بۆ تەواوکردنی بەرنامەکانی سەرۆک مام جەلال و بۆ زیاتر پتەوکردنی یەكڕیزی نێو ماڵی کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان، سەرۆك بافل تاڵەبانی گەشتێکی بۆ رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە لەنێو ئەم تەنگژە سیاسی و ئابووری و ئەمنیەی کە عیراق بەتایبەتی و ناوچەکە بەگشتی پێدا تێدەپەرێت، بۆ گواستنەوەی ئەزموونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەپێناو یەکگرتنەوەی کورد لەهەرچوار پارچەکە لەپێناو کۆکردنەوەی هەموو هێزە کوردیە جیاوازو جۆراوجۆرەکان لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ، دوور لەهەموو جیاوازی بیرو بۆچوونێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی .
سەرۆك بافڵ دەیەوێت لەم سەردانە بۆ هەموان روونبکاتەوە کە دۆزی کوردی و كاركردن بۆ پتەوکردنی بنچینەکانی بەڕوحییەتێکی نیشتمانیی لەهەر چوار پارچەی کوردستان، چ لە سەر ئاستی سیاسی یا ئەمنی و کەلتووری و روشنبیری کەپێشووترو ئێستاش خەمی گەورەی یەکێتی بووە لەسەرەتای دروستبوونییەوە و تێپەڕین بەسەردەمی سەرۆك مام جەلال لەدەسەڵات تا کاتی وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن سەرۆک بافڵ و هەولدانی لەکاتەکانی پێشوو لەڕێگەی سەردان و کۆبوونەوەکانی لەگەل هێزو لایەنە سیاسییە جۆراوجۆرە عیراقیەکان لە بەغدای پایتەخت بۆ بەرگریکردن لەدەستکەوتەکانی کورد، بۆ بەدەستەبەرکردنی پشتگیری سیاسی و ئابووری بۆ گەلی کوردستان دوای چەندین ساڵ دابڕان لەنێوان هەردوو پایتەخت بەغداو هەولێر.
سەردانی سەرۆک بافڵ بۆ رۆژئاوای کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەل سەرکردەی چاونەترس مەزلوم کۆبانی و جەنەرال ماتیۆ مکفارلان سەرۆکی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عیراق و سوریا، دووپاتکردنەوەی ئەو پەیامەیە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵیگرتووە بەدرێژایی مێژوو و ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی ئاشتی و هاوسەنگی و لێبوردەیی بووە بەزمانی گفتوگۆو کارکردن بەیەک گیان لەپێناو بەرگریکردن لەدۆزی کوردو یەكڕیزییەکەی لەهەرچوار پارچەی کوردستان و چارەسەر کردنی کێشەکانی کورد لەناوچەکە دوور لەزمانی جەنگ و جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە چارەسەرکردنی کێشەی دۆزی کورد کلیلی ئاشتی ناوچەکەیە، سەرباری لێك تێگەیشتن لەگەل هاوبەشەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسی رێکخراوی تیرۆرستی داعش و ئەو مەترسیانەی دروستیان کردبوو لەسەر ناوچەکە، ئەوەی کە بەراستی جێگەی دەستخۆشییە لەسەردانی سەرۆك بافڵ بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان هەولدانە بۆ پاراستنی یەکڕیزی و یەکسانییە لەنێو مالی کوردی لەهەر چوار پارچەی کوردستان، لەکاتێکدا سەرۆك بافڵ رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی سیاسی ناوخۆیی و دەرەکی بووەتەوە .