پەرلەمانییە بەژمارە زۆرەكە پێش یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران.
هەوڵی سەدر بۆ گەیاندنی كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرەك وەزیران، زۆر كێشەی بۆ دروستدەكاو تەگەرە لەدروستكردنی هاوپەیمانییەكی فراوان دەدا. ئەگەر واز لەم هەوڵە نەهێنێ، زۆر ئەستەمە بتوانێ هاوپەیمانییەكی بەهێز دروست بكا. ئەگەر سەدر بتوانێ عەبادی بەلای خۆیدا رابكێشێ، دەبێ پشتگیریی عەبادی بكا بۆ ئەوەی ببێ بەسەرەك وەزیران. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر پێویستی بەهاوپەیمانی دیكەش دەبێ، چونكە خۆی و عەبادی پێكەوە 96 كورسییان لەئەنجومەنی نوێنەراندا دەبێ كە دەكاتە 28% ی ئەنجومەنی نوێنەران. پێناچێ ئەمریكییەكان دژی ئەم سیناریۆیە بن، هەرچەند دەشزانن دۆستەكانی لەناو كابینەکەدا لەپشتگیریكردنی سیاسەتەكانی ئەمریكادا دەستكراوە نابن، بەڵام لانیكەم دەتوانن لەڕێی هاوپەیمانیی سەدرو عەلاوی و هەندێ لایەنی ترەوە، سنوورێك بۆ داشكاندنی عیراق بەلای ئێراندا دابنێن.
لەبەرامبەردا، گونجاوترین سیناریۆ كە ئێران هەوڵی بۆ دەدا، دروستكردنی هاوپەیمانییەكی فراوانە لە هادی عامریو عەبادیو مالیكیو حەكیمو هەندێ لایەنی تر كە ژمارەی كورسییەكانی 120 كورسی تێدەپەڕێنێو لێی رادەبینرێ بتوانێ فراكسیۆنە پەرلەمانییە بەژمارە زۆرەكە پێك بێنێ. مەرجی سەركەوتنی ئەم سیناریۆیە، سپاردنی پێكهێنانی كابینەی نوێیە بە عەبادی. ئەم ئەگەرە لەلای ئەمریكییەكان ئەگەرێكی نمونەیی نییە، بەڵام ئەگەر سیناریۆی لەوە چاكتر چنگ نەكەوێ، دەشێ پشتگیریی بكەن.
ئەوەی كە ئەمریكییەكانو ئێرانییەكان لەسەری یەكدەنگن، ئەوەیە كە بوونی سەدر لەناو حكومەتدا خۆی لەخۆیدا كێشەیە و بوونی لەدەرەوەی حكومەتیش كێشەیەكی گەورەترە. لەم نێوانەدا تێڕوانینێكی روونیان نییە.