یەکێک لەھەرە خەسڵەتە دیار وگرنگەکانی شۆرشی نوێی گەلەکەمان بە رابەرایەتی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان ،ئەو پانتاییە ئازادی رۆناکبییریە بوو کە شۆرش رەخساندبووی وکەش وھەوایەکی وەھای ھێنابوە کایەوە ،چەندین رێکخراوی پیشەیی لە ناوچە رزگار کراوەکاندا دروست ببن وکاری خۆیان بکەن . گومانی تێدا نییە بەشێکی ئەندامانی ئەو رێکخراوانە ئەندامی حیزبی بون وپێشمەرگە بوون ، بەڵام ژمارەیەکی باشیشیان خەڵکانی بێلایەن وناحیزبی بوون . ئەو پانتاییەوگرنگی دان بەروناکبیری وخۆ رۆشنبیرکردنە ، وای کردبوو بزاوتێکی چالاکی کاری رۆژنامەگەری وچاپ کردنی بابەتی سیاسی وفیکری وئەدەبی وھونەری دروست بێ ، جگە لە بڵاوکراوە حیزبییەکان کە لە چاپخانەکانی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان دەردەچون وھەروەھا بڵاوکراوەی باڵەکانی یەکێتی ، کۆمەڵەی رەنجدەران و یەکێتی شۆرشگێران ، کە خۆیان لەچەندین رۆژنامەو گۆڤار سەدان نامیلکەو کتێبدا دەبینییەوە ، مەڵبەندەکانی یەکێتیش گوڤار ومانگنامەی خۆیانیان بڵاو دەکردەوە ، ئەمە جگە لەھەندێ بڵاوکراوەی تر کە لەڕێی تاکە کەسەوە بڵاودەکرانەوە ، ئەو رێکخراو گروپانەی لەشاخ بوون ، بڵاوکراوەو گۆڤاری تایبەت بەخۆیان ھەبوو ، وەک یەکێتی نوسەرانی کوردستان ویەکێتی مامۆستایانی کوردستان وخوێنکاران ویەکێتیی ھونەرمەندانی کوردستان — کۆمیتەی شاخ وتیپی مۆسیقای شەھید کارزان . یەکێک لەو گۆڤارە تایبەتمەندانەی لەشاخ دەرچوو ، گۆڤاری ھۆرە بوو کەتایبەت بوو بە مۆسیقا ولەلایەن یەکێتی ھونەرمەندانی کوردستان - کۆمیتەی شاخ بە ھاوکاری راستەوخۆو کاریگەری تیپی مۆسیقای شەھید کارزان دەردەکرا . بیرۆکەی دەرچواندنی گۆڤارێکی لەم بابەتە، ھینی ھەردوو ھونەرمەند مامۆستا دلێر ئیبراھیم وسالار ئەحمەد بوو ، مەبەست لەدەرکردنی گۆڤارەکە بڵاوکردنەوەی رۆشنبیریی ھونەری مۆسیقاو گرنگی دان بوو بەھەندێ بابەت وکەسایەتی تایبەت بەو بابەتە . ھونەرمەند مامۆستا دلێر ئیبراھیم وشوان کەریم کابان دەستەی نوسەران بوون ، بەشێک لە ئەندامانی تری تیپی مۆسیقای شەھید کارزان کاریان تێدا کردوە ، وەک ھونەرمەندان ، ئاراس ئیبراھیم ، ھوشیار ئەحمەد ، سیار بامەرنی ، رزگار ئیسماعیل . جگە لەو بەڕێزانە ، چەند بەڕێزێکی تر کاری چاپیان تیدا کردوە ، لەوانە بەختیار حەمە شەریف وبەختیار عومەر . گۆڤارەکە بایەخێکی شایستەی بەبوارەکانی تایبەت بە مۆسیقا داوە ، لەوانە سرودە کوردییەکان ، مێژوو ، سەمفۆنیا ، ئامێرە موسیقییەکان ، ھونەرمەندە شەھیدەکان ، بابەتی لێکۆڵینەوە ، وەرگێڕان . چوار ژمارە لەم گۆڤارە دەرچوە ، ژمارەی یەک لە کانونی یەکەمی ١٩٨٥ ، ودووەم لە ئابی ١٩٨٧ لە بەرگەڵو، ژمارەی سێ وچواری بەیەکەوە لەشاری سەقز دەرچوون وھەر چوار ژمارەکە لە چاپخانەی شەھید ئیبراھیم عەزوو چاپ کران . بۆ ھەردوو ژمارەی سێ وچوار خاتوو ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد ھاوکارییەکی بەرچاوی ماددی پێشکەش کرد . دەرچواندنی ئەم گۆڤارە لەو بارودۆخەدا ، بەیەکەم ھەوڵ ئەژمار دەکرێت لەمێژوی شۆرشەکانی کوردستاندا .