خەرامان
20
ئێمە ئێستا لەناو شارین، رێكخستنە نهێنییەكان و مەفرەزەكەكانی هاتوونە ناوەوە تا چالاكی بكەن. تا دوژمنێك تەمبێ بكەن و گوێی تەوارییەك با بدەن. ئەمە دیمەنی شارە وەك ئەوەی دیوی ئاشكرای پێمان دەڵێت. دیوی شاراوەی ئەوەیە رەنگە لەو سوچەدا رێكخستنێك خۆی مەڵاس دابێت. لەوانەیە خوێندكارێك لە ناو تەكسییە و گیرفانی پڕ لە نامەی جوكلێتی بێت. ئەدگاری ئەم برایە وەك ئەندامی پاڵێوراوی كۆمەڵە و وەك زنجیرەی بێ پسانەوەی ئەڵقەی ڕۆشنبیری رێکخستن ئاوەدانی و ئاوات بڵاودەكاتەوە. كێ لەم دیمەنە كێ دەناسێتەوە.
ئێمە ئێستا لەناو شارین مەفرەزەی تۆڵە و مەفرەزەی بۆڵە دوو ئاراستەی پێچەوانەن. پێشمەرگەیەك هاتۆتەوە بۆ چالاكی، رێكخستنێك ئاشكرا بووە و سبەی دێن بە شوێنیا تا بیبەنە دەرەوە و ئیتر ماسكی ئەندامی كۆنفرانس فرێ بداو بە ئاشكرا لە پێشمەرگایەتی بانگی محەمەد بدات. مەفرەزەی تۆڵە سزای شۆڕش بەیان دەكا و مەفرەزەی بۆڵە هیچی بە دڵ نییە و یەك بینە لە یانە و باڕ دادەنیشێ و (جوامێر) گوتەنی: دەڵێ ئەمشەو شەوی پێشمەرگەیە. دەبوایە لەم قۆڵەوە بێت و لەم قەدبڕییەوە تەقە نەكەن.
مەفرەزەی بۆڵە هەروا ئاسانە و مەفرەزەی تۆڵەش دژوار و زەحمەتە.
ئێمە ئێستا لە شارین و شۆرش بە نهێنی گڕ دەگرێ . ئەم مێژووی شۆڕشە بێ مێژووی شاری نانووسرێتەوە