ستران عەبدوڵڵا

هەرێمی .... كوردستان

  2019-05-13 13:20      424 جار بینراوە        کۆمێنت

 رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاوسە بەگۆڕانكاریی كە كەس نازانێ لە كوێوە سەر دەردێنێ؟. ئەوی نزیكە ئەگەر و نەگەری شەڕێكی قورسە كە جیهانی پێوە سەرقاڵە و دەڵێن ناوچەكەی ئێمە چەقی دەبێت. ناوی ململانێی ئێران و ئەمریكا دێت، بەڵام ئەگەر بقەومێ كەس نازانێ پەرەسەندنەكەی تا كوێ دەڕوا و ئاگرەكەی كراسی كێی تر دەسووتێنێ؟. 
زەحمەتە پێشبینی بكەین دەقەومێ، یان لە دوا ساتدا دەریچەی تر بۆ (شەڕەكە) دەدۆزرێتەوە. واتا ئەوی پێی دەڵێن سیاسەت درێژەپێدانی (شەڕ)ە بە شێوەیەكی تر، ببێتە بژاردەی هەر دوو بەرە و سەرەنجام لە راڕەوەكانی سیاسەت و دیبلۆماسی و هێڵی گەرمی تەلەفۆنەوە، پێكهاتنەوە سەر دەربێنێ. تا چەند ساڵی رابردوو ئەگەری هەر شەڕێك وا دەخوێنرایەوە كە شتێكی تێدا دەبێت بۆ كورد، هیچ نەبێ دیوی خوێندنەوەی كورد و كرمانج وابوو. ئەمەش رەنگە لەبەرئەوەبێ كوردستان خۆشی گیرۆدەی كۆت و بەندێكی وابوو زلهێزەكان تا مامناوەندە ئیقلیمییەكان پێكیانهێنابوو. لە دوا دەیەی سەدەی رابردوودا ملهوڕی سەدام لەكوێت (ساڵی 1990) دنیای هێنایە سەر رژێمی بەعس و تا رووخا  (لە ساڵی 2003)، گەردەلولی بیابان هەر تۆزی لێ هەڵدەسا، لەنێوان ئەو دوو بەروارەدا كورد ئەزموونێكی بەڕێكرد و دوای كەوتنی بەعسیش، ناونیشانی رەسمیی لە دەستووری عیراقدا بۆ مسۆگەر كرد. هەرێمی كوردستان بەهەموو ئازارەكانی سێ دەیەی رابردووەوە، قەوارەیەكی هەیە نایەوێ لەدەستی بدات. پاشەكشێی چەند ساڵی رابردوو و كێشەكانی تائێستای لەگەڵ بەغدا كە لەبازنەی ماف و مووچە و بودجەدا دەخولێنەوە، سیاسەتی كوردستانی بێ هیوا نەكردووە، بەڵام هێشتا هێزەكەی جارانیشی بۆ وەرنەگرتۆتەوە تا تەماع و تموحی تر بداتە بەر خۆی، یانیش لەڕێگەی یەكگرتنێكی كۆنكرێتییەوە لە ناوخۆدا بەڕەچاوكردنی ئیستحقاقەكانی دیموكراسی و رێڕەوی چاكسازیی، بتوانێ ئەم دووانە: تەماع و تموح لێك جیا بكاتەوەو داشی بەسەر بەغدادا سوار بێت. بەغدا خۆشی دەردەداری ئەوەیە چۆن هاوسەنگی لەنێوان دوو دۆستی ناكۆك، ئەمریكا و ئێراندا، دابین بكات. خۆ دیارە لە كەیسی توركیا و ئیقلیمیشدا ئیمانی زەعیفە و قەرزی زۆری لەسەرە. ئەمەش كار لەسەر سیاسەتی كوردستانی دەكات، تەنانەت ئەگەر بیەوێ كارای ئیجابی بێت، یان دانای سەبر و تەحەمول بێت. كوردستان و عیراق ئەو كاتە پاڵپشتن كە هێز و تین بدەنە یەكتر، كەوا نەبن و ناكۆكیش بن، مەعلومە نابنە بەردەبازی یەكتر.
 لێرە قسەمان تەرخانی ئەمڕۆی پێش لێدانی بوقی شەڕەكەیە كە وڵاتەكە دەبێتە گۆڕەپانێكی، جا چونكە پێش ئەزموونی 1991 نییە كە هیچمان نەبوو لە دەستی بدەین، دوای كەوتنی سەدامیش نییە كە سەنگی كورد چووبووە كەشكەڵانی فەلەك. هەقێتی بڕیار بەدەستی كوردستانی نیگەران و دوو دڵ بێت. یەكگرتوویی كورد لەم ئان و ساتەدا زۆر زۆر گرنگە، نەك هەر بۆ هێزدانە بەرخۆ، بەڵكو بۆ تێفكرین و راوێژ و تەگبیری هاوبەش. یەكەم بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان. دووەم بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان و سێیەمیش هەر بۆ پاراستنی كوردستان.
ئەگەر ئەوە كرا، قەڵەم هەیە و.. نووسینی تریش لێی ئاسان تر نییە.

 

وتاری زیاتر





ئەو شەوەی شەوی پێشمەرگە بوو‬ ستران عەبدوڵڵا
2022-08-02 22:00      153 جار بینراوە

شنەی شەماڵ بە فیڕۆی دا‬ ستران عەبدوڵڵا
2022-06-26 12:10      81 جار بینراوە


رۆژی نامەو نامەی رۆژ‬ ستران عەبدوڵڵا
2022-04-23 18:39      211 جار بینراوە

کورت و پوخت ‬ ستران عەبدوڵڵا
2022-01-10 20:52      216 جار بینراوە

بۆشایی ئەمنی ‌و بۆشایی تریش ‬ ستران عەبدوڵڵا
2021-12-04 20:52      142 جار بینراوە

زۆر بڵێی و کەم عەمەلی‬ ستران عەبدوڵڵا
2021-10-23 22:08      128 جار بینراوە

بەیانیت باش مام جەلال‬ ستران عەبدوڵڵا
2021-10-03 12:06      166 جار بینراوە














با دوا فه‌رمان بێت ‬ ستران عەبدوڵڵا
2020-08-03 23:37      301 جار بینراوە


رۆژی دواتر یەک ببینینەوە‬ ستران عەبدوڵڵا
2020-07-17 18:01      274 جار بینراوە

یان کوردستان یان کوردستان‬ ستران عەبدوڵڵا
2020-06-28 16:22      289 جار بینراوە

یادی یەكێتی‬ ستران عەبدوڵڵا
2020-05-18 16:14      382 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو