رێوییەکانی کرملین و عەرابی تاڵانکردنی روسیا بوریس بیریزوفسكی کتێبێکی دانسقەیە لەسەر کردنەوەی بورغی و پارچەپارچە کردنی دامەزراوەکانی روسیاو فرۆشتنی بەخوردە لەبازاڕی بێ رەحمانەی قۆناغی ئینتیقالی و ھەر کەس بۆ خۆیی و بەرەڵاییدا.
کاتی خۆی ئەم کتێبەم، لەگەڵ کۆمەڵێک کتێبی تردا، لەوانەش کتێبی روسیای پۆتین، دایە مامۆستای گەورەم محەمەدی مەلا کەریم کە ئەو کاتە ھێشتا بەتەواوی لەکوردستان نەگیرسابۆوە. کتێبخانە گەورەکەی لەبەغدا نەھێنابۆوەو ئێ دیارە ئەو زاتە گەورە خوێندەوارە بێ کتێبیش رۆژی نەدەکردەوە. دوای ماوەیەک کە ئەمانەتەکانی ھێنایەوە دانەیەکی کتێبەکەی خۆشی : یەکێتی سۆڤێت بەرەو کوێ مل ئەنێ ؟ بەئیمزاوە پێشکەش کردم.
لەسەر کتێبی روسیای پۆتین کۆمەڵێک تێبینی بەجێی وت و لەسەر رێوییەکانی کرملینیش بەحەسرەتەوە وتی خۆزگە دەرفەت دەبوو ئەمی رێوییەکان تەرجەمە بکەم و خوێنەری کورد زمان لەئەزموونی ھەڵوەشانەوەی بێ حیساب و کیتابی دامەزراوە ئابووری و دەوڵەتییەکانی روسیای دوای ئەزموونی سۆڤێتی ڕا دەماو سوودی لێ وەردەگرت.
داخۆ چۆن لەزەمانی یەلتسندا سەرمایەدارێکی دەستبڕ بە نفوزو نقود کیشوەرێکی گەورەو گرانی لەسەر خۆی و چینی بە تاڵانبەری پاشماوەی حوکمی تاک حزبی تاپۆ کرد گوایە بەناوی لێبڕالی و کەرتی تایبەت و غەربزەدەییەوە. وەک کاکە حەمە بەحەسرەتەوە دەیگوت ئەم کتێبەی رۆژنامەنووس بافل خلیبنیكوف ، پێمان دەڵێ نە روسیا بووە دیموکراسی و خۆشگوزەران و نە دەوڵەتە بەرپرسیارەکەی جارانیش ما کە سەرەڕای کەموکوڕی ھەژارانی بێ پشتیوان و بێ نان نەدەکرد.
ھەر چۆنێک بوو روسیای دوای پاشەگەردانی زەمانی گۆرباچۆف- یڵتسن ھاتەوە سەر تایم و رۆچوونی ئابووری خۆی لە ئاستێکدا راگرت. وا خەریکە زۆرانبازی نێوەدەوڵەتیش دەست پێ بکاتەوە .
کاکە حەمە فەوتی کردو ناوی بە نەمری لەتۆماری رۆشنبیری و تیکۆشاندا دەمێنێتەوە. وادەی ھەق و حیسابی بۆریس یەڵتسنیش کەوتە دیوانی خودا ، سا بەڵکو لە دادی ئاھونزاڵی پیرێژنەکانی کە لەسایەی دەوڵەتەکەی رەفیق لینین حەسابوونەوە بپرسێتەوە.
ملیاردێرەکەش ساڵی 2013 گوایە لەڕووداوێکی تەمومژدا لە لەندەن خنکا وەڵلاھو ئەعلەم .
لەم رۆژانە کە کتێبخانەکەم بەسەر دەکردەوە رێوییەکانی کرملینم وەخەبەر ھێنایەوە کە لورە لورییان بوو بۆ قوتدانی روسیای عەزیمو ئەشەنەکەی قەدیم. کە بەراوردم لەگەڵ وڵاتی خۆمان دەکردو دەبینی وەک کاک بییر، ورچەکەی کارتۆنی روسی ماشا، لەجێی خۆمە رادەچڵەکیم و دەخولامەوە. خۆزگە وەرگێرێکی بەسەلیقە ئەم کتێبەی وەردەگێراو ئاواتەکەی کاکە حەمەی بەدیدەھێنا. شەرت بێ ئەم نوسخەیەی خۆمی پێشکەش دەکەم و لای خانەیەکی چاپیش ئەگەر بەقسەمان بکات شەفاعەتی خێرخوازانەی بۆ دەکەم.