بڵێسە جەبار فەرمان

ئاکامی شکست و سەرکەوتن چۆن دەردەکەوێت؟

  2022-05-14 14:05      109 جار بینراوە        کۆمێنت
وشەی ستراتیج (Strategy)، وشەیەکی یۆنانییە بە واتای هونەری بەرێوەبردن دێت. 
Strato  بەواتای هێزی چەکداری دێت، سەرەتای وشەکە بۆ هونەری بەڕێوەبردن بۆ بەدەستهێنانی ئامانج لە جەنگ دا بەکارهاتووە.
دواتر ئەم وشەیە گۆڕانکاری بەسەردا هات و ئێستا وەک هونەری بەڕێوەبردن بۆ زۆرێک لە بابەتەکانی وەک پەیوەندی نێوان وڵاتان و سیاسەت و ئابووری و کۆمەڵایەتی و سەربازی بەکاردەهێنرێت.
بەشێکی گرنگ لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و حکومەتداری جگە لە بەڕێوەبردنی ناوخۆیی بریتییە لە سیاسەتی دەرەوە و شێوازی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان.
لەم سەردەمەی ئێستادا دەوترێت جیهان بۆتە لادێیەکی گەورە، ئەوەش بەو واتایەی هەموو جیهان بەشێوەیەک لە شێوەکان بەیەکەوە بەستراوەتەوە.
ئەو وڵاتانەی سیاسەتی دەرەوەیان بەهێزە بێگومان لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیاندا سەرکەوتوون و وڵاتەکەیان لە هەموو روویەکەوە سەقامگیرە.
پەیوەندی نێوان دوو وڵات بێگومان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش دەبێت. 
بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان دوو وڵات یاخود چەند وڵاتێک دەوڵەتمەدارانی وڵاتە دژ و دوژمنەکانیش لێک نزیک دەکاتەوە.
لە ساڵانی رابردوودا پەیوەندی و بەستنی گرێبەست و واژۆکردنی پرۆتۆکۆڵی نێوان چەندەها وڵاتی دژ بەیەکمان بینی.
بۆ نموونە پەیوەندی نێوان ئێران و چین و هاوپەیمانی نێوان ئێران و روسیا و چین. ئەم وڵاتانە لە رووی ئایدیۆلوژییەوە زۆر جیاوازن لە یەکتری و ئێران ئەو وڵاتانە بە کافر دەزانێت و لە زۆرێک لە دروشمەکانی دژ بەو وڵاتانەیە، بەڵام بۆ پەرەپێدانی ئابووری و پاڵپشتی نێودەوڵەتی ئەم وڵاتانە لەسەر بنەمای ستراتیج و بەرژەوەندی هاوپەیمانن.
ئەم هاوپەیمانیانە بەو واتایە نییە کە ئێران لە سیاسەتی خۆی لایدابێت و تەسلیم بە ئیرادەی روسیا و چین بووبێت.

هەر لایەنێک نەتوانێ خوێندنەوەی هەمە لایەنە بکات بۆ کات و شوێن و قووڵایی ستراتیجی خۆی، لە میانی پیادەکردن و بەڕێوەبردنی دۆسیەکاندا بەشکست لێی دێتە دەرەوە

پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی ئیسلامی
لە دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ئەم دەوڵەتە بە دوژمنی خۆیان دەزانن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ساتی دروستبوونییەوە پەیوەندی ستراتیجی کۆیاندەکاتەوە.
ئوردن نیوەی دانیشتوانەکەی بە رەچەڵەک فەلەستینین و ئاوارە بوون. تەنانەت مەلیکە رانیای خێزانی شا عەبدوڵڵا بە رەچەڵک فەلەستینییە، بەڵام ئەمە رێگر نییە لەوەی پەیوەندی ستراتیجی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و پەرەپێدانی ئابووری و سەقامگیری بەرنامەی پاراستنی ژینگەی هاوبەش.
پەیوەندی ئیسرائیل و تورکیا کە هەردووکیان خۆیان بە دوو میحوەری جیاواز دەزانن و لە رووی ئایدولۆژییەوە دوژمنی یەکترین، بەڵام پەیوەندی ستراتیجی لە نێوانیاندا هەیە. واتا لەگەڵ ئەوەی بە رووکەش دوژمنی یەکترین بەڵام دەست دەخەنە ناو دەستی یەکتری و بۆ بەرژەوەندی وڵاتەکانیان پرۆتۆکۆلی کاری هاوبەش واژۆ دەکەن.
سیاسەتی حەکیمانە و ستراتیجی لە پەیوەندی واتا بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ نەیار و دوژمندا بدۆزیتەوە و بتوانیت لەسەر بنەمای پاراستنی ئەو بەرژەوەندییانە پرۆتۆکۆل واژۆ بکەیت و بەرژەوەندی وڵاتەکەت بپارێزی و پەرەی پێ بدەیت. 
گەر بێت و بەراوردی دوو وڵاتی زلهێزی خاوەن دەسەڵات و نفوسی ناوچەکە بکەین کە تورکیا و ئێرانن، یەکێکیان ئەندامی ناتۆیە و ئەوەی تریان ساحێبی ئەتۆمە. 
لەگەڵ ئەوەی ناکۆکی و منافەسەی زۆر لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا هەیە لەسەر نفوز و باڵادەستییان لە سوریا و ئاسیای ناوەڕاست، بەڵام هەندێک بابەتی گرنگ توانی پەرە بە پەیوەندی ستراتیجی و دیپلۆماسی نێوانیان بدات و واز لە زمانی زبری شەڕ بهێنن.
ئەم دوو وڵاتە کە رابەرایەتی دوو رەوتی جیاوازی ئیسلام دەکەن و هەوڵی سەپاندنی نفوزی خۆیان دەدەن لە وڵاتانی دراوسێ، بەڵام بابەتی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە لەلایەکەوە ئابوورییە و لە لایەکی تریشەوە دژایەتی کوردەکان و پاراستنی سنوورەکانیانە. 
ئەم دوو وڵاتە لەسەر سیاسەتی دژایەتیکردنی یەکتری بەردەوامن و پلانی ستراتیجی خۆیان بەرانبەر بە یەکتری نەگۆڕیوە.
ئێستاش دژایەتیکردنی یەکتریان هێناوەتە ناو خاکی عیراقەوە، چ لە رێگای دەستتێوەرادنی سەربازی سەر سنوورەکانی کوردستان و چ لە رێگای پەرلەمانی عیراق و پەکخستنی دروستبوونی کابینەی نوێی حکومەتەوە، بەڵام ئەمان هیچی رێگر نین لەوەی لەسەر ئەو پرۆتۆکۆلە ئابورییەی واژۆیان کردووە لە بەرژەوەندی هەردوولا بەردەوام بن.
لێرەدا دەمەوێت تەماشایەکی پەیوەندییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و لایەنەکان بکەین.
ئایا پەیوەندی هەرێم و وڵاتانی تر لەسەر بنەمای ستراتیج و بەرژەوەندیی دوولایەنەیە یاخود تەسلیم بوون و خۆفرۆشتنە.
ئایا گرێبەستەکانی تا ئێستا کراون بوونەتە هۆکاری بوژاندنەوەی هەرێم و پاراستنی پێگەکەی.
ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە هەرێمی کوردستان ئازاد کراوە و  ماوەی17 ساڵە بە پێی دەستووری عیراق هەرێمێکی سەربەخۆیە. 
ئەم سەربەخۆییە رێگای پێداوە گرێبەست و پرۆتۆکۆلی تایبەت بە خۆی لەگەڵ لایەن و وڵاتدا واژۆ بکات.
لە رووی جیۆپۆلەتیکەوە کە دراوسێی دوو وڵاتی زلهێزی ئێران و تورکیاین و لە رێگای فرۆشتنی نەوتەوە دەرگای بازاڕی جیهانمان بەڕوودا کرایەوە.
هەروەها شەڕی دژ بە تێرۆریستانی داعش کە بە هەمان شێوە فاکتەرێکی سەرەکی بوو بۆ گریبەست و پەیوەندی ستراتیجی.
ئێمەی کورد و هەرێمی کوردستان لە هیچ کام لە پەیوەندییە ستراتیجییەکاندا سەرکەوتوو نەبووین و هەر گرێبەست و پەیوەندییەکمان کردبێ بە تەسلیمبوونی تەواوەتیمان بە بەرژەوەندی بەرانبەر کۆتایی هاتووە.
هۆکاری ئەمەش بە پلەی یەکەم بۆ نەشارەزایی و دڵسۆز نەبوونی سەرکردەکان و رەچاوکردنی بەژەوەندی خۆیان و دژایەتی کردنی یەکتری دەگەرێتەوە.
نەبوونی ستراتیجیەت و خاڵی هاوبەش و بەرژەوەندی دوولایەنە  لە سیاسەتی دەرەوەی هەرێم بە روونی دەبینرێت. 
لە پەیوەندی نێوان وڵاتان و حکومەتەکاندا ستراتیجی هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ دژیەکی پەیوەندی قووڵ هەیە.
هەر لایەک بە ستراتیج و دیراسەوە دەچێتە ناو هەر پرۆتۆکۆڵ و رێکەوتنێکەوە ئەنجام لە بەرژەوەندی خۆی بەدەست دێنێ.
بەڵام هەر لایەنێک نەتوانێ خوێندنەوەی هەمە لایەنە بکات بۆ کات و شوێن و قووڵایی ستراتیجی خۆی، لە میانی پیادەکردن و بەڕێوەبردنی دۆسیەکاندا بەشکست لێی دێتە دەرەوە.

ئێمەی کورد لە پەیوەندییە ستراتیجییەکاندا سەرکەوتوو نەبووین و هەر گرێبەست و پەیوەندییەکمان کردبێ بە تەسلیمبوونی تەواوەتیمان بە بەرژەوەندی بەرانبەر کۆتایی هاتووە
هەرێمی کوردستان بۆ هیچ لایەک لەلایەنە پەیوەندیدارەکان لەناوخۆی عیراق و وڵاتانی دەوروبەریشدا بەو حوکمەی قووڵایی ستراتیجی نەبووە، تێیدا سەرکەوتوو نەبووە. 
هەرێمی کوردستان بۆتە بازاڕی ساخکردنەوەی هەموو جۆرە بەرهەمێکی وڵاتان و بێ هیچ دەستکەوتێک بۆ هەرێم. 
نەوت و غازی هەرێم بۆتە سەرچاوەی داهات و هێز بۆ وڵاتانی تر و بێ ئەوەی تەنانەت بووبێتە سەرچاوەی داهاتێکی بەهێز بۆ ناوخۆ و یاخود هیچ نەبێت پێداویستی ناوخۆیی پێ پڕبکرێتەوە.
هەرێمی کوردستان دەیتوانی لە زۆر رووەوە پرۆتۆکۆلی بەهێز لە بەرژەوەندی هەرێم واژۆ بکات، بەڵام ئەمانە روویان نەداوە.
ئەم بابەتە هەڵگری دیراسە و توێژینەوەی زانستی سیاسییە و وەک دەروازەیەک ئەم بابەتەم ئاماژە پێکردوە.

وتاری زیاتر






راپەرین بۆ كرا‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2022-03-05 13:45      87 جار بینراوە



دادگای ئیتحادی بڕیاریدا‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2022-02-06 20:16      138 جار بینراوە





کارەبا بەرانبەر بە ئاو‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2021-11-22 21:23      120 جار بینراوە















نەوەی چوارەم لە جەنگ (4GW)‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2021-03-08 21:28      226 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو