له 28 و 29 ی مانگی رابردوو كۆنگره‌ی دایه‌لۆگی كورد-عه‌ره‌ب لە‌كۆیه، بە‌هاوبه‌شی لەنێوان زانكۆی كۆیه‌و زانكۆی به‌غدا، به‌ڕێوه‌چوو. هه‌رچه‌ند زۆریی به‌شداربووان بەكوردو عه‌ره‌به‌وه عیراقی بوون، به‌ڵام رێژه‌یه‌كی به‌رچاو لەوڵاتانی تری عه‌ره‌ب به‌شداربوون تێیدا، له‌وانه ژماره‌یه‌ك بیرمه‌ندو رۆژنامه‌نووس و توێژه‌ری گه‌وره‌ی وڵاتانی عه‌ره‌ب كه ئه‌مه‌ش روخسارێكی نێوده‌وڵه‌تیی به دایه‌لۆگه‌كه دا، بەتایبه‌تی كه لەكۆنگره‌كه‌دا بابه‌تی دایه‌لۆگ ته‌نها له دایه‌لۆگی نێوان عه‌ره‌بی عیراق و کوردی عیراق قه‌تیس نه‌كرابوو، به‌ڵكو بوارێكیش بۆ باسكردنی مه‌سه‌له‌ی كوردی سوریاش ره‌خسێنرابوو.
به‌شداریی زانكۆی به‌غدا له دایه‌لۆگه‌كه‌دا قورساییه‌كی زۆری به گفتوگۆكان دا. زانكۆی به‌غدا یه‌كێكه له دێرینترین ده زانكۆی جیهانی عه‌ره‌ب و دێرینترین زانكۆی عیراقه. هه‌رچه‌ند ساڵی 1957 دامه‌زراوه، به‌ڵام ریشه‌كه‌ی بۆ ساڵی 1908 ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك خوێندنگه‌ی ماف له عیراق دامه‌زرا و پاشان خانه‌ی باڵای مامۆستایان و چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی تر دامه‌زران. دواتر خوێندنگه‌ی ماف كرایه كۆلیجی ماف و خانەی باڵای مامۆستایان کرایە کۆلیجی په‌روه‌رده و له ساڵی 1957 له كۆی كۆلیجه‌كان زانكۆی به‌غدا دامه‌زرا.
گه‌ڕانه‌وه بۆ كه‌لتووری دایه‌لۆگ خۆی له خۆیدا هه‌نگاوێكی پێشكه‌وتووه. به دڵنیاییه‌وه سیاسه‌ت له دایه‌لۆگی كۆیه ون نه‌بوو، به‌ڵام گفتوگۆكان به زمانی سیاسه‌ت به‌ڕێوه نه‌ده‌چوون، به‌ڵكو به زمانێكی ئه‌كادیمی و به پشت به‌ستن به سه‌رچاوه و به‌ڵگه و لۆجیك هه‌ڵده‌سوڕان. كۆیه گیانی به به‌ر پرنسیپی دایه‌لۆگدا كرده‌وه و په‌یامی كوردایه‌تیی به هێمنی و تۆنێكی له‌سه‌رخۆ گه‌یاند.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو دایه‌لۆگانه‌ی كه له‌مه‌وبه‌ر له ناوچه‌كه به‌ڕێوه‌چوون، به‌ڵام كه‌مترینیان په‌یامی خۆیان گه‌یاندووه. هۆی ئه‌م دیارده‌یه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هێشتا كه‌لتووری دایه‌لۆگ له ناوچه‌كه سه‌قامگیر نییه و هێشتا زۆر به‌ربه‌ستی له به‌رده‌مدایه. ساڵانێك له‌مه‌وبه‌ر بانگه‌شه‌یه‌كی زۆر بۆ دایه‌لۆگی مه‌زهه‌به‌كان له ژێر چه‌تری لێك نزیك كردنه‌وه‌ی مه‌زهه‌به‌كان كرا. مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی بانگه‌شه‌كه كه‌مكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان مه‌زهه‌بی شیعه و سوننه بوو. هه‌وڵێكی زۆر له‌م باره‌یه‌وه درا، به‌ڵام هیچیان نه‌یانتوانی ئامانجه‌كەیان بپێكن. له كۆتاییدا مه‌زهه‌به‌كان لێك نزیك نه‌بوونه‌وه و دیواره‌كانی نێوانیان نه‌ڕووخان.
زۆریش هه‌وڵ درا په‌ره به دایه‌لۆگی نێوان ئایینه‌كان بدرێ و له‌م بواره‌دا مه‌به‌ست لێك نزیك كردنه‌وه‌ی ئیسلام و مه‌سیحیه‌ت بوو. ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی له‌م رووه‌وه هاته دی، بناغه‌یه‌كی توندوتۆڵی پێ دانه‌مه‌زرا، به‌ڵام لانی كه‌م ئاشنایه‌تیی له نێوان ده‌سته‌بژێری هه‌ردوو ئایین دروست كرد.
له ناوچه‌یه‌كدا كه هێشتا كه‌لتووری دایه‌لۆگ ره‌گی دانه‌كوتاوه، ئه‌سته‌مه لێك تێگه‌یشتن به ئاسانی بێته دی. به‌ڵام دایه‌لۆگی كۆیه بڕێك ئومێدبڕییه‌كه‌ی كه‌م كرده‌وه و نیشانی‌دا كه دایه‌لۆگی ئه‌كادیمییانه به‌وه‌ی كه بڕێكی زۆرتر كرانه‌وه و لێبورده‌یی له‌خۆده‌گرێ، مرۆڤانه‌تر بۆ جیاوازییه‌كان ده‌چێ و ده‌توانێ هه‌موو ناسنامه جیاوازه‌كان له ناسنامه‌ی مرۆڤایه‌تیدا كۆبكاته‌وه.
له راستیدا به‌شداربووه‌كان زۆر به روونی په‌یامه‌كانی خۆیان گه‌یاند. ده‌بێ ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بێ كه له‌وه‌ته‌ی ریفراندۆم له كوردستان كراوه، عه‌ره‌به‌كان ئه‌و پرسیاره له ناخیاندا وروژاوه كه ئایا چی وای له كورد كردووه بیر له جیابوونه‌وه بكاته‌وه؟ به درێژایی ماوه‌ی پاش ریفراندۆم، زۆربه‌ی دامه‌زراوه زانستییه‌كانی عیراق خوێندكاره‌كانیان هانداوه له‌سه‌ر كه‌لتوور و مێژووی كورد و كوردستان بنووسن. ئه‌م دیارده‌یه ته‌نانه‌ت ده‌ره‌وه‌ی عیراقیشی گرتۆته‌وه. عه‌ره‌به‌كان تازه به‌و راستییه گه‌یشتوون كه هیچ ده‌رباره‌ی كورد نازانن. بۆیه سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ن له كورد بگه‌ن و پاڵنه‌ره‌كانی پشت ره‌فتاره‌كانیان بزانن. هه‌ر به هۆی ئه‌مه‌وه تیمی عه‌ره‌ب له دایه‌لۆگه‌كه‌ی كۆیه زۆر باش خۆی ئاماده كردبوو و له ئاستی هیچ مه‌سه‌له‌یه‌ك دانه‌ده‌ما.
دایه‌لۆگه‌كه‌ی كۆیه ده‌ریخست كه هێشتا كه‌موكوڕی له ناساندنی مه‌سه‌له‌ی كورددا هه‌یه و ئه‌م پرۆسه‌یه به رێكوپێكی به‌ڕێوه نه‌چووه و پێویستی به كاری زۆرتره، هه‌روه‌ك نیشانیشی دا كه كورد، به به‌راورد له‌گه‌ڵ له‌مه‌وبه‌ر، ناسراوتره و په‌یامه‌كانی روونترن. به‌ڵام كاتی ئه‌وه هاتووه كورد ده‌ستبه‌رداری وتاری سته‌ملێكراوی بێ و واز له تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی رابردوو بهێنێ. هه‌موو سه‌رده‌مێك به‌هاكانی خۆی هه‌یه. كاتی ئه‌وه هاتووه به‌هاكانی ئه‌م سه‌رده‌مه تێبگه‌ین.