لەتیف نێروەیی

بۆچی رۆژی شەهیدانی یەكێتی رۆژی وەفاو بەڵێن تازەکردنەوەیە؟

  2023-11-20 20:36      161 جار بینراوە        کۆمێنت
بەرلەوەی 20/5/2013 كە لەلایەن ئەنجومەنی ئەوسای سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە رۆژی 21ی 11 وەك رۆژی شەهیدانی یەكێتی پەسەند بكرێت، پرسی گەڵاڵەكردنی رێسایەكی تایبەت بە رۆژی شەهیدان لە ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی و دەزگای شەهیدان و مەكتەبی رێكخستن تاووتوێكرا و كۆدەنگییەك لەسەر دیاریكردنی رۆژێك بۆ شەهیدانی یەكێتی هەبوو، دواجار لە ئەنجومەنی ناوەندی رەشنووسی رێسایەك پێشكەش بە مەكتەبی سیاسی كرا.
 
هۆكاری سەرەكی بۆ دیاریكردنی رۆژی شەهیدان یەکێتێ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەركی جێبەجێكردنی مەراسیمی تایبەت و شایستە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان بۆ (26) هەزار شەهیدی نەمر لەلایەن ئۆرگانە پەیوەندیدارەكانی یەكێتییەوە ئاسان نەبوو، چونكە رۆژانە لە دێهات، شارۆچكە، شارە جیاوازەكان چەندین مەراسیمی تایبەت بە یادی شەهیدان ئەنجام دەدران. هەندێ‌ مەراسیم بەپێی نزیكیی جوگرافی لە ئۆرگانە باڵاکان وەكو مەكتەبی سیاسی، یان ئەنجومەنی سەركردایەتی دەكران، هەندێ‌ مەراسیمی دیكە بەهۆی دوریی سنوری جوگرافی لە ئۆرگانی باڵا، لەلایەن ئۆرگانەكانی خوارەوە دەكران وەكو مەڵبەند و كۆمیتەكان.
هەندێ‌ جاریش بەبێ‌ ئاگاداری ئۆرگانە حزبییە كان، مەراسیمی یادی هەندێ‌ شەهیدی نەمر تەنها لەلایەن كەس و كاری شەهیدانەوە سازدەكران، ئەمەش رەخنەو گازندەی بەدوای خۆیدا دەهێنا و پرسیاری ئەوە دروست دەبوو، بۆچی هەندێ‌ مەراسیم لەسەر ئاستی باڵا و هەندێ‌ مەراسیمی دیكە لەسەر ئاستی خوارەوە و هەندێ‌ مەراسیمی تریش لەلایەن كەس و كاری شەهیدانەوە ئەنجامدەدرێن؟ لەلایەكی دیكەوە، روماڵكردنی مەراسیمەكان لەلایەن راگەیاندنی (ی.ن.ك) وە رەخنەی لێدەگیرا، چونكە لە توانای راگەیاندنەكەدا نەبوو كە بتوانێت هەموو مەراسیمەكان راستەوخۆ پەخش بكات، هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەگەر (٢٦) هەزار دابەشی رۆژەکانی ساڵ بکەین، دەبوایە رۆژانە مەراسیم بۆ یادی زیاتر لە (٧٠) شەهیدی نەمر بکرێت.
هەندێجار راپۆرتێك لەسەر مەراسیمەكە بڵاودەكرایەوە، هەندێ‌ جاریش تەنها بە هەواڵێك باس لە یادەكە دەكرا، جاری واش هەبوو كە بەهۆی زۆریی یادەكان و نەبوونی هەماهەنگی پێویست لەنێوان ئۆرگانە حزبییەكان و راگەیاندن و نەبوونی تیمی پێویست هەموو مەراسیمەکان روماڵ نەدەکران، ئەمەش دیسانەوە نیگەرانی كەس و كاری شەهیدانی لێ‌ دەكەوتەوە یان نیگەرانی مەڵبەند و كۆمیتەكانی ئەو سنورەی لێ‌ دەكەوتەوە و پرسیاری ئەوەیان دەكرد، بۆچی بۆ هەندێ‌ مەراسیم بەرپرسە باڵاكان بەشداری تیادا دەكەن، بۆ هەندێكی دیكە لە ئاستی پلە خوار بەشداری دەكەن؟ بۆچی هەندێ‌ مەراسیم راستەوخۆ پەخش دەكرێت، هەندێ‌ مەراسیم تەنها راپۆرتێك یان هەواڵێك لەسەری بڵاودەكرێتەوە؟ لەبەر ئەم هۆكارانە و هەندێ‌ هۆكاری دیكە، بیر لەوەكرایەوە كە رۆژێكی تایبەت بە یادی هەموو شەهیدانی (ی.ن.ك) دیاری بكرێت بۆ ئەوەی هەموو خانەوادە سەربەرزەكانی شەهیدان هەست بە یەكسانی بكەن و بە بێ‌ جیاوازی ئۆرگان و پلە و سنوری جوگرافی بەشداری لە مەراسیمی یادكردنەوەی كەس و كاری خۆیاندا بكەن و هەموو ئۆرگانەكان و هەڤاڵانی یەكێتیش لەو رۆژەدا بەبێ‌ جیاوازی ئەركی سەرشانی خۆیان جێبەجێ‌ بكەن، بەڵێنی وەفاداری بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەرببڕن.
ئەگەرنا هەموو رۆژێكی ساڵ بۆ یەكێتییەكان هەر رۆژی شەهیدانە، چونكە هیچ رۆژێك تێپەڕ نابێت، كە لەو رۆژەدا هەڤاڵێك یان چەندین هەڤاڵ، هەندێ‌ رۆژیش دەیان هەڤاڵی نەمر، بە گیانی خۆیان شاباشی رزگاری یان نەدابێت.
هیچ گوندێك، شاخێك، لوتكەیەك، ئەشكەوتێك، پێدەشتی گەرمیان و كوێستانێكی ئەم وڵاتە نییە قارەمانە نەمرەكانی یەكێتی پەیامی شەهیدانیان پێنەگەیاندبێت.
هیچ گەرەك و شەقام و كۆڵانێكی شارەكانی ئەم وڵاتە نەماوە قارەمانەكانی یەكێتی دەیانجار بە خوێنی خۆیان ئاویان نەدابێت.
هیچ زیندانێكی سەردەمی رژێمی بەعسی رووخاو نەمابوو نیشتمانپەروەرەكانی یەكێتی لەبەردەم پەتی سێدارە پەیامی (كەم ژیان و كەڵ ژیان) یان بە گوێچكەی جەلادەكانی ئەو سەردەمە نەگەیاندبێت.
بۆیە هەموو رۆژێكی ساڵ بۆ یەكێتییەكان و بۆ گەلەكەمان رۆژی شەهیدانە.
رۆژی 21ی 11 یش رۆژی دەربڕینی وەفاو بەڵێن تازەكردنەوەیە بۆ گیانی پاكی شەهیدان كە درێژە بە رێبازە پیرۆزەكەیان بدەین.

وتاری زیاتر









دوژمنمان کەمە نۆرەی لیبیایە!‬ لەتیف نێروەیی
2020-04-18 16:46      313 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو