فەرید ئەسەسەرد

توركیا لەبەردەم دووڕیانێكی تردا

  2019-05-26 14:22      328 جار بینراوە        کۆمێنت

بڕیارەكەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لەتوركیا سەبارەت بەدووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لە ئەستەمبوڵ، مشتومڕێكی زۆری لە ناو توركیا ناوەتەوەو لەدەرەوەش زۆر رەخنەی لێ گیراوە، ئەمە یەكەمجارە لەتوركیا، ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵدەوەشێنرێتەوەو هەڵبژاردن دووبارە دەكرێتەوە، دەنگدەرانی توركیا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی راگەیەندراوی هەڵبژاردن رانەهاتوون، بۆیە مشتومڕێكی گەرم و گوڕ شەقامی گرتۆتەوەو تاڕادەیەكی زۆر نەسازانی كۆمەڵایەتیی لێ‌ كەوتۆتەوە.
كەس ناتوانێ‌ ئەنجامی خولی دووەمی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لەئەستەمبوڵ پێشبینی بكات، تاكە خاڵ كە لەم بوارەدا هەموو هاووڵاتییەكان لەسەری یەكدەنگن، ئەوەیە كە هەڵبژاردنەكە لە 23 ی حوزەیراندا لەئەستەمبوڵ بەڕێوەدەچێ‌.
لەڕاستیدا دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لە ئەستەمبوڵ، بۆ پارتی دادو پەرەپێدان سەركێشییەكی گەورەیە، چونكە كەس ناتوانێ‌ گەرەنتیی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بكا، ئەگەر لەخولی یەكەمدا ئیمام ئۆغلو سەركەوتنی بەدەست هێنابێ‌، چی رێ‌ لەوە دەگرێ‌ كە لەخولی دووەمیش بیباتەوە؟ لەبەرامبەریشدا، ئەوەندەی مەسەلەكە پەیوەندیی بەپارتی دادو پەرەپێدانەوە هەیە، چی گەرەنتیی ئەوە دەكات كە كاندیدە دۆڕاوەكەی حزب بنیالی یەڵدرم لەخولی دووەمدا دەنگی زۆرتر بەدەست دێنێ‌؟ بەپێی یاسا، حزبەكان لەخولی دووەمدا ناتوانن كاندیدەكانیان بگۆڕن و دەنگدەرانی خولی یەكەم ئەوانەن كە بەشداریی لەخولی دووەمدا دەكەن. لەكۆتاییدا، ئەگەر ئیمام ئۆغلو بۆ جاری دووەم سەركەوتنی بەدەست هێنا، ئەوا ئەو كاتە بە كردەوە دەردەكەوێ‌ كە بڕیاری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لە بنەڕەتدا لەجێی خۆیدا نەبووە. ئەگەر یەڵدرمیش بردییەوە، سەركەوتنەكەی بە بێ‌ كێشە تێناپەڕێ‌.
پێشبینی دەكرێ‌ زۆربەی حزبە بچووكەكان، لەوانە پارتی سەعادەو پارتی چەپی دیموكرات، كاندیدەكانیان بكێشنەوەو رەنگە زۆربەشیان دەنگ بەئیمام ئۆغلو بدەن، چونكە زۆربەی حزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن لەبنەمادا دژی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنن.
ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن یەكلادەكاتەوە هاووڵاتیی ئاساییە، دەنگدانی هاووڵاتیی ئاسایی بەهەر كام لەدوو كاندیدەكە، دەوەستێتە سەر ئەندازەی باوەڕهێنانی بەپاساوەكانی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، ئەگەر باوەڕی تەواوی بەوە هەبێ‌ كە نەدەبووایە ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵبووەشێنرێتەوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەنگ بەئیمام ئۆغلو دەدا، چونكە بەزوڵملێكراوی دادەنێ‌. ئەگەر باوەڕی بەوە هەبێ‌ كە پێشێلكارییەكی زۆر لەخولی یەكەمدا ئەنجام دراوە، ئەوا دەنگ بە بینالی یەڵدرم دەدا.
بەڵام لەم سەروبەندەدا گروپی تر هەیە كە كاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێ‌، لەوانە كورد كە پێناچێ‌ هیچ گۆڕانێك بەسەر هەڵوێستی پێشوویاندا بێت، هەروەها پێدەچێ‌ زۆرینەی دەنگی لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ كاندیدی پارتی دەسەڵاتدار نەچێ‌.
بە بەراورد لەگەڵ پارتی دادو پەرەپێدان، جەهەپە لەم قۆناغەدا یەكڕیزتر خۆی دەنوێنێ‌، بە تایبەتی كە كاندیدەكەی لەئەنكەرەش براوە بووە. بۆیە ئەم حزبە هیچ كێشەیەكی لە هاندانی ئەندام و لایەنگرەكانی بۆ دەنگدان بە كاندیدەكەی نییە، كێشەكە لەخودی پارتی دادو پەرەپێدان دایە كە لەناوخۆدا بەدەم دوو كێشەوە دەتلێتەوە. یەكێكیان دەركەوتنی ئۆپۆزیسیۆنێكی ناوخۆییە كە دژی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنە لە ئەستەمبوڵ. ئەم ئۆپۆزیسیۆنە زۆرتر خۆی لەسەرۆكی پێشووی كۆمار عەبدوڵڵا گوڵ و سەرۆك وەزیرانی پێشوو داود ئۆغلودا دەبینێتەوە كە هەردوكیان دژی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لێدوانیان داوە. هەرچەند نازانرێ‌ ئەم جۆرە لێدوانانە تا چ رادەیەك كاریگەرییان لەسەر لایەنگرانی پارتی داد و پەرەپێدان دەبێ‌، بەڵام ئەم دوو كەسە قورسایی خۆیان هێشتا لەناو حزب پاراستووەو لانیكەم رێژەیەكی دیاریكراوی ئەندامان و لایەنگرانی حزب گوێیان لێ‌ دەگرن.
تاكە كارتی بەر دەستی ئەردۆغان سەركەوتنێتی لە بەگەڕخستنی زۆرترین ژمارەی دەنگدەر بۆ دەنگدان بەكاندیدی حزب. ئەم كارە ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە. دەنگدەرانی حزب لەژێر پاڵەپەستۆی شاڵاوێكی پرۆپاگەندەیی بەهێزدان، بەتایبەتی كە پارتی دادو پەرەپێدان لەمەسەلەی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی ئەستەمبوڵدا لەپێگەیەكی بەهێزدا نییە. پرۆپاگەندەكانی ئۆپۆزیسیۆن و رەخنەكانی سەركردە دێرینەكانی ناو حزب و ناڕەزایی دەوڵەتانی ئەوروپا لەدووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن، كاریگەرییان لەسەر لایەنگرانی حزب هەیەو بوونەتە مایەی لەقكردنی باوەڕ بەدروستیی سیاسەتی پەیڕەوكراو. دیسان مەسەلەكە دەوەستێتە سەر تواناو بەهرەكانی ئەردۆغان، چونكە ئەزموونی خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكەی ئەستەمبوڵ نیشانی داوە كە بنیالی یەڵدرم پشتی پێ‌ نابەسترێ‌ و پێناچێ‌ ئەدای لەخولی دووەم لەهی خولی یەكەم باشتر بێ‌.
ئەگەر پارتی دادو پەرەپێدان بتوانێ‌ لەخولی دووەمدا، بەجیاوازییەكی زۆر، ئەستەمبوڵ بەدەست بهێنێتەوە، ئەوا چوار ساڵی ئاسوودەی لەبەردەمدا دەبێ‌ بۆ كاركردن بەشێنەیی بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕییەكانی قۆناغی پێشوو و دەستەبەركردنی ئایندەیەكی گەشتر.
بەڵام ئەگەر نەبەردی بەدەستهێنانەوەی ئەستەمبوڵ بدۆڕێنێ‌، هەر ئەوەی بۆ دەمێنێتەوە كە لەگەڵ دۆخی شكستدا بسازێ‌ و پێداچوونەوەیەكی ریشەیی بە سیاسەتە پەیڕەوكراوەكانیدا بكات.

وتاری زیاتر








یاریكردن بەكارتی حزبی بەعس‬ فەرید ئەسەسەرد
2021-02-22 19:15      224 جار بینراوە



عەللاوی و كابینەكەی‬ فەرید ئەسەسەرد
2020-02-17 17:54      437 جار بینراوە







كوردو په‌یمانی ناتۆ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-11-11 18:05      465 جار بینراوە







ئیسرائیل بەرەو پاشاگەردانی ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-09-23 16:50      422 جار بینراوە



نەوت و قەرزەكان‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-07-29 16:07      355 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو