شۆڕش یان بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی کوردستان، زادەی هەلومەرج و پێویستی قۆناغە مێژووییەکان بوون و ئاشەکەیان هەمیشە بەخوێن و فرمێسک گەڕاوە.
شۆڕشی نوێش کە لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول هەڵگیرساوە، ئەگەر نەڵێم تا راپەڕینی 1991 ئەوا ئەو پەڕەکەی تا رووخانی رژێمی سەدام درێژەی کێشاوە.
لەوێ بە دواوە هەلومەرجەکە گۆڕاوە و بزووتنەوەکە چۆتە قۆناغێکی نەخشە بۆ کێشراو و نوێ، شوڕش یان لایەنە شۆڕشگێڕەکان دەسەڵاتیان وەرگرتووە، دوای هەڵبژاردن و دامەزراندنی دامودەزگا میرییەکانیش قۆناغەکە لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕییەوە گواستراوەتەوە بۆ قۆناغی شەرعییەتی یاسایی. ئیدی هەر کارێک بە ناوی شۆڕش و شۆڕگێڕێتییەوە کرابێ جێگای گومان و تێڕامانە، چونکە ھەندێک جار بەو پاساوەوە گەندەڵی و تەنانەت تاوانیش کراوە!
بۆ شەرعییەتدان بە کاری ناڕەوا و پەنابردنە بەر چەمکی شۆڕش و شۆڕشگێڕێتی، لە لایەک سووکایەتیکردنە بە مێژووی پڕ لە سەروەریی و لە لایەکی دیکەشەوە درێژەدانە بە گەندەڵی و بێسەروبەری و وەرگرتنەوەی کرێی رابردووە بە سەدان قات.
لام سەیرە هەندێک کەس بە مەبەست یان لە نەزانییەوە هەردوو قۆناغی خەبات و دەسەڵاتداریی تێکەڵی یەکتری دەکەن و رابردوو بە چاوی ئەمڕۆ وێنا دەکەنەوە.
کارێکی نەشیاوە ئەو هەموو پێشکەوتن و گۆڕانکارییە گرنگ و مێژووییانەی دوای راپەڕین و رووخان لە بەرامبەر گەندەڵی و هەڵە و کەموکووڕییەکان نادیدە بگیرێن.
لە کاتێکدا هەندێ لە گەندەڵکارە زەبەلاحەکانیش، ئایا لەبەرئەوەی هێشتا بە بەشی خۆیان قایل نین یان بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکە کە دەنگیان هەڵدەبڕن و تفەنگیش بە رابردووەوە دەنێن. ئەوانەش هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ ئەوانەدا نییە کە دەیانەوێ ئاییندەی پڕ لە ناز و نیعمەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات نەک هەر بۆ خۆیان، تەنانەت بۆ نەوەکانیشیان مسۆگەر بکەن.
سەیرەکە ئەوەیە هەردوو لایەن واتە ئەوانەی دەیانەوێ بە پاساوی رابردووی خۆیان تا سەر باژۆن و ئەوانەیش کە لە داخی قۆناغی دەسەڵاتداریی لە رابردوو پەشیمانن ئاو دەکەنەوە یەک ئاش و ستەم لە مێژووی راستەقینەی گەل دەکەن.
دیارە چی کراوە و چی دەگوزەرێ، بەڵام هێشتا کاتی حەق و حساب ماوە و ئەو رۆژەش دێ کە رەش و سپی لە یەکتری جیا بکرێتەوە.
ئەو کات نە پاساوی شۆڕشگێڕیی، نەخۆ بە فریشتە پیشاندان و سڕینەوەی دەستی چەوریش بە سمێلی خەڵکیتر دادی کەس نادات.