ستران عەبدوڵڵا

ئەو شەوەی شەوی پێشمەرگە بوو

  2022-08-02 22:00      250 جار بینراوە        کۆمێنت

شەوەکە شەوی پێشمەرگە بوو، هەر بەفیعلی شەوی ئەوان بوو، لە تەقسی گفتوگۆ و دڵنشینی و لە قسە گێڕانەوە و گاڵتەو گەپ و نوقرچی پێشمەرگانە و هەڤاڵانە. لەو ئێوارە ئاوەدانە من هەر میوانیان بووم ‌و رەنگە هەقی ئەوەم نەبووبێ رەسم و دابی شەوەكەیان لێ تێكبدەم. بۆیە بەخۆمم گوت دانیشە و دەستوور لای خانەخوێیە کە خانە خوێی ئەو شەوە لە جێ و مەکان کاک ئازاد وەنەرێنەیی بوو و گشتمان لە باخەکەی ئەو گردبووینەوە و ئیتر دیاربوو ئەمە دابی دۆستانەیان بوو.
هەر جارەی یەکێک سەپۆرتی دەکرد و شەوی باخەکەی کاک ئازاد وەنەرێنەیی کاک سەروەر سەروەرمان بوو. شەوی 15ی مایسی 2022 منیش ژمارەیەك بووم، تەبعەن بەناونیشانی غەوارەیی، یان ئەفەندی سەرچەوری میدیا و ناونیشانی حزبی خاوەن ماڵ نەبووم. خاوەنی هیچ نەبووم و چانسی شەوی خۆشم هەبوو، وەك بڵێی بێ ئابوونە و بێ ئاب جۆ و بێ تشریبی بەلەزەت  خۆم بەسەر مەجلسی ئەواندا ساغ کردەوە. بەس چونكە دۆستی قەدیمی عەرابی داوەتەکە، كاك سەروەر بووم، لە خۆم دڵنیابووم میوانە رەزا قورسەكە نیم.  بە پلیتی پێشمەرگەی دێرین و هاورێی سەرەتای راپەرین لە کۆلیژی کارگێری و ئابوری، کاک سەروەر حەمەمین جێیەکم هەبوو جوگرافیاکەی شاهانە بوو، لەهەموو مەزەی قسەی خۆش و مەزەی سەرمێز بەشم گلدەدایەوە و میوانداری دەکرام.

دەستەیەکی بەئەمەک
ئەوان دەستەیەکی بە ئەمەکی دۆستایەتی رۆژانی پاک و تەمیزی خۆیان بوون، پێشمەرگە دێرینەکان بوون،  لێ گورج و گۆڵ و بەهیمەت دیار بوون، خۆی دەبوایە بەنازناوی کۆنی و دێرینی لەتەقویمدا تەمەن هەڵکشاوبن. بەس دێرینی ئەمان هی ئەوەبوو کە زووبەزوو مووی مەردایەتیان دەرکەوتبوو و پێدەچێ هەر لە تەمەنی هەرزەکارییەوە  غیرەتی کوردایەتی  و سەردانەواندن لە ژیان و شار و ئەفەندێتی هەڵیپچریبن. غیرەت و هیمەت تەمەن نازانێ، بەڵام دەشێ تەمەن دەمەزەرد بکاتەوە هەتا ئەگەر لە دژواری و سەختی خەباتی چەکداریشدا  خەرج کرابێت و نرخی خۆی بەخشی بێت.
هەر یەکەیان لەتیپ و مەفرەزەی جیا و سیپارەی داستانێکی هەمەچەشن  بوون، بەڵام وابوو کە هەموویان لە دەستاڕی  کۆمەڵە و رێکخستن و زۆرانبازی کوردایەتیدا بژار و قاڵبووبن، برایەتی گیانی بەگیانی و دۆستیی و یەک دەستیان  شتێك بوو وەك سەنگەربەندی ئەهلی یەك خزمەت و کار و پیشە لەڕێی نیشتمانا. وەك ئاسنگەری یەك كورە، دارتاش و وەستای بەننای یەك بیناسازی بۆ نیشتمانی خەونەکان کە هەر خوایان و  هەر ناوی کوردستانەکەیان لەیەک دەچێت، دەنا مەعلومە خەونەکانیان وا نەبوو کە ئێستا رایان دەچڵەکێنێ و ئاهیان پێ هەڵدەکێشێ. وەختێك گەمارۆ و دواکەوتنی مووچە و گوزەران دەگەوزێنن و لێی دەبەنەوە و ناهێڵن خۆشی و شادی رۆژانەیان پاشکەوت بکات. كۆمەڵێك پێشمەرگەی یەك رێگا بوون، لەم دەرو و دەورە بێ پەروا و بێ رەحمانە ساباتێكیان بۆ خۆیان پێكەوە ناوە و لەناو رۆژگاری سپلە و بۆ پارێزگاری لە ماتەبەقای دۆستایەتی و هاوڕێیەتی و گیانبازییان پێكی برایەتی، یان تشریبی دۆستایەتی و سفرەی ئاوەدانی گیرفانە بێ تەماع و قانیعەكانیان كۆی كردبوونەوە. لەوێ هەر ئاوەدانی دڵ و گیان نەبوو، لەوێ بۆنەی وەفایی و كۆڕی یارانی قسە شیرین و خۆش مەشرەبیش بوو. چی لەسەر بڵێی لە دەفتەری بیرەوەرییەكانی ئەم پێشمەرگە و ئەو فەرماندەدا وەختێ نووسیویانەتەوە، یان بینووسنەوە، هەڵبەت لاپەڕەی شەفاف و تەنك و راستگۆیان لەسەر هەیە. فەقەت ناكاتە ئەوەی خۆت بەچاو بیبینی ‌و بیناسیتەوە. چیرۆك و رۆمان شتێك ‌و فیلم شتێكی تر ‌و بینینی چاوی نەبەردی ‌و تۆز و خۆڵی ئەسپسواری  رێی سوارچاكان شتێكی ترە. 

سەربەرز و هەنیەبەرزن
ئەمانە ئەو پێشمەرگانە بوون کە ئەو شەوی پێشمەرگایەتییە من میوانی مەجلسییان بووم. ئەمانە ئەو پێشمەرگانەن چەند ساڵە ئەفەندی و شارییەكانی ئەم زەمانە فەیسبووکییە هەر بەڕێوە و بێ بەڵگە و سەنەد، هەر رۆژە و تانە و توانجێكیان لێ دەدەن گوایە دنیایان خواردو نرخی خەباتەكەیان بە سەد قات فرۆشتۆتەوە، لە كاتێكدا زۆرینەی ئەمانە وان کە من بینیمن، سەربەرز و هەنیە بەرز و لاپەڕە سپی وەختێک تۆماری پارە و سامان هەڵدەیتەوە و سوور و خوێنین وەختێک دەفتەری نەبەردیان دەخوێنیتەوە.كەمینەیەك لەمانە، کەمینەیەکی کەم، گرێبەستیان لەگەڵ شەیتان واژۆ کردووە و وەک دەڵێن، سەریان بۆ ماڵی دونیا نەویكردووە كە دونیا خۆشی سەودای لەگەڵ كردون. 
کە ئەم دەستەیە دەبینم و لەسەر دەیان دەستەی بێ وەی و بێ غەلوغەش دەبیستم دەڵێی هەر وەسفەكەی هاوڕێم کاک سەروەر باشی پێكاوە کە رۆژێک نووسی: «خوشك و براینە، خۆ كە چوینە پێشمەرگایەتی ئێمە كۆیلە و بێ دەرەتان  نەبووین. ئێمە دەروێشی کوردایەتی و كوردستان بووین» واتا ئەمانە هەر کەسە و لەشار و ئاوایی ئاغا و کوێخای ماڵی خۆیان بوون و لێیان نەقەوما بوو،   بەڵکو تین و تاوی وڵاتپەرستی بڕستی لێ بڕیبوون. ئەمانە دەروێش و عاشقی شتێك بوون بەناوی كوردستان كە ئەوكاتە کوردستان فەقیری ماڵی خۆی و رووت و رەجاڵ بوو،  ئەو کاتە نەوت و گازی نەبوو داوای فرە تەماح  و نرخی زۆری لەسەر بێت، جگە لە عاشقەكانی بێ پەروا  كەسی تر سەوداوسەری نەبوو. نە گرێبەست و قۆنتەراتی کۆمپانیاکانی هەبوو، نە هیچ، تەنها گرێبەندی دڵداری و دڵنەوایی و دڵنیایی هەبوو..

مەقام و قەتاری خانەخوێکان
خانەخوێکان هەر مەزە و میزاج و میوەیان بۆ میوان نەبوو، گۆرانی و مەقام و قەتاریشیان هەبوو. گشتیان گۆرانیبێژ بوون، بە جۆرێ  بەحاڵ رێیان بە هونەرمەندی حەریفی گۆرانی گوتن: کاک جافر گوێزە و کاک نیروان،دەدا. وەك هەمیشە حەسەن زیرەك و ماملێ بەرزەفڕی ساز و چریکە بوون. بەڵام بە بەیت وبەند و بەستەی پێشمەرگانە و میللییەوە. ئینجا هەڵپەرکێ و شان لەشان و سەڵاوات لێ  سەندنەوە. ئینجا توانج و سیخورمەی دۆستایەتی و گێڕانەوەش لەنێوان کۆمەڵەی جاران و یەکێتیی و گۆڕانی ئەمڕۆش لەولاوە بوەستێ.. هەر یەکێك لەم هیوا و ورە و زام و برینانە خاوەنی چیرۆکێکی خۆیان بوون. یان برا شەهید یان هاورێی شەهید بوون.لە هەمووی خەمبارتر ومانادار تر دوو پێشمەرگەی دێرین، دوو کوڕە شەهید بوون دوو کاک رێبین بوون کە باوکیان گیانی بە کوردستانەکەی شۆڕشی نوێ بەخشیووە و دوو کوڕەکەش وا دەبینم هەر «رێبین» و هەر رێبوار و دەروێشی رێگای کوردایەتی و یەکێتین.وەك بڵێی دوێنێ ئێزگەکە مەشخەڵانی داگیرساند بێ و بڵێسەی هێشتا وڵات رۆشن دەکاتەوە. ئەمانە بنەماڵەکانی شەهیدپەروەری و خەبات رواندن بوون.قەول و قەرارم وابوو لەگەڵیان کە  لەسەریان بنووسم و بە یادی چلوحەوت ساڵەی یەکێتییان بناسێنم، کە خۆم دەزانم شایانی ئەو  بە باڵا بڕینەن،دەزانم لەو عەهد و بەڵێنە دوا کەوتم و درەنگ هاتمە دەست، وایە، بەڵام هێشتا لە ساڵی یادەکەم  و حەزم کرد ئەو کاتە بینووسم کە قەڵەمم رازی بێت و کاغەزم خۆش بێتە کایە و دڵم قوڵپ بدا  و شەوە خۆشەکەی باخەکەی کاک ئازاد لە سیتەک. داوای بەراتی خۆیم لێ بکات.
داخۆ دوای ئەو هەموو فیداکارییە دوو کوڕە شەهید بە چی دڵخۆش بکەم و یادی باوکەکانیان بە چی بلاوێنمەوە؟ خوێن نرخی ژیانی گەرەکە و بارتەقای ئەوە لەزەتی  ژیان بە هیچ شتێك قەرەبوو ناکرێتەوە. ئەگەر بڵێم شەهیدەکان فیدای خاك و خەڵکی کوردستان بوون، قەت نوێم نەوتووە و هیچ جێ ناگرێ، چونکە باوکەکان و رەفیقەکانیان هەر بە فیعلی وایان کردووە و وایان نرخ و تێچوون داوە لەقەڵەم و دەفتەری نووسین چاکتر لەم بەها و بەهانەیە حاڵی بوون. ئاخر بێ قەزابی چۆن دەبێ لە گەڕەکی ئاو فرۆشان ئاوفرۆشی بکەم و بازاڕی شمەکەم گەرم بکەم؟. مەگەر هەر بەوە سەبوریم بێ کە بڵێم خۆرسکانە دەزانن رستەی راست وشەگەلی هەڵقوڵاوی دڵ خۆیان خۆیان بەیان دەکەن و درۆ و دەلەسە دەرەقەت ژیری پێشمەرگەی دێرین و چەلەنگ نایات.

رەنجی پێشمەرگە سەرمایەی وڵاتە
شەوەکەم هەر لە ئەندێشە و هەر لە بیرە، با تەنانەت تامی مەزە و لەزەتی تشریبی گۆشتین لە دەم و زار نەمابێ. گۆرانییەکانیش ئاهەنگساز و خۆش بوون،  ئەم رستەی یەکێکیان بە نوقسانی هەر وا لە خەیاڵم:
جووتێ کەوشم  بۆ یار کڕیبوو، تایەکی ون کردووە.
ئومێدوایە و ئومێدی تێکۆشەری ژیان و خەباتیش وایە کۆششی بۆ بکات،  رەنجی ئەو پێشمەرگانە سەرمایەی کەڵەکەبووی رزگاری وڵات بێت و تەمەن و تەمەننایان هەر پایەدار بێت و هەمیشە بە جوتێ کەوشەوە بگەرێنەوە لای یار تا ژیان هەر مانای خۆی هەبێت و قەولی پێشمەرگەی سەنگەر، حەمە جەزا، بەڕاست وەرگەرێ کە دەیگوت:
لەزڕەی کەلەپچەی زاڵم ناترسم
لە بێ مەیلەکەت ئەحواڵ دەپرسم

بە ناونیشانی کەشکۆڵی شێرکۆ بێکەس هاتم و بە جریوەی حەمە جەزا خەتمم کرد.
جا هاورێیان شەوی داوەتی منیش ماوە با لەسڕەی پێشمەرگانە لام دابێت و زنجیرەی داوەتم بەسەر نەکردبێتەوە. قەرز قەرزاری نە خواردووە و سڕەی خۆم دەوێتەوە.

وتاری زیاتر








رەفیقەکانی شەهید ئاتیلە‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-08-25 17:41      164 جار بینراوە



قسە هەزار و یەکی بەکارە ‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-07-06 17:43      274 جار بینراوە


شایەتی ترم ماوە‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-05-21 10:18      147 جار بینراوە

زنجیر و تەگبیر‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-05-20 06:28      105 جار بینراوە

دەنگ و رەنگ‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-05-18 22:36      106 جار بینراوە

چیرۆکی یاداشت‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-05-17 19:07      69 جار بینراوە

شاری پەنهان‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-05-17 19:06      91 جار بینراوە

مامۆستای هیوا ‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-05-17 19:06      105 جار بینراوە

شۆرشگێران‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-05-14 23:28      110 جار بینراوە

پێنج ئەستێرە‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-05-14 11:13      72 جار بینراوە

شەهادەکان‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-05-13 20:47      83 جار بینراوە

ماسییەکانی سورداش‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-05-11 22:14      101 جار بینراوە

ڕاماڵینی جەنەڕال‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-05-11 11:42      81 جار بینراوە

هەڵۆی سوورەکانی بەغدا‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-05-10 18:40      84 جار بینراوە

تیپی شەهادەت‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-05-09 17:09      95 جار بینراوە

جەولە و كاروان‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-05-08 13:45      105 جار بینراوە

پاڵەوانەکەی مونیف‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-05-07 10:31      59 جار بینراوە

پەڕینەوەی شۆڕش‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-05-07 10:30      112 جار بینراوە

زەماوەندی شەرمن‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-05-07 10:10      100 جار بینراوە

ئەیهێنێ‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-05-01 00:25      152 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو