
نالی محەمەد
رۆڵ بینینی ئایكۆنێكی گەنجی وەك (بافڵ تاڵەبانی) لەناو دنیایەكی پڕ كێشەو بەیەكدادانی هێزەكان
2022-03-31 11:27     56 جار بینراوە      کۆمێنت
بافڵ تاڵەبانی، كارەكتەرێكی نیشتمانیی
رۆڵ بینینی ئایكۆنێكی گەنجی وەك (بافڵ تاڵەبانی) لەناو دنیایەكی پڕ كێشەو بەیەكدادانی هێزەكان، لەناو ئەجێندای زۆرو جیاوازی تەیارو ئاراستەی ئایدیۆلۆژیو مەزهەبیی جیاواز، بۆ زۆر كەس و لایەن شۆكێكی گەورەیە، چونكە پرۆسیسی تێگەیشتن لەسروشتی كێشەو ناكۆكییە عێراقیەكانو هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دەرچە لە توانای ئەو كەسایەتیانەدایە، كە ئەزموونو تەمەنیان لەناو هاوكێشەكانی ئەو پرۆسەیەدا بەسەر بردبێت، بەڵام بافڵ تاڵەبانی بە خاكییو سادەییەوە، بە زمانێكی جەستەی سەرنجڕاكێش توانی لەماوەیەكی كەمدا، لە یەككاتدا درك بە سروشتی هاوكێشەكانو بكاتو پارێزگاریی لەسەربەخۆیی سیاسییو هاوسەنگی لە مامەڵەكردن لەگەڵ لایەنە ناكۆكە عیراقییەكان بكات، چونكە لەسایەی ئەو دۆخە ئەنارشسیستو پۆپۆلیستیەی هەڵبژاردنی پێشوەخت هێناویەتە ئاراوە، رێكردن لەگەڵ هێزە نوێیەكان ئەوەندە ئەستەمە، مەگەر بە (بافڵ تاڵەبانی) بكرێـتەوە.
مەحوی شاعیر جوانی فەرمووە "فەزیڵەی ئەسڵو فەسڵ ئینسانی پێ نابێ بە ساحێب فەزڵ"، ئەسڵیش وایە، كەسایەتی سیاسیی ئەگەر خۆی لە بنەڕەتدا هەڵگری تایبەتمەندییەكانی سەركردە نەبێت، ئەسڵو فەسڵەكەی نابێت بە سەرچاوەی هێز بۆی، ئەوە تایبەتمەندیە كەسیەكانی خودی (بافڵ تاڵەبانی)یە، كە نەك هەر لە ئاستی ناوخۆیی یەكێتیو لەسەر ئاستی رێكخراوەییو حزبیی توانیویەتی بە رۆڵی گەورە هەستێت، بەڵكو لەسەر ئاستی عیراقیش بووە بە كەسێكی نیشتمانیی، ئەم وەرچەرخانە گەورەیە لەژیانی كەسایەتیەكی ناوخۆییدا تەنها بۆ یەكێتی گرنگ نیە، بەڵكو بۆ كوردیش دەبێتە ئومێدێكی درەوشاوە، كە بەداخەوە دوای كۆچی مام جەلال لە پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان حزبەكان ئەو درزو بۆشاییە گەورەیە بە تەواوەتی رەنگیدابۆوە. بەتایبەت لە دۆزینەوەی دەرچەو تێپەڕاندنی ئەزمە قوڵەكان، كە كەسایەتی بافڵ تاڵەبانی لەو بوارەدا زۆر سەنگینو بێ شۆو نمایش توانای تێپەڕكردنی قەیرانو ئەزمە قوڵەكانی هەبووەو لەو ئاستەشدا هێزە عیراقیەكان شایەدیە گەورەكەی بۆ ئەدەن.
ئەدەبیاتی سیاسی جیهانی لە هەڵسەنگاندنی سەركردەدا چەندین خاڵی گرنگ بە بنەما ئەگرێت كە ئەبێت لەسەركردەو رابەردا رەنگبدەنەوە، لە گرنگترین ئەو تایبەتمەندییانە كە لە كتێبی (پرسی كەسایەتی) وەك نموونەی كەسێتی سەركردە ئاماژەی پێكراوە "متمانە بەخۆبوونو سوربوونە لەسەر بیروباوەڕو هەڵوێستە سیاسییەكان، پەسەندكردنی لەئاستی ناوخۆییو دەرەكی، خاوەندارییەتیو وەریسی هێزێكی گەورەی مێژووكرد، راستگۆییو پابەندی لە بەڵێنو كردار، ئاگاییو هۆشیاریی گەورە لە روداو و پێشهاتو هاوكێشەكان، وەلانانی دڵڕەقی كەسییو خۆ بەدوورگرتن لە سیاسەتی نەفیكردنی ئەوانی تر"، لە واقعیشدا تەواوی ئەو خەسڵەتانە لە كەسایەتیو جوڵە سیاسیەكانی ئەم ماوەیەی (بافڵ تاڵەبانی)دا رەنگیداوەتەوەو بۆ هەمووانی سەلماندووە، كە ئەهلی باوەڕو متمانەیە بۆ هەموو هێزەكانو ئەتوانێ رێگا راستەكە نەك هەر بدۆزێتەوە، بەڵكو ئەوانی تریش بخاتە سەر هەمان ڕێ .