ئامانج لەهەڵبژاردنی پێشوەختە چاکسازیی و نوێبوونەوەی سیستمی سیاسیی عیراق بوو، نەک لە گرێژنە دەرهێنانی ئەوەش کە لە ١٨ ساڵی رابردوودا بنیاتنراوە. لەسەروو هەموو ئەوانەشەوە دەستووری تەوافوقییە.
چەمکی تەوافوق کە لە عیراقی نوێدا لەسەر دەستی سەرۆک مام جەلال تەبەنی کرا، لە سەروبەندی هەموو ئاڵۆزییەکانی چەند ساڵی رابردووشدا هەر دەستگرتن بەو چەمکەوە بۆتە مایەی لەبەریەک نەترازانی عیراق.
جووڵەکانی ئێستا و رابردووی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی چەند لێکەوتە و دەرهاویشتەیەکی لێ دەخوێنرێتەوە لەسەر هەموو ئاستەکانی یەکێتی و هەرێمی کوردستان و عیراق و ئیقلیمیش کە مایەی هەڵوێستە لەسەرکردنن:
*لەسەر ئاستی یەکێتی پابەندیی خۆی بە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی یەکێتی و پێداگریکردن لەسەر ئیستیحقاقە ئینتیخابییەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دووپاتکردەوە و هەروەک هەموو ئەو دەنگۆیانەی بەدرۆخستەوە کە لە زڕە میدیاکانەوە باسیان لە رێکەوتن و سەودای ژێربەژێر دەکرد لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمار و مافەکانی یەکێتییەوە.
هەنگاوەکانی هەڤاڵ بافڵ ئەوەشی بۆ هەموولایەک سەلماند کە یەکگرتوویی بڕیاری سیاسی لەناو ی،ن،ک-دا دەتوانێت بە ١٨ کورسیی پەرلەمانییەوە کاریگەریی خۆی دروست بکات و لۆبی گەورە بۆ راوبۆچوونەکانی بکات.
*لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش کاتێک هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: "یەکێتی هیچ ئیرادەیەکی سەپێنراو قبووڵ ناکات"، ئەوە ئەو هەنگاوەیە کە خەڵکی کوردستان چاوەڕوانین بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگیی سیاسی و نەسەپاندنی تاکە ئاڕاستەیەکی سیاسی بەسەر کۆی هەرێمی کوردستاندا.
بە دیوێکی دیکەشدا پەیامێکە بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش کە ئیتر زەمەنی عەنتەرێتی و خۆسەپاندنی بەزۆر بەسەر هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکاندا گوزەشت، لەمەودوا یەکێتی خاوەنداریی لە فرەڕەنگی و فرەدەنگیی و دیموکراسی دەکاتەوە و ناهێڵێت کوردستان بەرەو سیستمی تاکڕەوی سیاسی ببرێت بەناوی زۆرینەی پەرلەمانی و قۆرغکردنی کایەی دارایی و ئابووریی کوردستانەوە.
*لەسەر ئاستی عیراقیش جووڵەکانی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی بەو ئاراستەیەیە کە یەکێتی بە پشتبەستن بە چەمکی تەوافوق و سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال دەیەوێت کورد و هەرێمی کوردستان شەریکێکی فیعلیی پڕۆسەی سیاسیی عیراق بێت و کورد وەک سەردەمی سەرۆک مام جەلال یەکگرتوو سەنگینانە لە بەغدا بێت و ببێتە پارسەنگێک بۆ هاوکیشەی عیراق نەک ببێتە سەنگێک لە تایەکی تەرازووەکە و عیراق لە بەرژەوەندیی لایەکی هاوکێشەکەدا قڵپ بکاتەوە.
*لەسەر ئاستی ئیقلیمیش دیمەنەکە زۆر روونە کە لە ژێر پەردەی "زۆرینەی نیشتمانی" و زۆرینەی پەرلەمانییەوە خەریکە عیراق دەخرێتە گێژاوی ململانێ ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانەوە، کە ئەوەش ئەو تێزەیە کە هەر لە سەرەتای عیراقی نوێوە و لە سەردەمی ئەنجومەنی حوکمەوە یەکێتی و شەخسی سەرۆک مام جەلال و زۆرینەی سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان و لایەنەکانی دیکەی بەشداریش لە حوکمڕانیی عیراق لە بەغدا تا ئەوپەڕی هەوڵیانداوە خۆیان نەخەنە ململانێ ئیقلیمییەکانەوە و عیراق نەکەنە گۆڕەپانی ئەو ململانێیانە، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێت پێچەوانەکەیەتی کە بەر لە عیراق ماڵوێرانی سەرەتا بەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگرێت.
دەکرێت جگە لە یەکێتییەکان، لایەنە سیاسییەکانی دیکەش بەگشتی پاڵپستیی جووڵەکانی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی بن بۆ رێگریی لە سەپاندنی ئیرادەیەک لە دەرەوەی ئیجماعی کوردی و دەستگرتن بە چەمکی تەوافوق و مافە دەستوورییەکانی هەرێم لەسەر ئاستی عیراق و تێوەنەگلاندنی خاک و گەلی کوردستان و عیراق لە ململانێ ئیقلیمییەکانەوە.