رەنگین شەهید عەبدوڵڵا

فەلسەفەی دیداری یەکێتی

  2022-05-31 21:14      100 جار بینراوە        کۆمێنت

مۆدێرنێتە وەک تەوژمێکی فیکری و ئایدیۆلۆژی جیهانێکی نوێ بۆ رێکخستن و پێشخستنی پرسیارە ئەنترۆپۆلۆژی و سۆسیۆپۆلۆتیکییەکان مانێفێست دەکات، جیهانێک تێیدا بۆ یەکەمین جار لە مێژووی ئیدارەکردن و پێشخستنی عەقڵی رەخنەیی دەیەوێ مرۆڤ بکات بە سەنتەری ئاڵنگاری و گۆڕانکارییە عەقڵانییەکان.
حزب یەکێک لەو داھێنانە کاریگەر و جەوهەرییانەیە کە لە هەناوی مۆدێرنێتەوە دێتە دەرێ، لێرەوە چیتر شار و گروپە جڤاکییەكان تەنها سەرقاڵی رەخنەگرتن و یاخیبوونە فەلسەفی و ئایدیۆلۆژیکییەکان نابن لە شارو وڵاتدا، بەڵکو هەوڵدەدەن لە چوارچێوەی حزبی مۆدێرنەوە کۆی پرسیار و رەخنە و پڕۆژە فیکرییەکان بکەنە گوژمەیەکی گرنگی بیرکردنەوەی دەستەجەمعی و هاووڵاتی و مرۆڤ بکەنە سەرچاوەی بەڕێوەبردنی وڵات و کاروباری دەوڵەت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هەموو پێوەرە فەلسەفی و زانستییەکان سەر بەو جیهانەیە کە مۆدێرنێتە رابەرایەتی دەکات، ئەگەر ورد سەرنج بدەینە مێژووی دروستبوونی یەکێتی بە روونی ئەو خاڵەمان بەرچاو دەکەوێ کە دەستەبژێرێکی رۆشنبیر و خوێندەوار هەوڵدەدەن کۆی پرسیار و رەخنە و پێشنیازە فیکرییەکان لە چوارچێوەی حزبێکی کراوەی سۆسیال دیموکراتدا بکەنە بەدیلی حوکمڕانییەکی فیوداڵی و کۆنەپارێز و پاوانخواز. 
دیداری یەکێتی پتر درێژکراوەی ئەو گورزە فیکرییەیە کە چەندین دەیەیە یەکێتی بەشدارییەکی چالاکی لە پێشخستنی پرسی مرۆڤ سەنتەری و بە عەقڵانیکردنی سیاسەت لە عیراق و ناوچەکە هەیە. 
دیداری یەکێتی پێش هەموو شتێک بەگەڕخستنی ماشینێکی گەورەی پرسیارکردن و رەخنەگرتنی ئەو دۆخە حزبیە بوو کە تێیدا تاکی کوردی دووچاری نائومێدییەکی سەخت و ئاڵۆز کردبوو. 
لە دیداری یەکێتیدا ئەوەی وەک شوناسی راستەقینە یەکێتی خۆی مانیفێست کرد کۆبوونەوەی کۆمەڵانی خەڵک و رەخنە و پێشنیاز و کردنەوەی دەرگای نوێی بیرکردنەوەی مۆدێرن بوو لە چوارچێوەی حزبدا، ئەوەی لە دیداری یەکێتی ئامانج بوو خودی حزب نەبوو بەڵکو عەقڵ و بیروڕای کادر و کۆمەڵانی خەڵک بوو پێکەوە کە دەرگایەکی نوێی بیرکردنەوە و تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستووی پڕۆسەی سیاسی و کاری حزبی کردەوە کە ئیدی دەتوانین بڵێین دوای دیداری یەکێتی مەحاڵە ھیچ پرسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە چەقبەستوویی بمێنێتەوە.
 بەڵێ، یەکێتی داھێنەری راستەقینەی پرسە سیاسییەکانە لە شاخەوە بۆ شار، ھێزێکە بێ بیرکردنەوەی دەستەجەمعی و کۆکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵک لە دەوری پڕۆژە فیکری و سیاسییەکانی مەحاڵە بتوانێ بەردەوامبێ.
لێرەوە ئەو خاڵە بە روونی دەرەکەوێت کە دیداری یەکێتی هەستانەوەی کۆی پرسە گرنگە ئینسانییەکانە، گرێدانەوەی شار و شەقام و گروپە جڤاکییە نیشتمانییەکانە لە دەوری هێزێکی سیاسی، دیداری یەکێتی بە تەنها هەنگاوێکی تەکنیکی نییە بەڵکو وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگە کە دەکرێ وەک تاکە فریادڕەسی پڕۆسەی سیاسی و حزبی لە هەرێم و عیراق و ناوچەکە وێنا بکرێت.

لە دیداری یەکێتیدا ئەوەی وەک شوناسی راستەقینە یەکێتی خۆی مانیفێست کرد کۆبوونەوەی کۆمەڵانی خەڵک و رەخنە و پێشنیاز و کردنەوەی دەرگای نوێی بیرکردنەوەی مۆدێرن بوو لە چوارچێوەی حزبدا

 

وتاری زیاتر





نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو