مستەفا محەمەد

یەکێتی و هەنگاوی نوێ بۆ ژینگەپارێزی

  2022-06-11 16:07      99 جار بینراوە        کۆمێنت

پرسی ژینگە و زیادکردنی پانتایی سەوزایی، کە کارێکی دەستە جەمعیە و بەشداریی هەمووانی گەرەکە، ئەمساڵ یەکێک بوو لەو پرسانەی کە جێی بایەخی یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، لەو یادەدا بەڵێن درا هەڵمەتێک بۆ چاندنی یەک ملیۆن نەمام جێبەجێبکرێت.
 ئەگەرچی ئەم بەڵێنە بۆ یەک ساڵی تەواوە، بەڵام پراکتیزەکردنی لە هەفتەی یەکەمیدا بەو گەرم و گوڕیە جێی دڵخۆشیە، خۆشبەختانە لە نێو رێکخراوەکانی تایبەت بەو بوارە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومیشەوە پێشوازی گەورەی لێکراوە، تەنانەت لە چەند رۆژی دەسپێکی هەڵمەتەکەدا، بە هەزاران نەمام لە سەنتەری پارێزگا و شارەکاندا چێنراون کە بێگومان کاریگەریی زۆر باشی لە زیادکردنی رێژەی سەوزایی و دروستکردنی قەڵغانێکی ژینگەیی بۆ روبەڕوبوونەوەی مەترسیەکانی سەر ژینگەدەبێ. 
 هەنگاوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لە ئەستۆگرتنی سەوز کردنی کوردستان، پاڵپشتییەکی گەورە و هاندانێکی بەهێزیشە بۆ پاراستنی ژینگە و نزیک کردنەوەی رێژەی سەوزایی بۆ ئاستی ستانداردی جیهانی کە بەداخەوە ئامارەکانی ئێستا لەم بارەیەوە دڵخۆشکەر نین و رێژەکان لەخوار ئامانجی داواکراوەوەن، هەروەها ئامادەکاریی پێشوەختەشە بۆ روبەڕوبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕان و پیسبوونی کەش و هەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کە ساڵ لەدوای ساڵ کاریگەریەکانیان زیاتر لەسەر ژینگە و تەندروستیمان وەدیار دەکەون.
 لەهەمووی گرنگتر، بەشداری و هەماهەنگی کارای رێکخراوەکانی بواری ژینگە و فەرمانگەکانی تایبەتمەندی حکومەت و چالاکوانان و پاڵپشتیکارانی سەوزاییە کە لەسەرخستنی ئەم هەڵمەتەدا رۆڵیان هەبێ، لەپاڵ دابینکردن و چاندنی ئەو نەمامانە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سپۆنسەرییانە، ئەوانیش ببنە بەشێک لە پارێزگار و زیندوو هێشتنەوە و خزمەتکردنیان، هاوکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ژینگەیی رۆڵ ببینن. 
خۆزیا ئەو هەوڵە جوانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە بواری ژینگەییدا دەستی داوەتێ، لە نێو ئەو هەموو ئاڵنگاریانەی کە بەرۆکی کوردستانیان گرتووە، دەبووە نەریتێکی جوانی حزبایەتی و هەموان بەپێی توانا ساڵانە تیایدا بەشدار دەبوون، تا لە راگرتنی باڵانسی ژینگەیی و کاریگەرییە لاوەکیە درێژخایەنەکانی گەرم بوونی زەوی و روبەڕوبوونەوەی مەترسییەکانی ووشکە ساڵیدا بەیەکەوە هەموان هەماهەنگ و هاریکار بین.

وتاری زیاتر




ئیرادەی کوردانە، یان سەپاندن‬ مستەفا محەمەد
2022-01-29 18:23      121 جار بینراوە








عیراق وەک ئەفغانستانی لێدێت؟‬ مستەفا محەمەد
2021-08-19 10:56      161 جار بینراوە



















نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو