ئازاد ئیبراهیم

گەرمیان، لەپڕۆژەكەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی دا

  2022-06-11 16:06      75 جار بینراوە        کۆمێنت

لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بڕیاری دا كە تاكو ساڵیادێكی دیكەی یەكێتی، یەك ملیۆن نەمام لە سەرتاسەری كوردستاندا بڕوێنن، پاشان بە بۆنەی رۆژی جیهانی ژینگەیشەوە «6/ 6/ 2022» پەیامێكی بڵاوكردەوە و پێداگری لەسەر هەمان پرۆژەی یەك ملیۆن نەمامەكە كردەوە تاكو ساڵیادی داهاتوو. بەڵام ئەوەی تاكو ئێستا روون و دیارنییە بۆ هەموو كەسێك ئەوەیە ئەم ژمارە نەمام چۆن دابەشی سەر ناوچە جیاجیاكانی كوردستان دەكرێت؟
ژمارەی شەهیدەكانی یەكێتی
لە دوای راگەیاندنی ئەم پرۆژەیەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، بۆخۆم بیرم لەوە كردەوە كە وەك یەكەم پێوەری دابەشكردنی ئەم نەمامانە، سەرەتا رۆحی پاكی شەهیدەكانی یەكێتی بكرێتە بنەمای دابەشكردنی نەمامەكان، واتە هەر ناوچەیەكی كوردستان كە زۆرترین شەهیدی بەخشی بێت لە پێناو كوردستان و یەكێتی، زۆرترین رێژەی نەمامەكان لە ئەو ناوچەیەدا بڕوێنرێت، ئەمەش لەلایەك سوودێكی زۆری بۆ یەكسانی و روون مامەڵەكردنی یەكێتی هەیە لەگەڵ تەواوی خاكی كوردستان و رۆحی شەهیدەكانی، لەلایەكی دیكەشەوە نیشانەی ئەوەیە كە یەكێتی شەهیدەكانی خۆی لەبیرنەكردووە و بە شەهیدەكانی یەكێتی دەردەكەوێت كە یەكێتی شەهیدی بەخشیوەتە تەواوی خاكی كوردستان.
كەشوهەوای گەرمیان
بنەمایەكی بۆ دابەشكردنی نەمامەكان كەشوهەوای ناوچەكانی كوردستانە، ئەم بنەمایەیان بنەمایەكی جیهانییە و بە زانستی یان بە شێوەیەكی گشتیش لە جیهاندا ئەو ناوچانەی كە رووتەن و وشكن زیاتر دەكەونە پرۆژە و پلانی سەوزكردنەوە وەك هەر ناوچەیەكی دیكە.
كەواتە بە هەردوو بنەمای «ژمارەی شەهیدەكان» و «كەشوهەوای ناوچەكە» بێت، ناوچەی گەرمیان لە پێشترین ناوچەی كوردستانە كە پرۆژەكەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بیگرێتەوە و زۆرترین رێژەی نەمامی تێدا بڕوێنرێت. ژمارەی شەهید و ئەنفال و قوربانیانی گەرمیان بەلایەك و لەلایەكی دیكەوە ئەو كەشوهەوا وشك و سروشت كردەی كە بووەتە شوناس و پێناسی گەرمیان ئەو مافەمان پێ دەدەن بڵێین گەرمیان شایانی ئەوەیە زۆرترین ژمارەی نەمامی تێدا بڕوێنرێت و پشكی شێری پرۆژەكەی سەرۆك بافڵی بەربكەوێت.
دیدێكی واقیعیانە بۆ دابەشكردنی نەمامەكان
رەنگە ئەم دیدە بۆ پرسێكی وەها لە دوو تەوەردا لێكبدرێتەوە، یان وەك ناوچەگەرێتی سەیر بكرێت، یاخود وەك دیدێكی حزبی، بە پێچەوانەوە ئەم دیدە دیدێكی واقیعییە لەو روانگەیەوە كە لەبەرئەوەی سەردەم و زەمانێك ناوچەی گەرمیان و دانیشتوانەكەی قوربانییان بەم حزبە بەخشیوە، ئەوا ئێستا ئەو شانازییەیان پێدەبڕێت دووهێندەی رۆحی شەهید و زیاتر لە ژمارەی ئەنفالكراوەكان و چەندان هێندەی ئازاری ئەو خاكە نەمامی لەسەر بڕوێنرێت، ئەمەش دەریدەخات یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تەنها لە كات و ساتە هەستیار و پێویستەكاندا گەرمیانی لە بیرنییە، بەڵكو لەكات و ساتێكی ئاواشدا گەرمیانی لە بیرەو دەتوانێت دەستكاری ژینگەكەی بكات بۆ ژینگەیەكی سەوز و جوان و وەك ئەو یەكێتییەی كە بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت «یەكێتی سەوز دەبێت» هەم سەوزی لۆگۆ و هەم سەوزی ناوچەكە.
ئەگەر ئەم دوو بنەمایە بۆ تەواوی ناوچەكانی كوردستان بكرێتە دوو بنەمای جێگیر و كاری لەسەر بكرێت، رەنگە زۆرترین لێكەوتەی ئەرێنی هەبێت و دابەشبوونێكی هەم زانستی و هەم یەكسانیش بێت، هەم خزمەتی نیشتمانییە هەم حزبی، هەم خزمەتە بە رۆحی شەهیدەكانی یەكێتی و كوردستان، هەم خەمخۆرییە بۆ ژینگەیەكی سەوز و هەوایەكی پاك بۆ مرۆڤ.
بەپێی وەرز و خاكی شیاو نەمامەكان بڕوێنرێن
یەك ملیۆن نەمام لە ماوەی یەك ساڵدا، هەم ژمارەیەكی زۆرە و هەم كاتێكی باشیشی هەیە بۆ ئەوەی زۆر وریایانە و زانستیانە، بە راوێژی كەسانی پسپۆڕ، بە پێی وەرز و خاكی شیاو بۆ رواندن، كاری لەسەر بكرێت، بەمەش رەنگە كەمترین ژمارەی ئەو نەمامانە لەناو بچێت و شین نەبن.
كەشوهەوای گەرمیان نەك لە دوو ساڵی رابردوودا كە وشكەساڵی بووە و زیاتر كەشوهەوایەكی زۆر گەرم و تاقەت پڕوكێن بووە، بەڵكو بە هەمیشەیی و بە شێوەی سروشتكرد و هەڵكەوتە جوگرافییەكەی ناوچەیەكی گەرمە و پلەی گەرمی بەرزە، ئەگەر ئەم پرۆژەیە بە پێی ژمارەی شەهید و ئەنفالكراو و قوربانیانی گەرمیان لەلایەك و رەچاوكردنی كەشوهەواكەی لەلایەكی دیكەوە بڕوێنرێت، ئەوا دەتوانرێت گۆڕانكاری لە ژینگەی گەرمیاندا بكرێت.
بەنەریتبوونی ئەم پرۆژەیە
تاكو چەندە ئەم پرۆژەیە زانستی و یەكسان بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و لیژنەی پسپۆڕ و لێزان سەرپەرشتی بكات، كاریگەری تەواوی دەبێت لەسەر بیرو هزری تاك، رەنگە ئەم جۆرە پرۆژانە بۆ سەوزكردنی وڵات ببێتە نەریت لەلای سەركردەی حزبەكانی دیكە و رێكخراوەكان، ئەمەش یەكێكی دیكەیە لەو داهێنان و چارەسەرییە جوانانەی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشكەشی ژینگە و سروشتی كوردستانی كردووە، وەك چۆن چەندان چارەسەری پێشكەشی ژینگە سیاسییەكەی كوردستان كردووە لەپێناو كەشوهەوایەكی جێگیرو باشی كوردایەتی.

 

وتاری زیاتر


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو