دیداری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئاكتێكی حزبی و سیاسی بوو، له دۆخێكی ناسكی ناوخۆیی هه‌رێمه‌كه‌مان و دۆخێكی ئاڵۆزی عیراقی و ئیقلیمی و ته‌نانه‌ت جیهانیدا، سازكرا.
دیدار رووداوێكی گه‌وره و پێشهاتێكی گرنگه له ره‌وتی خه‌باتی سیاسی و رێكخراوه‌یی حزبه‌كه‌مان و گومان له‌وه‌دا نییه له رۆژژمێری یه‌كێتیدا جێگای تایبه‌تی ده‌بێت و له ئایندهی نزیك و دووردا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێ و سوود له راسپارده و ده‌ره‌نجامه‌كانی ده‌بینرێت.
دیداری ئایار ده‌رفه‌تێكی ناوازه‌ی بۆ كادر و ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌مان ره‌خساند له‌سه‌ر ورد و درشتی كایه‌كانی خه‌باتی سیاسی و جه‌ماوه‌ری، گیر و گرفته‌كانی ناوخۆی یه‌كێتی، په‌یوه‌ندیی نێوانی خه‌ڵك و حزب (ماسی و ئاو به قه‌ولی مام جه‌لال-ی ره‌حمه‌تی)، حوكمڕانی و ئاریشه گه‌وره‌كانی ئابووری و تۆرانی میلله‌ت و كزبوونی متمانه به ستراتیژ و ئامانجه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریی نیشتمانی و تاریكبوونی ئاسۆگه‌ی ئومێد به دواڕۆژێكی رووناك و ته‌نینه‌وه و به‌ربڵاوبوونی نیگه‌رانیی گشتی و ..تاد، قسه‌ی دڵی خۆیان بكه‌ن. هاوكات بڕیار به‌ده‌ستانی یه‌كێتیش ده‌ره‌تانی ئه‌وه‌یان بۆ ره‌خسا له نزیكه‌وه له ویست و حه‌ز و دیدگای یه‌كێتییه‌كان تێبگه‌ن، له وه‌ڕسبوون و هه‌راسانی جه‌ماوه‌ری حزبه‌كه‌مان حاڵی ببن، له نزیكه‌وه د‌رك به باری سه‌ختی گوزه‌رانی كادرانی حزب و ژیانی كوله‌مه‌رگیی جه‌ماوه‌ری ده‌ڤه‌ری كه‌سك بكه‌ن، فرسه‌تێك بوو بۆ سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كه‌مان گوێیان له بۆچوون و تێڕوانینی یه‌كێتییه دڵسۆزه‌كانی نیشتمانه‌كه‌مان بێت و له‌وه به‌ئاگا بێنه‌وه کە هه‌لومه‌رجی داسه‌پاو چیدی ته‌حه‌مول ناكرێت و پێویسته هه‌رچی زووه و به‌هه‌ر رێگە و ئامرازێك گونجاوه، شه‌ڕی برسیكردن و شه‌ڕی ده‌روونی دژ به خه‌ڵك كۆتایی پێبێت.
دیدار ئاكتێكی سیاسی بوو، یه‌كێتییه‌كان له مینبه‌ری دیداره‌وه و به ده‌نگی دلێر و روون و راشكاو به یار و نه‌یارانیان گوت: یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبی نیشتمانه، ویستی كادر و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی بریتییه له‌وه‌ی سیاسەتی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمان و به‌رژه‌وه‌ندیی دانیشتوانه‌كه‌ی دابڕێژێ، له خه‌باتی په‌رله‌مانیدا سازش له‌سه‌ر قازانجی خه‌ڵك نه‌كات، ئیراده‌ی میلله‌ت نه‌كاته قوربانی سات و سه‌ودای سیاسی، یه‌كێتییه‌كان بەبێ دوودڵی و به جورئه‌ته‌وه به سه‌رۆك و سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌یان وت: «سیاسه‌ت و ستراتیژێك په‌یڕه‌و بكه‌ن له خولی داهاتووی ههڵبژاردندنی گشتیدا گەرەنتیی بردنه‌وه بكات.
سه‌باره‌ت به هه‌وڵی تێپه‌ڕاندنی ته‌نگژه‌ی تایفی و نەتەوەیی عیراق به گشتی و قه‌یرانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومه‌ت، یه‌كێتییه‌كان وتیان: نابێت حزبی ئێمه بچێته ناو گه‌مه و گره‌وی دۆڕاوه‌وه، به‌ڵكو پێویسته به رێگەی دانوستاندن و دیالۆگی هێمنانه و پاراستنی بێلایه‌نی و تێكه‌ڵ نه‌بوون به ململانێی ناوخۆیی شیعە و ململانێی مه‌زهه‌بی، بێ ئه‌وه‌ی سازش له مافی یه‌كێتی بكرێت، پۆستی سه‌رۆك كۆمار بۆ حزبه‌كه‌مان یه‌كلاببێته‌وه.
كه‌واته دیداری یه‌كێتی رووداوێكی سیاسی گه‌وره‌یه، ده‌رووی داڕشتنی ستراتیژی نیشتمانیی ره‌خساندووه و سه‌ركردایه‌تی ده‌ستكراوه كردووه له وه‌رگرتنی بڕیار و دانانی سیاسه‌تی هه‌نووكه‌یی و سیاسه‌تی دوورمه‌ودا.
له‌لایه‌كی دیكەشەوه دیداری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان، جووڵه‌یه‌كی حزبیی تهعبهوی گرنگ بوو، ماوه‌ی پتر له سێ مانگە یه‌كێتییه‌كان به حه‌ماسه‌تێكی زۆره‌وه به‌شداریی كاریگه‌ریان له گفتوگۆكان و گۆڕینه‌وه‌ی بیروبۆچوونه‌كاندا كردووە و گه‌ڵاڵه و بیرۆكه‌ی نوێیان خستۆتە سه‌ر مێزی وتوێژی ناوخۆیی حزبه‌كه‌مان.
ئه‌م به‌شدارییه به‌رفراوانه نیشانه‌ی خوێنتێزانهوهیهكی نوێیه دوای رووداوه ناخۆش و نه‌ویستراوه‌كانی له جۆری هه‌ڵبژاردنی گشتیی عیراق و دابه‌زینی ئاستی بەشداریی ده‌نگده‌ران به یهكێتیهكانیشهوه، هەروەها شوێنەواری ئه‌و پاشه‌كشه‌یه له‌سه‌ر وره و وزه‌ی یه‌كێتییه‌كان، هاوكات پێشهاتی تهمموز و رووداوەکانی دواتری، گرژبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی یەکێتی و پارتی و كه‌ڵه‌وه‌كێشی و سه‌ركێشی و...هتد.
ئه‌م خوێتێزانهوهیه بۆ یەکێتی برانهوهیهكی گه‌وره‌یه، ئه‌گه‌ر حزبی ئێمه به باشی ره‌نێوی بێنێ، ئومێدی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی داهاتوو، بۆ سازدانه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی جه‌ماوه‌ری دڵسۆز و خۆنه‌ویستی یەکێتی، بۆ جۆشدانه‌وه‌ی كوانووی خه‌باتی سیاسیی جه‌ماوه‌ری په‌رله‌مانی، كه‌ڵك و سوودی گه‌وره‌ی هه‌بێت.